سیناریۆ تازەکەی گۆڕان..!

‌تـوانــا ئەمین

بەر لەوەی ئەم هەڵبژاردنە بکرێت؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بردویەتییەوە و براوەی یەکەمە، پارتی لە ١١ کورسی کۆتا و کەمینەکان ئەگەر هەر ١١یانی نەبێ ١٠ کورسییانی هی خۆیەتی، واتا بەرلەوەی ئێوە بچنە سەرسندوق ئەو ١٠ کورسی پارلەمانی لە جیبدا هەیە، ١٠ کورسی واتە هێزێکی گەورەی زیاتر لە یەکگرتوو یان زیاتر لە کۆمەڵ. وێڕای گەشەی فراوانی ناوچەی قەڵمڕەوی زەرد و ژمارەی زۆری ئاوارە، نا خاوێنی تۆماری دەنگدەران.

سەرنجڕاکێشە بزانی تەنها یەکەی ٨٠ی پارتی ٥٨ هەزار پێشمەرگەیە، هێزی زرێڤانییەکەی ٤٤ هەزار کەسە، ئەوە ئاسایش پاراستن و دژەتیرۆر و پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆی لەولاوە بووستێت، سەرەڕای ئەو هەموو موچەخۆرەی ڕێکخراوەکانی پارتی لە سیلکی خەڵکانی سڤیلدا... پارتی هێزێکی بۆ تۆقاندن، پارەیەکی وای هەیە دەتوانێ ویژدان و دەنگی بەشێکی زۆری خەڵک بکڕێ و هەر وایش ماوەتەوە.

هەرچی یەکێتییە هێزی دووەمە، ئێران لە شەکراوی ١٦ی ئۆکتۆبەر و موشەکبارانی کۆیەدا، لەو هەموو بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسیی و هەواڵگرییەی لەگەڵ زۆنی سەوز هەیەتی، چۆن دەهێڵێ یەکێتی لە هێزی دووەم بێتە خوارەوە!! یەکێتی شتی تریشی هەیە؛ هەر یەکەی ٧٠ی هێزەکانی پێشمەرگەی ٥٦ هەزار پێشمەرگەیە، هێزی بەرگری و فریاکەوتنی یەکێتی ٢٢ هەزار چەکدارە، ئەوە ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆی لەولاوە بووستێت... لە هەموو ئەمانە گرنگتر یەکێتی هێزێکی وەهای تەزویری هەیە، کە لەدونیا و ناوچەوکەیشدا بێوێنەیە، یەکێتی وەک پارتی برای تەخشان و پەخشانی سەروەتی سەرزەوی و ژێرزەوی ئەم وڵاتەی هەیە بۆ کڕینی دەنگی تۆ و سەرکەوتووش بووە.

ئیسلامییەکان ئەگەرچی ئەمجارە دووانیان لە هاوپەیمانییەکدان، بەڵام لەوە پەرتترن، دەنگی جێی مەترسی بهێنن. لە باشترین حاڵەتدا ئیسلامییەکان سیستمێکی ئیمون لەنێو ویژدانی خەڵکی ئێمەدا، ئەوانەی دەنگ بە ئیسلامییەکان دەدەن، لەبەر خاتری دین و دونیا، لە ترسی سزای خودایی نایانەوێ ببن بە بەشێک لە فەسادییە گەورەکە، بەڵام ئەوانیش خۆیان دەزانن هیچی گەورەیان پێ ناکرێ، وەک چۆن لە ٢٨ ساڵی ڕابردوودا پێیان نەکراوە. بەشداریکردنی ئیسلامییەکان هیچ نییە جگە لە شەرعیەتدان بەو دیموکراسییە ساختەیەی حکومڕانی یەکێتی و پارتی.

هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە زەرەرمەندی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنە دەبێت، گۆڕان وەک من و تۆ دەزانێ ئەو دەنگانەن ناهێنیتەوە کە هێنابووی، یەکەم لەبەرئەوەی لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبووە، دروشمی گەورە دەتوانێ حیزب بکوژێ گۆڕان کوژراوی پەرتەوازەیی سەرکردایەتی و ناڕوونی و هەلاهەلایی پرەنسیپەکانیەتی، ئەوە جگە لەوەی هەوێیەکی تازەی بەسەردا هاتووە بەناوی نەوەی نوێ، لە کاتێکدا چەقی ململانێکەی لە سلێمانیدایە. گۆڕان تەنها لەبەرچاوی خەڵک و وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوە وەک سیناریۆیەک بەشداری ئەم هەڵبژاردنە دەکات، بەڵام هەر زوو زێرەی لێ بەرز دەبێتەوە و بە کشانەوە لە پەرلەمان و گەرمکردن و هاندانی خەڵك، بایکۆت، مانگرتنن، خۆپیشاندانی جەماوەری گەورە پلانی بی جێبەجێ دەکات...

بەکورتی هەڵبژاردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمیدیاییە، نمایشێکی بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و شەرعییەت دان بەو دزی و ڕاووڕوتەی دەکرێت. ئاماژەکان دەڵێن کە لەوەناچێ چوار ساڵی ئارام چاوەڕێی کوردستان بکات.


PM:05:46:12/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 4013 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی