ئۆباماو داعش

‌ ئاسۆس هه‌ردی

جەنەراڵ جۆزێف ڤۆتیل فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست رۆژی ٢١ی ئەم مانگە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، سەردانی رۆژئاوای کردو لەگەڵ فەرماندەکانی (یەپەگە) کۆبۆوە. دو رۆژ دوای ئەوە، "هێزەکانی سوریای دیموکراتی” هێرشێکی بەرفراوانیان دژی داعش لەدەوروبەری رەقە دەستپێکرد.

لەهەمانکاتدا سوپای عێراق‌ هەڵمەتی "ئازادکردنی فەللوجە”ی راگەیاند. چەند رۆژێک لەمەوبەریش هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی دژی داعش لەمیحوەری خازرەوە دەست پێکرد. هەمو ئەم هێرشانەش بەپشتیوانی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانەکان‌و بەتایبەت ئەمەریکا ئەنجام دەدرێن.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەمە رێکەوتە کە لەیەک کاتداو لەسێ بەرەی جیاوازەوە بەپشتیوانی ئەمەریکا لەئاسمان‌و لەسەر زەویش، هێرش دەکرێتە سەر داعش؟

لەماوەی هەردو سەرۆکایەتییەکەی ئۆبامادا، کۆماریخوازەکان‌و گەلێک پسپۆڕی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام رەخنەی توندیان لەسیاسەتی ئۆباما لەناوچەکەو بەتایبەت لەعێراق‌و سوریا گرتوە. کەمیش نین ئەو چاودێرانەی پێیانوایە لەڕاستیدا دروستبون‌و گەورەبونی داعش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی ستراتیج‌و سیاسەتێکی ئەکتیڤی ئەمەریکا سەبارەت بەقەیرانی عێراق‌و پاشان سوریا. بەو مانایەی لەستراتیج‌و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا، بەرنامەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی عێراقدا بونی نەبو. بەلای سەرۆکەوە گرنگ ئەوەبو، چۆن سوپاکەی بکێشێتەوەو بەڵێنەکەی خۆی لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا جێبەجێ بکات.

بەرپرسێکی باڵای هەرێم لەدانیشتنێکی دۆستانەدا گێڕایەوە: "لەیەکەمین سەردانی وەفدی هەرێمدا بۆ کۆشکی سپی، هەستم کرد سەرۆک ئۆباما تاقەتی نیە گوێ لەباسی عێراق بگرێت‌و خوا خوایەتی کۆبونەوەکە تەواو بێت”! لەئەنجامیشدا عێراق بەتەواوەتی کەوتە ژێر رکێفی ئێران‌و هاوپەیمانەکەی، واتە نوری مالیکی. مالیکیش بەملهۆڕی خۆی‌و سەرکوتکردنی خوێناویی هێزە سوننیەکان‌و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوچەی سوننەنشین، زەمینەی گەشەکردن‌و باڵادەستبونی داعشی رەخساند.

لە سوریاش، ئیدارەکەی ئۆباما نەیتوانی مامەڵەیەکی گونجاو لەگەڵ قەیرانەکەدا بکات‌و ئامادە نەبو پشتیوانی راستەوخۆ لەڕاپەڕینی دژی ئەسەد بکات. بەمەش دەرفەتی بۆ تورکیاو دەوڵەتانی کەنداو رەخساند، بەبیانووی بەرەنگاربونەوەی نفوزی ئێرانەوە، پشتیوانی لەهێزە توندڕەوەکان بکەن‌و دۆخەکە بەم رۆژەی ئێستا گەیشت.

ئێستا وادەی سەرۆکایەتیی ئۆباما تەنها چەند مانگێکی ماوەو پێدەچێ سەرۆک بیەوێ لەدوا ساتەکانی دەسەڵاتیدا هەندێک شت بکات کە رەنگە بە”مێژویی” لەقەڵەمی بدات. بۆ نمونە دەبینین پەیوەندییەکان لەگەڵ کوبا ئاسایی دەکاتەوە، سەردانی هیرۆشیماو ڤێتنام دەکات…هتد.  بۆیە دور نیە هەر لەم چوارچێوەیەدا بیەوێ پێش جێهێشتنی کۆشکی سپی، زەبرێکی گەورە لەداعش بوەشێنێت‌و قەرەبوی پشتگوێ خستنی پێشوی قەیرانەکە بکاتەوە. رەنگە گرتنەوەی موسڵ‌و رەقە جگە لەسەرکەوتنێکی سەربازی، سەرکەوتنێکی مەعنەویی گەورە بێت بۆ خۆی‌و کاندیدی دیموکراتەکانیش لەهەڵبژاردنی داهاتوی ئەمەریکادا. چونکە بێگومان یەکێک لەتەوەرەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی کۆمارییەکان رەخنەکردنی سیاسەتی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریاو، باڵادەست بونی داعش دەبێت.

دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە ئاخۆ پەلەپروسکێی بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی مەعنەوی گەورەو خێرا لەشەڕی داعشدا، لەسەر حسابی ئامادەکاریی پێویست بۆ سەرکەوتنی پلانەکە نەبوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێ چاوەڕێی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکان بکەین.

له‌رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌


PM:06:45:02/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 3646 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی