لە خوام دەویست نەخۆشکەوم

‌كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا



من تا ساڵی ١٩٨٦ تاقانەی دوو خوشک بووم، ئەوسا تاقانەیی دەسکەوت وئیمتیازی زۆری هەبوو بە تایبەت ئەگەر کوڕ بوویتایە. بەڵام دوای ئەوەی برایەکی ترم هاتە دنیا. ئیتر ئەستێرەی خۆشبەختیم ئاوابوو، نەک هەر ئەوە بەڵکو تا ئاستی تڕۆبوون ئیهمالکرام!

رەنگە من وا هەستکەم کە ئیهمالکرابم، رەنگە نازو نووزی تاقانەییم هەڵنەگیرابێ، بەڵام زۆر هەستم بە پەراوێزخستن دەکرد چونکە زۆر کەم داواکارییەکانم جێبەجێ دەکران. لە تاقانەییدا لەناو هەموو هاوکۆڵانەکانمدا هەم جلوبەرگم، هەم کەرەسەی یارییەکانم زۆر دەگمەن بوون. ئەو کاتە سەیارەی زۆر گەورەم هەبوو لە سلێمانییەوە تایبەت بۆم کڕابوو. کەچی دوای لە دەستدانی پۆستی تاقانەیی تەنانەت لوقمی شروبیی وپسکیتیشم لێ کەمکرابوویەوە!

لە دوای کارەساتی لە دەستدانی تاقانەیی بۆ یەکەمجار کە بۆم دەرکەوت لە ماڵەوە دایکم و باوکم گرنگیی زۆرم پێدەدەن، ئەو کاتەبوو بەراستی نەخۆشکەوتم. لەژێر جێدا دەتلامەوە، باوکم کە زیاد لە حەد بە رەحمە لە بازاڕ هاتەوە و دوو پاکەت پسکیت ودوو شوشە ساردی ( بیبسی و کۆلا)ی بۆ هێنامەوە.

ئیتر لە خۆشیی ئەو ساردییانە نەخۆشییەکەم بیر چوویەوە، چونکە پیشتر زۆر زۆر حەزم لە بیبسی و کۆلا دەکرد. بۆ یەکەمجار کە خواردمەوە وەختەبوو بخنکێـم، تونییەکەی لە کوونە لوتمەوە دەهاتە دەرەوە، تا خوارەوە هەناوی برژاندمەوە... یەکەمجارم بوو بۆیە چاوم پڕبوو لە ئاو.

بە دەم نەخۆشییەوە دوو ساردییەکە و بەشێکی زۆری پسکیتەکانم خوارد، بەڵام دایکم و باوکم زۆر پەرۆشبوون، چاک ببمەوە..
"چیتر حەز لێدەکەی باوکە گیان؟ باوکم پێی وتم.
دیسان ساردی و پسکیت.... بەسەرچاو...

ئیتر تا چاک بوومەوە، ساردی و پسکیت لە لیستی یەکەمی داواکارییەکانمدا بوون، بێ دڵیم نەدەکرا... بەڵام کە بەرەو چاکبوونەوە چووم، ئیتر ئەویش بڕا. دیسان ئیهمالکردن دەستیپێکردەوە.

هەموو تەمەنێک بەشی خۆی فێڵی تیایە، ویستم کە خۆم نەخۆش بخەمەوە، بەڵام سەری نەگرت و یەک دوو پلانم لەلایەن دایکمەوە پوچەڵکرانەوە. ماوەیەکی زۆر کەم دوای ئەو نەخۆشکەوتنەم، رۆژێک کە زۆر زۆر حەزم لە کۆلا بوو، ویستم خۆم نەخۆش بخەم. بیانووم گرت.. چوومە ژێر جێگا، بەڵام دایکم هەستیکرد درۆ دەکەم دەستێکی دا لە تەوێڵم تا بزانێ تام هەیە یا نا... هیچم نەبوو بۆیە هەرزوو کەشف بووم وتی درۆ ئەکەی!

دوای ئەوە ئیتر بە تەواوی لەخوام دەویست بەڕاستی نەخۆشکەوم چونکە ئەگەر نەخۆش نەبوومایە بە ئاسانیی بیبسی وکۆلام بۆ نەدەکڕا.

ئێستاش بیری بیسی و کۆلاکەی ئەوسا دەکەم، بیری درۆکان و کەشفبوونەکان دەکەم... بەڵام بیری لە دەستدانی تاقانەییەکەم ناکەم چونکە خۆشژیەن و بیانووبڕ بوو... لای سەرووی ماڵەوە هەمەکارەبووم، کێ دەیتوانی دەستم بۆ بەرێ، بەڵام بەهاتنی برایەکی تر، ئیتر زۆرجار لای خوارەوەش دەردەکرام بۆیە باشترین پەنا کە هانام بۆ برد (باوکە برایم) باوکی باوکم بوو لای ئەو هێشتا شانسی تاقانەییم مابوو. بەڵام هەرگیز ئەویش تێری نەکردم لە بیبسی وکۆلا!

بیری ئەو شتانەم نایەت لە گەنجیی وکامڵی دەستم نەکەوتوون، بەڵام هی منداڵیی هەرگیز فەرامۆش ناکرێ کە زۆر زۆر شت هەبوون دەستم پێیان نەگەیی یان لێیان تێر نەبووم.


PM:02:52:28/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 6959 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی