مام جەلال

‌كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا


هیچ سەرکردەیەکی کورد، وەکو ساڵ، ئەوەندەی مام جەلال تەمەنی لەناو سیاسەت و ململانێدا نەبردە سەر. ساڵی ۱۹٤٦ تا ۲۰۱۲ مەسافەیەکی زۆر زۆرە کە پڕیەتی لە ڕووداوی گەورە.

پیاوێک بوو بەرهەمی شکست و دۆڕان و هەستانەوەو بەردەوامیی.

سەرکردەیەک بوو بە تەواوی مانا کراوەو واقیعبین. شارەزایەکی تەواوی مێژوو و جوگرافیا و رەوشی کۆمەڵایەتی کۆمەڵی کوردەواریی بوو.

لە یەک کاتدا زۆر لۆکاڵیی و زۆریش جیهانیی بوو.

لە یەک کاتدا دەیتوانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان بە سەرمایەدار و کۆمۆنیستەوە تا بە عەلمانیی و ئیسلامییەوە مامەڵە بکات، رۆژی دواتر لەگەڵ  سەرۆکخێڵێکدا دابنیشێ و بە نەریتە باوەکەی خۆی، هەمووان رازی بکات.

عاشق و شەیدای دەسەڵات بوو، بەڵام رێگاکانی گەیشتن بە دەسەڵاتی وەکو سەرکردەکانی تری شەرقیی نەگرتووەتەبەر. بۆ نموونە کوشتنی هاوڕێ و هاودەستەکانی خۆی.

بە کورتیی مام جەلال وزەیەکی جیهانیی بوو لەناو جوگرافیایەکی داخراوی وەکو کوردستاندا.

پیاوێک کە ئەوەندە گرنگ و بزێو بلیمەت بووبێ، ئەی بۆچی بەرهەمی ئەو هەموو ساڵەی لە سیاسەت و تێکۆشان و خەباتدا، هێندە لاواز و شپرزە و خراپە؟

ئایا مام جەلال بەرپرسیاری یەکەمە لە هەلومەرجی کوردستان بە گشتیی و سلێمانی و حزبەکەی بە تایبەت؟

بێگومان بەشی هەرەزۆری ئەم هەموو خراپەکارییەی ئەمڕۆ، لە ئەستۆی ئەم پیاوە گرنگ و بزێوەی کورددایە. 

دابەشکردنی رۆڵ و لە ئەستۆنانی بەرپرسیارێتی، بە پلەی یەکەم لەسەر دەستی ئەو و بە میزاجی ئەو بووە.
مام جەلال ئەندازیارێکی سەرەکی توند و شلکردنەوەی شەڕ و ململانێیکان بوو. بۆ ئەمەیش میزاجێکی سەیری هەبوو کە دواجار بە شکستی گەورە بۆ خۆی و حزبەکەی و ناوچەو نفوزی شکاوەتەوە.

سازشکارێکی سەیربوو، کەچی بەردەوام دەبوو لە ململانێ و مانەوە!

مێژووی شەخسیی مام جەلال، بریتییە لە هەڵە و پەڵە، سەرکەوتن و هەستانەوە و هەندێجاریش موعجیزە خولقێن. مێژووی ئەم پیاوە بەشێکی گەورەی مێژووی کوردە، بۆیە دەبێ کوردانە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ نەک حزبییانە کە تێکەڵبێ بە رق و کینە، یان خۆشویستنێکی کوێرانە.

وەسفێکی شێرکۆ بێکەس هەیە بۆ مام جەلال کە من زۆر پێمجوانە دەڵێ: دڵی مام جەلال لە دڵی منداڵ دەچێ، بەو پیرییەشەوە پاک و بێکینەیە. بۆیە گرنگە باسی مام جەلال بەبێ کینە بنووسرێتەوە، ئەمە بە مانای چاوپۆشیی نا لە هەڵەو پەڵە و خراپییەکانی کە بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە تۆماری کردوون.

لەناو سەرکردەکانی سەدەی بیستی کورددا، مەلا مستەفا و شەهید دکتۆر قاسملوو و مام جەلال توانیویانە سنووری کوردستان و ئیقلیمیی تێپەڕێنن و ببنە کەسایەتی جیهانیی، بۆیە بەشی زۆری ئەو هەڵانەی کە ئەمجۆرە سەرکردانە دەیکەن، ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو گەورەبوونەی بازنەی ناوبانگەوە هەیەو زۆرجار گرنگیی کۆمەڵگەکەی خۆیان لە بیر دەچێتەوەو هەڵپەی دەرەوەیان زیاترە تا ناوخۆ.


PM:01:13:03/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 2528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی