سێکسیزمی ئەدەبی نوێی کوردی..!

‌تـوانــا ئەمین

ئەوە تەماشا دەکەم دادە بە حساب ڕۆمانی کوردی نووسیوە، کاراکتەرەکەی کچۆڵەیەکە، لە تەمەنی چوار ساڵاندا و لە ‌هەشتاکاندا؛ لەو دەشتی کۆیەیە خەریکی کۆندۆم هەڵگرتنەوەیە!!! لەپڕ گەنجێکی لێ پەیدا دەبێ کێر دەخاتە دەمییەوە، دێتەوە ماڵەوە براکەی دەست دەخاتە دەرپێکەیەوە، دەی تۆزێکی تر دەڕوات لە تەمەنی 13 ساڵیدا مامۆستای قورعانخوێندنەکەی، مەمکی دەگرێ و چاوی دەبەستێتەوە سواری دەبێ، وەڵا لەوێ دێتە دەرەوە سەیر دەکات حەمەی برای کە دە ساڵانە وا بە دەست دوو پێشمەرگەوە و سواری دەبن!!! باشە کاکە؟!

دەی ئەوە پێرار رۆمانێکی تری کوردیم خوێندەوە، لەپڕ دوانزە سوارەی مەریوان دەبن بە گەی! کاکە لەو شاخ و داخەدا دەکەونە یەکتر.... تۆزێ دەڕوێت و چەند لاپەڕەیەک دواتر، ئەو سوارانەی بە دوای شێخ مەحمودەوەن وەڵا ئەوانیش دەبن بە هەتیوباز!!! پار رۆمانیکی تری کوردیم خوێندەوە، باسی ژنی کورد دەکات لە سوید، گوایە هەر ئەوەندەی گەیشتنە ئێرە دەست لە مێردەکانیان بەردەدەن و دەکەونە شوێن سێکس، لە ناو خۆیاندا گروپ دروست دەکەن بۆ پەلاماردانی پیاو، ئیشی شەوڕۆژیان ئەوەیە بگەڕێن بەدوای پیاودا، کاکە لەم رۆمانەدا ژنانی بەڕێزی کورد دەبن بەجۆرێک لە سۆزانی کە دونیادا هێشتا سۆزانیی وا حەشەریی وێنەی نییە!!! دانەیەکی ترم خوێندەوە، کچە داماوەکە هەبوو پار لە پارکی دایک کوشتیان، ئێ... نووسەرەکە دەکەوێتە موغازەلەی ئەم کچە کوژراوە –ئەوەی شەیتانیش وازی لێ هێناوە- ئەم بە مردوویش وازی لێناهێنێ و دەیهێنێتەوە و دەست دەهێنێ بە مەمکیدا و دەیوروژێنێ و رووتی دەکاتەوە و سێکسی لەگەڵ دەکات!!!! یەکێ نییە بڵێ؛ هێواش.. گەلۆ، ئەمە کوێی ئەدەبە!

بەکورتی سێکسی شاز، زۆرپەڕیی و داوێنتەڕیی لە رشتیەکی وەک ئەدەبی گێڕانەوەدا کە نووسەرەکەی لە خزمەتی کۆی بۆتیقای رۆمانەکە بۆی تەوزیف نەکرا، هیچ پاساوێکی تر هەڵناگرێ جگە لەوەی؛ بنووسەکەی نەخۆشی دەروونییە و لەبری ئەوەی ئەم ئیفرازاتە قۆڕ و بێمەعنا و بێئاست و نەخۆشانەی خۆی بەناوی ئەدەبەوە دەرخواردی خوێنەری داماوی کورد بدات؛ باشترە بچیت وەرەقەیەکی دکتۆر ببڕیت.

ماوەیەک لەمەوپێش هاوڕێیەکم چەند لاپەڕەیەکی کتێبی نووسەرێکی تری بۆ ناردم کە دەڵێ؛ باوکم وا تەعدای لێکردم، براکەم وا دەستدرێژی کردە سەرم و..... ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتەیش نووسیویانە ژنێکی کورد دۆزەخی ئیسلاممان بۆ دەگێڕێتەوە! دڵم بە کورد دەسووتا، بیرم دەکردەوە ئەگەر خوێنەرێکی بیانی، ئەم قۆڕیاتانە ببینێت هەست دەکات ئێمەی کورد کۆمەڵگایەکین –دوور لە رووی ئێوە- هەموومان سوار خوشک و دایکی خۆمان بووین و کچەکانمان لەگەڵ باوک و برای خۆیاندا سەرجێی دەکەن و ماڵەکانی ئێمە حەرەمسەرا و سۆزانیخانەیە!!

خوشک و برایانی خۆشەویست، لە دڵەوە گریانم بۆ ئەم وێنە ناشرینە دێت، منیش و تۆیش و ئەو نووسەرە قۆشەمە و ساختەنایش دەزانین کە ئەمە وێنەی ڕاستەقینەی جڤاتی ئێمە نییە، منیش و تۆیش دەزانین کۆمەڵگاکەی ئێمە وەک هەر کۆمەڵگایەکی تری سەر ئەم زەوییە؛ بێ لەکە و پەڵە نییە و نابێ و نەبووە، بەڵام تۆ بێیت ملیۆنان مرۆڤی ئەم نەتەوە داماو و ماندووە ئاوها نیشانی دەرەوە بدەیت، لە کتێبێکی سەدوپەنجا لاپەڕەییدا بەبێهۆ هەموو کاراکتەرە حیز و هەتیوباز و لیسبیان و هۆمۆیەت هەبێ، ئەمسەر بۆ ئەو سەری کتێبەکەت شەهوەتی ناو سەری خۆت تەنیبێتی –بێ ئەوەی لە فۆرمێکی هونەرییدا توانیبێتت ئەم شەهوەتە زیاد و بێ مانایە بکەیت بە ئەدەب- و تەنها لە پێناوی ئەوەدا لە ئەوروپا دەربکەوی و خەڵاتت بدەنێ؛ بێێت هەموومان ئاوها ناشرین بکەیت، ئێ بێگومان لە کلتورەکەی خۆتدا هەر دەبێ جێگای خۆت و کتێبە قۆڕەکانیشت تەنەکەی خۆڵ بێت وەکو بووە.


PM:08:48:24/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 9650 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی