چۆن ئەم دۆخە قەتیسەی هەرێمی كوردستان تێبپەڕێنرێت ؟

‌نه‌وزاد موهه‌ندیس

•ئاشكرایە هەرێمی كوردستان لەدوای ئەنجامدانی ڕیفرادۆمەوە لە 25/9/2017وە ڕووبەڕووی گەمارۆی سیاسی و ئابوری و ئەمنی بوەوە لەلایەن وڵاتانی دەرودراوسێ و بەغدادیشەوە و ئەمەش بوە هۆكاری لێكترازان و دووركەوتنەوەی زیاتری هێزە سیاسیەكانی كوردستان و پەرتكردنی نێوماڵی كورد لە كوردستان و تاڕادەیەكیش لەدوای ڕووداوەكانی 16/10/2017 لە ناوچەدابرێنراوەكانیش  توشی كارەسات و شكستی سەربازی هات. هەموو ئەو ڕووداوانە كاریگەری خراپیان كردە سەر دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی كوردستان و هێندەی تر درزی نێوان سەركردە و لایەنە سیاسیەكانی تۆخكردەوە و فراوانتری كرد.و كار گەیشتە تۆمەتبەخشینەوە و تاوانباركردنی یەكتری بە خیانەتكردن لە نەتەوە و نیشتیمان.

دواتریش بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقەوە لە 12/5/2018دا و  هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكاندا،لەسەرتاسەری عێراق بەكوردستانیشەوە دەنگی ناڕەزایی بەرزبۆوە لەسەر ئەنجامەكان و زۆرینەی لایەنەكان ناڕازیبوون لەو ئەنجامانە و كەوتنە تانەلێدان و داوای بەدەست ئەژماركردنی صندوقەكانی دەنگدانیان كردو ئەمەش بوە هۆی ئەوەی كە جارێكی تر ناكۆكی و ململانێ‌ حیزبیەكان لە كوردستاندا تۆخببنەوە و  ژمارەیەك لایەنی سیاسی كە 4 لایەنی سەرەكی((گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و هاوپەیمانی و لەگەڵیشیاندا بزوتنەوەی ئیسلامی و شیوعی )) بوون و بەرەیەكیان لە یەكێتی و پارتی گرت و تۆمەتی تەزویر و ساختەكاریان بۆ هەڵبەستن و ئەوەی پێیانكرا لە پەڕلەمانی عێراق و دادگای فیدڕاڵی كردیان بۆ ئەوەی یان تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە ڕەتبكرێتەوە یان 100% ئەنجامەكان و صندوقەكان بەدەست ئەژمار بكرێتەوە. بەڵام هیچ كام لەو داواكاریانە جێبەجێ‌ نەبوو ،تەنها ئەو صندوقانەیان ئەژماركردەوە كە تانەیان لەسەربوو.ئەوەتا تاكو ئێستا كە نزیكەی 3 مانگی تەواوە هێشتا ئەنجانی كۆتایی دەرنەكەوتوە و دادگای فیدڕاڵیش پەسەندی نەكردوە.بەم شێوەیە دەوڵەتی عێراقی ماوەی 3 مانگە بێ‌ پەڕلەمان و بەبێ‌ دەسەڵاتی یاسادانانە و حكومەتیش حكومەتی كاربەڕێكەرە و  لەئێستاشدا باشور و ناوەڕاستی عێراقیش گیرۆدەی گێژاوێكی سیاسی و ئابوری بۆتەوە و جەماوەریش لەهەموان ناڕازین و دەستیان داوەتە خۆپیشاندا كە ماوەی مانگێكی تەواوە.ئەم دۆخە نەخوازراوەی عێراق بۆتە هۆی لێكهەڵوەشانی تەواوی نێوماڵی شیعە و سونە و كوردیش.

•ئەوەی گرنگە چۆن دەتوانرێت ئەم دۆخە قەتیس و مەنگەی كوردستان بشەڵقێنرێت و بتوانرێت لە كاریگەریە خراپەكانی ڕووداوەكانی ڕابووردوو ڕزگاربكرێت و هەنگاو بەرەو ئایندەیەكی باشتر و گەشتر بنرێت؟
ئەم دۆخە هەموان لێی بەرپرسیارن لەسەركردە و حیزب و جەماوەریش بە بچوك و گەورەیانەوە،چونكە هیچ كامیان خەمخۆریەكی جدیان دەرنەبڕیوە بۆ تێپەڕكردن و بازدان بەسەر ڕق و كینە كۆنەكان و بەرژەوەندیە حیزبی و كەسیەكانی خۆیاندا و جەماوەریش متمانەو بڕوای بەهیچ كام لەو سەركردە و حیزبانە نەماوە و  هیچ سەركردە و حیزبێكیش ناتوانێت نوێنەرایەتی جەماوەر بكات و شەقامی كوردی بجوڵێنێت و داوای مافە ڕەواكانی خۆیان بكەن.حیزب و سەركردە سیاسیە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانیش نایەنەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و ناشتوانن ئەو ڕۆڵە بە ڕاستگۆیانە بەرجەستە بكەن و هەموانیان ئەوەندەی هەڵپەی دەسەڵاتگرتنە دەست و كۆكردنەوەی سەروەت و سامان و بەدەستهێنانی پلە و پۆست و ئیمتیازاتی حیزبی و كەسین نیوهێندەی پەرۆشی ئایندەی گەل و نەتەوە نین.
هەربۆیە ئەم دۆخە قەتیسە دەخوازێت كە :
1.سەركردەیەكی كاریزما و بەهێز دروست ببێت ((بەوێنەی مام جەلالی ڕەحمەتی)) وبتوانێت سنور و تابۆ  حیزبیەكان تێبپەڕێنێت و هەنگاوی پەرۆشانە هەڵبگرێت بەرەو ئاشتی و ئاشتبونەوە لەنێوان سەركردە و حیزبە سیاسیەكان و جەماوەریشدا.

2.حكومەتی هەرێم هەوڵبدات كە ژیان و گوزەرانی جەماوەر باش بكات و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بكات و خزمەتگوزاریە بنچینەییەكانیان بۆ دابین بكات لە ئاو و كارەبا و سووتەمەنی و مووچەی مانگانە.
3.حكومەت هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی وڵات بدات و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی جێبەجێبكات بۆ نەهێشتنی بێكاری و هەژاری و هەڵاوسان و كاربكات بۆ بوژاندنەوەی بازاڕ و بازرگانی و ئابوری وڵات.
4.هەوڵدبدرێت پەیوەندیە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا پتەوبكرێتەوە و ئاسایی بكرێتەوە بۆ تێپەڕاندنی كاریگەریەكانی ڕیفراندۆم.

5.هەوڵی یەك و یەكگرتوویی ڕیزەكانی كۆمەڵگای كوردەواری بدرێت و هەموان لەسەر یەك گوتار و یەك كردار ڕێكبكەون و لەبەرامبەر بەغدادی شڵەژاو و تێكچوودا بەبەهێز خۆ پیشان بدەن و داوای مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و ئیستحقاقی هەڵبژاردن بكەن.

جگە لەم هەنگاوانە كورد هیچ ڕێگەیەكی لەبەردەمدا نیە،وهیچ كاتیش دووركەوتنەوە و دڕدۆنگی و لێكترازان لەبەرژەوەندی كورد نەبوە و تەنها بەیەك و یەكگرتوویی كورد توانیویەتی مافەكانی خۆی مسۆگەر بكات،و ئەم دۆخەش پێویستی بەهەوڵ و خەمخۆری هەموان هەیە چونكە ناوچەكە بەگشتی لەبەردەم گۆڕانكاری گەورە و كتوپڕدایە و پڕیشكی هەر جەنگێكیش ڕاستەوخۆ بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت،جا چەندە ئامادە و یەك ماڵ و توندتۆڵبین ئەوەندە دەتوانین خۆمان بپارێزین ،ئەگینا بەم دۆخەی ئێستامانەوە ئەوەی هەشە لەدەستمان دەچێت.بۆیە هەق وایە سەركردە و حیزب سیاسیەكان پەرۆشی زیاتر بنوێنن و بەرژەوەندی گەل و نەتەوە بخەنە سەروو بەرژەوەندیە حیزبی و دەسكەوتە مادیە بچوكەكانەوە.


PM:12:50:12/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 1326 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی