سوپاو ئەردۆغان‌

‌ ئاسۆس هه‌ردی

هیچ کاتێک سوپای تورکیا ئەوەندەی ئەمڕۆ لاوازو بێدەسەڵات نەبوە. بەدەگمەن رویداوە هێزە ئەمنییەکان جورئەت بکەن لەبنکەیەکی سەربازی تەنانەت نزیکیش ببنەوە، بەڵام لەدوای کودەتا شکستخواردوەکەوە، رۆژانە خۆیان دەکەن بەبنکە سەربازییەکانداو ئەو جەنەراڵانە راپێچی زیندان دەکەن، کە تا دوێنێ نەیاندەوێرا سەیری چاویشیان بکەن.

دیمەنی جەنەراڵە لوت شکاو و سەرشکاوەکان، بۆتە دیمەنێکی ئاسایی‌و رۆژانەی میدیای تورکی. ئەمە دۆخی ئەو سوپایەیە کە لەڕوی ژمارەو توانای سەربازییەوە بەدوەمین سوپای گەورەی ناو پەیمانی ناتۆ دادەنرێ‌و تاپێش کودەتاکە بەهێزترین دامەزراوەی تورکیا بوە. بەڵام ئاخۆ ئەو سوپا گەورەو گرانە وابەئاسانی تەسلیم ئەبێ‌و مەیدان بۆ ئەردۆغان چۆڵدەکا؟

ئەگەرچی لەئێستادا جەنەراڵەکان ناتوانن بەئاشکرا بەرامبەر ئەردۆغان راوەستن، بەڵام ئەستەمە لەدورمەودادا رازی بن بەوەی دەسەڵاتی مێژویی سوپا بەو شێوەیە بپوکێتەوە. زەحمەتە ئەو هەمو سوکایەتییە بەناو و ناوبانگی سوپاو جەنەراڵەکانی لەبیربکەن. بۆیە پێموایە هەرئەوەندەی کەفوکوڵی روداوەکان دابمرکێتەوە، پێش هەمو شتێک هەوڵدەدەن هەیبەتی خۆیان بگێڕنەوە.

هەیبەتی سوپاش لەدۆخی سیاسیی ئێستای تورکیادا هەر بەشەڕ دەگەڕێتەوە! لەبەرئەوە دور نیە لەچەند مانگی داهاتودا سوپای تورکیا هەڵمەتێکی گەلێک گەورەترو چڕتر بۆسەر باکور دەستپێبکات کە رەنگە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بۆئەوەی دیسانەوە "سوپای قارەمان!” ببێتەوە بەسەر دێڕی هەواڵی میدیاکان. 

دیارە زۆر زەحمەتە کودەتایەکی تر لەڕێگەی هێزی چەکدارەوە روبدات، بەڵام هەرکاتێک سوپا هەست بکات قەیرانەکەی تێپەڕاندوە، بێگومان بیر لەتۆڵەسەندەوە دەکاتەوەو گەر هیچیشیان پێنەکرێ، دور نییە هەوڵی تیرۆرکردنی ئەردۆغان بدەن.

هەرچی ئەردۆغانە، بێ هیچ گومانێک ئەمڕۆ سەرۆکە بەهێزەکەی تورکیایە. وادەردەکەوێ ئەم دەرفەتە لەکیس نەدات‌و بەهەمو توانایەکی خۆی هەوڵبدات بۆ یەکجارو بۆ هەمیشە دامودەزگاکانی دەوڵەت (بەسوپاشەوە) بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. بەڵام ئایا بە ئاسانی ئەمەی بۆ دەچێتەسەر؟

ئەگەر سەرکەوتنە یەکلەدوای یەکەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێکی گرنگی بگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی لەگەشەپێدانی ئابوریی وڵاتدا، ئەوا سەرکەوتنی لەبەڕەنگاربونەوەی دەسەڵاتی سوپادا، بەشێکی گرنگی دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیی کۆمەڵگەی مەدەنی، هێزە دیموکرات‌و لیبراڵەکان‌، کوردو بزوتنەوەکەی فەتحوڵڵا گولەن. 

ئەردۆغان لەسەرەتاوە بە بەرزکردنەوەی دروشمی دەوڵەتی مەدەنی، سنوردارکردنی دەسەڵاتی عەسکەر، چارەسەرکردنی کێشەی کوردو… هتد، توانی پشتیوانیی کوردو بەشێکی گرنگی عەلمانییەکانیش بەدەستبێنێ.

بەڵام ئەمڕۆ وێنەکە تەواو جیاوازە. هەر لەو سەردەمەوە کە خەونی سیستمی سەرۆکایەتی کەوتەسەری، زۆربەی چاکسازییەکانی پێچەوانە کردەوە، لەگەڵ دیموکرات‌و لیبراڵەکاندا تێکی داو کەوتە لێدانیان. پاشان لەگەڵ بزوتنەوەی خزمەت تێکچو. پاش هەڵبژاردنەکەی حوزەیرانی ساڵی رابردو، کە (هەدەپە) لەسەر حسابی (ئاکەپە) سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، روی لەکوردیش وەرگێڕاو تەنانەت کەوتە پاکتاوکردنی حزبەکەی خۆیشی. سەرەنجام بەپێچەوانەی هەمو دروشمەکانی خۆیەوە، بایدایەوە بەلای سوپادا! 

ئێستا بەدور لەو فەزا جەماوەری‌و نەشئەی سەرکەوتنە، لەراستیدا دوژمنە سیاسییەکانی ئەردۆغان‌ گەلێک لەدۆستەکانی زیاترن. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە نێچیرێکی لاوازە بۆ دوژمنەکانی، بەڵام چاوەڕێش ناکرێت ئەم ململانێیە بەم زوانەو بەئاسانی لەقازانجی لایەک یەکلابێتەوە.

ئه‌م ووتاره‌ له‌رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌ وه‌ وه‌رگیراوه‌


PM:05:10:02/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 3558 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی