دایکم لەگەڵ خۆیدا گولـلـەکەی بردە ژێر گڵ!

‌كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا


ئەو ئێوارەیەی سلێمانی ئازاد کرا، باران نم نم دەباری. ئاسمانی باریکە... کە ئەو کاتە ماڵمان لەوێ بوو... یەکپارچە بوو بە ئاگر، ریزە فیشەکی گڕدار لەگەڵ تەڵقە تەنوورە لە ئاسماندا دەتووت بریسکەن و دەدرەوشێنەوە.

ئێمە لە پەنجەرەی جامخانەکەمانەوە سەیری دەرەوەمان دەکرد، بەڵام دایکم زوو زوو دەیبردینەوە ژوورەوەو دەیوت نەکا گولـلـەیەکی وێڵ لێتان بدات.

دایکم لە حەوشەکەی خۆماندا جلی دەشۆرد بە ئاوی ئەو باراناوەی گلی دەدایەوە... باریکە ئاوی زۆر کەم بوو. کە باران دەباری خەڵک بەرمیلی دەخستە بەر پلوسک و چۆڕاوەی سەربان تا بەو ئاوە جل و ناوماڵ و هەندێجار قاپوقاچاخیش بشۆرن... ئەو ئێوارەیە بێ ئەوەی خۆش بکاتەوە باران هەر دەباری.

من و دوو خوشکەکەم... شادیە و نادیە... لە شووشەی جامخانەکەوە سەیری دەرەوەمان دەکرد، چاوم لێی بوو دایکم هەستایەوە سەرپێ و دەستی بە کەلەکەیەوە گرت، تۆزێک بە پێوە وەستا و ویستی دابنیشێتەوە بەڵام نەیتوانی و ئەمجا هاتە ژوورەوە. وتی ئەوە کێ بوو ئەو بەردەی کێشا بە پشتما؟ کاوە تۆ بووی؟

ئێمەحاشامان لێکرد و وتمان هەر نەهاتووینەتە دەرەوە، دایکم چووە ژوورەوە و وتی شادیە وەرە سەیری پشتم بکە.

گوێم لێی بوو شادیە شەگریانەوە وتی دایکە پشتت کوونێکی تێ بووە!! منیش چووم سەیرم کرد کوونێک هەر ئەوەندەی هەڵماتێک لە بەشی خوارەوەی پشتی دایکمدا چوار دەورەکەی شین و مۆر هەڵگەڕابووەوە... خوێنی لێ نەداهات.

دایکم تا دەهات ڕەنگی زەرد هەڵدەگەڕا... لێوی وشک دەبوو. وتی کاوە بچۆ پەخشان... خوشکی باوکم بوو.. لەگەڵ کاکە ناجیم ئاگادار بکەرەوە من بریندارم!

من بێ ئەوەی پاڵتاو بکەمە بەرم، خێرا رامکرد... لە دەرەوە گولـلـە و باران خۆشیان نەدەکردەوە... دەچوومە هەر کۆڵان و ماڵێک بە کڵاشینکۆف و بیکەیسی تەقە دەکرا. نازانم چۆن بوو ئەو ڕۆژە خەڵک گولـلـەی لێ نەدەبڕا! خزمەکانم ئاگادار کردەوە و دایکمیان برد بۆ خەسەخانە.

دوایی زانیم کە ئەو هەموو فیشەکەی تەقێنران بە خۆشیی ئازادکردنی شاری سلێمانییەوە بووە. خەڵک ئەوسا هەموو خۆشیی و ناخۆشییەکانیان بە تەقەکردن دادەمرکاندەوە.

دایکم برینداربوو... گولـلـەکە لە شوێنێکی زۆر حەساسدا وەستابوو، دکتۆرەکان وتیان هەرگیز دەرنایەتەوە. مەگەر موعجیزەیەک ڕوو بدات.

هەمووی مانگێکی پێنەچوو، کۆڕەو هات بە سەردا، ئێمەش وەکو ملیۆنان خێزانی بێچارەی کورد بە پێ هەڵاتین بەرەو سنوور و لەوێوە چووینە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دایکم تازە بریندارەو دەبێ بەپێ ڕێ بکات وەکو هەموو ئەو خەڵکەی بەپێ دەڕۆن.

ژنێک گوللـەیەک لەناو پشتیدا مابێتەوە و کۆڵی منداڵ و جانتایەک پارەی ماڵی برایەکی خۆی لەکۆڵنابێ، لەگەڵ ئەو خەڵکەدا بێ وچان دەڕۆیشت... ئافەرین بۆ ئەو توانا و حەوسەڵەیە.

لە کەمپی (دۆڵەناو) بووین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژێک وتیان ئەڵمانییەکان نەخۆشخانەیەکی زۆر تایبەت و ڕێکوپێکیان هێناوە. دایکم منی برد و چووین بۆ نەخۆشخانەکە، ئەشیعەیان بۆ گرت بوو لەناو ئەشیعەکەدا بەڕوونیی گولـلـەکە دیاربوو. تا کاتی ڕووداوەکانی ۳۱ی ئابیش ئەشعەکەمان مابوو دکتۆرە ئەڵمانییەکانیش نەیانتوانی دڵی دایکم خۆش بکەن. پێیان وت هەرگیز دەرناهێنرێتەوە لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی زۆر حەساسدا وەستاوەتەوە.

گولـلـەکە لە پشت دایکما مایەوە و نەیکوشت، کەچی ساڵی ۲۰۰٥ بە هەڵە و کەمتەرخەمی دکتۆرێک، گیانی لە دەستداو لەگەڵ خۆیدا گولـلـەکەیشی بردە ژێر گڵ.

دایکم لە ئازادکردنی شاری سلێمانیدا بووە قوربانیی، هەر لە شاری سلێمانی ئازادکراودا بۆ دواجار بوویەوە بە قوربانیی ئەمجار هی تەقەکەران نا، بەڵکو هی بەرپرسیاری کەمتەرخەم لە گیان و ڕۆحی خەڵک.

ڕەنگە چیرۆکی دایکم، کورتکراوەی چیرۆکی هەموو ئەوانەبێ کە لە ئازادبووندا قوربانییاندا، لە سەردەمی ئازادیشدا دیسان قوربانییاندا... قوربانیی دەستی ئەوانەی هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن و بێباکانە لە ئێش و مەرگی خەڵک دەڕوانن!


PM:11:27:06/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 11912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی