حەڤدەی شوبات یەکەم سەعاتەکانی دەسپێکردنی

‌كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا


لە یەکەم سەعاتەکانی دەسپێکردنی گردبوونەوەو خوپیشاندانەکانەوە، تا دوایین سەعاتی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان، هەموو ڕۆژێک خۆم و کامێراکەم لەوێ بووین.

دیمەنی هەموو ڕۆژەکانم تۆمار کردووە بە فۆتۆ و ڤیدیۆ. چەندین ڕاپۆرت و هەواڵی ڕۆژنامەوانییم سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی حەڤدەی شوبات ئامادە کردووە و بڵاوبوونەتەوە.

حەڤدەی شوبات بە هەموو پێوەرێ شۆڕش و هەڵگەڕانەوە بوو لە ستەم و ستەمکاریی حوکمڕانی کورد. بتەکانی کوردایەتی شکاند بەڵام سەرکردایەتییەکەی بەبێ بتبوون و موقەدەس بوون مانەوە.

حەڤدەی شوبات تەنیا دەنگی ناڕازیی سلێمانی نەبوو وەکو جوگرافیا، بەڵکو دەنگی هەموو ئەوانە بوو لەناو حوکمەتی کوردیدا دەچەوسێنرانەوە و کەرامەتیان دەشکێنرا... ئیتر لە هەر شار و گوندێکی کوردستاندا بووبن. بەڵام دەنگەکە لە سلێمانییەوە بەرز بوویەوە.

حەڤدەی شوبات شۆڕش بوو بەرەو باشبوونی حوکمڕانی کورد، بەڵام چونکە سەرکردە و خاوەنێکی نەبوو، چونکە زیادەڕۆیی زۆر کرا پێیەوە، بێ بەرهەم سەری نایەوە. شۆڕشی مەدەنیی وایە کە کەس نەبوو بەرهەمەکانی بچنێتەوە و بەکاری بێنێ، زیادەڕۆیی زۆر دەکرێ بە دەسکەوتەکانییەوە و هەر لەجێدا دەمرێ.

شتێکی تر حەڤدەی شوباتی بێ ڕۆڵکرد ئەویش نەبوونی حوکمڕانێکی ڕۆشن بوو کە تائێستاش کەس نازانێ سیستمی حوکمڕانی کورد چیە و چۆنە!

مامۆستا مەسعود محەمەد فەرموویەتی: دیموکراسی زۆر ناسک و نازدارە، کورد ئێستا بەم شکڵ و پێکهاتەیەوە ناتوانێ نازی ئەم شتە ناسکە هەڵگرێ بۆیە جارێ لێی گەڕێین تا توانامان دەشکێ بەسەریا.

جا بۆیە حەڤدەی شوباتیش ئامانجەکانی ناسک بوون، نە خەڵک و نە حوکمڕانی خراپی کورد نەیتوانی نازی هەڵ بگرێ بۆیە جارێ دەسکەوتەکانی بوون بەژێر خراپەکارییەوە.


AM:11:48:17/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 3772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی