ئەستێرە کەریم؛ میری فەیسبووک..!

‌تـوانــا ئەمین


ئەمە ناونیشانێک نییە بۆ کەسێک، ناوێکە بۆ دیاریدەیەک کە لە قۆناغی لایڤی فەیسبووکدا دروست دەبێ و هەر بەدروستبوونی مەرگی گفتوگۆی هێمنانە، دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ڕادەگەێنێ و جۆرێکی تر گووتار بەرهەم دەهێنیت، (گووتار discourse لە سەرپێیترین پێناسەدا بریتیە لە پێداڕاگەیشتنێکی میتۆدیی فراوانی بەشبەشی بابەتێکی دیاریکراو لە ڕشتەیەکی دیارکراوی وەک فەلسەفە یان کۆمەڵناسیی، یان مرۆڤناسیی...هتد. بەڵام ئەمەی لایڤچی کوردی لە فەیسبووک دەیکات قسەی بێسەروبەرەیە کە لەبەر ڕێز با ناوی بنێین "ناگووتار") ئەوجا ئەم ناگووتارە، بە بەلاغەتێکی نزم، بە سەفسەتەیەکی زەعیف، بە ڕێتۆرکێکی شێواو، بە ئاستێکی نەویی لە قسەکردن و خاڵی لەڕێز، سەروکەلەی بینەرەکانی دەکوتێتەوە.

لێرەدا زمان دەگەڕێتەوە بۆ مەڵاشوو، بۆ دواوە، دەبێتەوە بەمیکانیزمی گواستنەوەی زانیاریی سەرەتایی و نواندنەوەی واقع، لە جیاتی ئەوەی واقع لە زماندا بێتەوە ناو خوێندنەوەیەکی زانستیی، دەبێ بەیەک پارچە قیژەقیژو نەڕەنەڕ، بە جوێندان و سوکایەتیی بە خوا و پێغەمبەر و ڕەگەزێکی دیارکراوی مرۆڤ و نەتەوە و کلتور و داروبەرد... پەیام لەم لایڤانەدا شێواو و ترشاون بەیەکدا، لایڤچییەکە ناتوانێ ئەو شتەی لە مێشکیدایەتی لە سیستمێکی دەلالیی پڕ داوی وەک زماندا ڕێکیبخات، بە ئاسانی لە بەرسیلەوە بۆ پلایس بازدەدات و بینەرەکانیشی ئەمانەیان بەسەردا تێدەپەڕێ، خۆ گەنجەکە دانەنیشتووە دونیابینی لەتۆوە وەرگرێ -چونکە هەر لە بنچینەوە بۆ ئەمە ڕات نەهێناوە-

بەڵکو دانیشتووە بەدیارتەوە پارچەیەکی تر لە جلەکانت دابکەنی، ئەو سەیرت بکات و خۆیت پێ ڕەحەت بکات. ئینجا ئۆرگازم لەم دنیا گریمانەییەدا -ڕێگەم بدەن وشە بازاڕییەکەی خۆیان بەکار بهێنم- دەبێت بە دەستپەڕ. بەڵام دەستپەڕی عەقڵ! کە جگە لە ژاوەژاو و سەریەشە هیچی تر بەدوای خۆیدا ناهێنێت... ئەم دیاردەیە پێچەوانەی ئەوەی شۆڕش پێویستی پێیەتی؛ کە وزەی ناڕازی چڕبکاتەوە، کۆیبکاتەوە، ئاراستەی بکات، ئەم وزەیە خاڵیی دەکاتەوە و بەهەدەری دەدات، زۆر جار گومان دەبەم؛ لایڤی کوردی هەر یارییەکی سیستم، دەسەڵات بێت بۆ پاراستی خۆی!

ئەم ناگووتارە هەموو ئەو ڕیسە دەکاتەوە بە خوریی کە ژن و پیاوی ڕاستەقینەی یەکسانیخواز بەدەستییەوەیەتی... ئەوە پێش ئەوەی لێدان بێت لە پیاوی کوردی، بە قەولی خۆیان "شەرواڵ لەپێ!" لێدانە لە بزووتنەوەی ژنانی کوردی، –تێنەگەیشتم خاڵی ناکۆکی شەڕواڵ لەگەڵ ئەم مۆدێلە لە فێمینستی کوردی لەچیدایە؟ باوکی من و ئەویش و تۆیش شەڕواڵی کردۆتە پێی، شەڕواڵ چی بکات دادە گیان! میللەت هەیە لە دونیادا جوێن بە جلوبەرگی خۆی بدات؟! خەڵک شانازی بەبەرگی نەتەوەیی خۆیەوە دەکات، وەزیری بەرگری کەنەدا بە مێزەر و عەمامە هندییەکەیەوە لە ئۆتاوە دەوام دەکات-.

بەکورتی ئەم دیاردەیە ناتوانێ لە شاشە بێتە دەرەوە و لەسەر عەردی واقع گوڵ بکات، ئەمانە نابن بە میکانیزمی چاکردن. کۆمەڵگا نۆرمی هەیە، پایەی هەیە، بەم سوعبەتە بێتامانە ناڕوخێ، هەر "شۆڕشێک!" لە فەیسبووک دەست پێ بکات لە فەیسبووکیش کۆتایی دێت. تەنها شت لەو ئافرەتەدا باشە ئەوەیە کە توڕەیە، من هەموو مرۆڤیکی توڕەم خۆش دەوێت، بەڵام توڕەیی دەبێ بزانێ چۆن خۆی مانیفێست دەکات، چۆن چۆنی دەبێ بە گووتار، ئەگەرنا دەبێ بەسەریەشە، بە کاوس، بەپێی تیۆرەکەی سەرەوەیش ئەم دیاردەیە عومرکورت دەبێ، سایکۆلۆژیای جەماوەر کتومت سیفەتێکی سێکسواڵی هەیە، هەر ماوەیەک حەزی لە کەسێک، دیاردەیەک، ئۆبجێکتێکە، دواتر حەزەکەی دەگوازێتەوە بۆ سەر کەس و دیاردە و ئۆبجێکتێکی تر.


PM:08:58:16/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 12538 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی