"لۆمەی سایکس-پیکۆ مەکەن"!
ئاسۆس ههردی
پاتریک کۆکبێرن رۆژنامەنووسی بەناوبانگی رۆژنامەی ئیندیپێندێتو پسپۆڕی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣دا وتارێکی نووسی بە ناونیشانی "ئایا ئەمە کۆتایی سایکس پیکۆیە؟". لەو وتارەدا بە درێژی باس لەدۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەو ئەگەری بڵاوبوونەوەی شەڕی سووریا بە وڵاتانی دەوروبەریدا دەکات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە گەلێک لایەن بەتایبەت لەعێراقو بەتایبەتتریش لەنێو کورددا پێیان وایە ئەمە کۆتایی رێکەوتننامەی سایکس-پیکۆیە.
لەدوای ئەو وتارەوە، ژمارەیەکی زۆر نووسەرو چاودێر لەناوچەکەو جیهاندا بەدرێژی لەسەر ئەم بۆچوونە قسەیان کردو هۆکاری سەرەکیی شەڕو ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکەیان گێڕایەوە بۆ سایکس-پیکۆ. چونکە سەد ساڵ لەمەوبەر دەوڵەتە کۆلۆنیالییەکان لەو رێکەوتنەدا، بەپێی بەرژەوەندییەکانو هاوسەنگی هێزی نێوانیان پلانی داڕشنەوەی نەخەشەی سیاسی ناوچەکەیان دانا. واتە هیچ حسابێکیان بۆ واقیعی سیاسی- کولتووری- کۆمەڵایەتیی گەلانی ناوچەکە نەکرد. بەمەش پێکهاتەی جۆراوجۆری ئاینی، مەزهەبیو نەتەوەییان ترنجاندە نێو چوارچێوەی سنووری ئەو دەوڵەتانەوە کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دروستیان کردبوون. بۆیە ئەوەی ئێستا دەیبینین، هیچ نیە جگە لە دەرەنجامی ئەو "تاوانە" مێژووییە دەرهەق بە گەلانی ناوچەکەو، شکستی ئەو دەوڵەتە دەستکردانە لە هێنانەئارای لانیکەمی زەمینەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی ناو سنوورەکانیان.
بەڵام ئاڕاستەی قسەکان تەنها رووی لە رەخنەکردنو داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنەکە نەبوو، بەڵکو دیسانەوە ناوەندە ناسیونالیستو ئیسلامییەکان لەوڵاتانی عەرەبو ناوچەکەدا کەوتنەوە دووبارەکردنەوەی ئەو بەیتو بالۆرەیەی کە گوایە سایکس-پیکۆیەکی نوێ بەڕێوەیەو ئامانجەکەشی "پارچە پارچەکردنی" وڵاتانی عەرەبیو ئیسلامییە.
لەبەرامبەردا جەنگیز چاندار رۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورک پێی وایە ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت، سایکس-پیکۆیەکی دیکە نیە، بەڵکو (وێستفالیا)یەکی ترە. رێکەوتننامەی (وێستفالیا- ١٦٨٤) کۆتایی بە شەڕێکی خوێناوی هێنا لەنێوان دوو لقی گەورەی ئایینی مەسیحیدا لەئەورووپا (کاتۆلیکو پرۆتستانت) کە ماوەی ٣٠ ساڵی خایاند. چاندار پێی وایە ئەوەی روودەدات هاوشێوەی جەنگی سی ساڵەی ئەورووپایە، بە دیوە ئیسلامییەکەیدا. چونکە لەئێستادا ئەوە دەوڵەتە کۆلۆنیالییەکان نین پلان بۆ دابەشکردنی "میراتیی پیاوە نەخۆشەکە: دەوڵەتی عوسمانی" دادەنێن، بەڵکو ئەوە دوو بەرەی شیعەو سوننەن لەسەر نفووزو دەسەڵات لەناوچەکدا شەڕیانەو دەیانەوێ زلهێزەکانیش پەلکێشی ئەم شەڕە بکەن. بۆیە دەبێ چاوەڕێی رێکەوتننامەیەکی هاوشێوەی (وێستفالیا) بکەین لەنێوان هەردوو بەرەکەدا تا کۆتایی بەم شەڕو ئاڵۆزییە بێنێت.
چەند رۆژێک لەمەوبەریش لەگۆڤاری (فۆریەن پۆلیسی)دا هەریەک لە ستیڤن کووکو عەمر لەهێتا وتارێکیان نووسیوەو دەڵێن "لۆمەی سایکس-پیکۆ مەکەن!"، چونکە پێیان وایە دەوڵەتە کۆلۆنیالەکان لەڕێگەی هاوسەنگیی لەنێوان بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ پەیکەری ئیداریی دەوڵەتی عوسمانیو دانیشتوانی ناوچەکاندا، ناوچەی نفووزی خۆیان دەستنیشان کردووە. بۆیە سنوورەکان بەرپرسیار نین لەو فەوزایەی لەئارادایە، بەڵکو بەرپرسیار ئەو دەسەڵاتدارانەن کە بە ئاگرو ئاسن حوکمی دەوڵەتەکانیان کردووەو لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی خۆیاندا هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیان سەرکوتکردووە. لێرەشەوە بە بۆچوونی ئەوان پێشنیاری گۆڕینی سنوورەکان وەک چارەسەری قەیرانەکە، جگە لە "ئەفسانە!" هیچی تر نیە، چونکە تا عەقلییەتی قۆرخکردنو سەرکوتکردن لای نوخبەی سیاسی ناوچەکە بەردەوام بێت، گۆڕینی سنوورەکان هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات.
پێم وایە هەموو ئەو رەخنانەی ئاڕاستەی رێکەوتنەکە دەکرێن لەجێی خۆیاندان، بەڵام ئەوەش راستە کە بە تەنها لۆمەکردنی دەوڵەتە کۆلۆنیالەکان، خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاریتی بکەرەکانی سەر ئەرزی واقیع، واتە گەلانی ناوچەکە خۆیان. هەر بۆ نموونە، ئەگەرچی ژمارەیەک سیاسەتمەداری گەورە (لەپێش هەمووشیانەوە شەریف پاشا خەندان) پاش هەوڵو تێکۆشانێکی زۆر توانییان مافی دەوڵەتێک بۆ کورد لە پەیماننامەی سیڤەردا جێگیر بکەن، بەڵام لەناو واقیعی کوردستاندا نوخبە سیاسیو خاوەن پێگەکان پەرتو لاوازبوون، لەئاستی گەورەیی ئەرکی قۆناغە مێژووییەکەدا نەبوونو نەیانتوانی هێزو تواناکانی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە تەیارو ئاڕاستە بکەن. بەپێچەوانەشەوە، نوخبەی سیاسی تورکی بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال، توانییان نەک هەر خەڵکی تورک بەڵکو بەشێک لە هێزو عەشیرەتە کوردەکانیش (بەناوی دین یان هەر ناوێکی ترەوە بێت) دژی پەیماننامەکە کۆبکەنەوە. لە ئەنجامیشدا سیڤەر هەڵوەشایەوەو لۆزان جێگەی گرتەوە کە زۆر بەسادەیی دوا بزماری داکوتراو بوو لەسەر تابووتی خەونی دەوڵەتی کوردی لەو سەردەمەدا.
ئەمڕۆ دیسانەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نوقمی شەڕو ئاڵۆزییەو ئەو قسەیە راستە کە لەئێستادا لەسەر ئەرزی واقیع زۆرێک لەسنوورەکان تەنها لەسەر نەخشە ماونەتەوە. دیارە ئەم دۆخە کراوەیە بۆ هەموو ئەگەرێک، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەمڕۆش وەکو ساڵی ١٩١٦، پەرتبوونو ناکۆکی سیمای هەرە دیاری هێزە سیاسییەکانمانە. لەم دۆخە ئاڵۆزەی پێکدادانی بەرژەوەندییە جیاوازە ناوچەییو نێوەدەوڵەتییەکاندا دامەزراندنی دەوڵەت بە دروشمبازیو فووتێکردن ناکرێت، بەڵکو بە پلانو کاری پێکەوەییو کۆکردنەوەی هێزو تواناکان لەدەوری ئەو ئامانجە دەکرێت.
بەداخەوە ئەوەی روودەدات، شەڕێکی بێهوودەیە لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیو فەرمانڕەوایی وڵاتێک کە هێشتا لەبەردەم ئەگەرە مەترسیدارەکانی داهاتوودا، خۆیو کورسی سەرۆکایەتییەکەشی جێگیر نەبوون. ئەوەی لافی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان لێدەدات، پێش هەموو شتێک دەبێ لە کێوی غرووری خۆی بێتە خوارەوەو رێز لە شەرعییەتی یاساییو ئیرادەی خەڵکی وڵاتەکەی بگرێت، ئەو ئیرادەیەی لە سندووقەکانی دەنگدان هاتۆتە دەرەوە، چونکە تەنها لەم رێگەیەوە دەکرێت هەموو تواناکان لەپێناوی دەوڵەتدا یەکبخرێن.
مەنتیقی "بە دەنگ نیە بە سەنگە"، مەنتیقی کەسێکە کە هیچ حسابێک بۆ ئیرادەی خەڵکی وڵاتەکەی ناکات. خاوەنی ئەم مەنتیقە نایەوێ هەموومان پێکەوە کاربکەین، بەڵکو دەیەوێ هەموومان دوای ئەو بکەوین. بەم مەنتیقەش نەک دەوڵەت دروستناکرێت، بەڵکو وەک سەردەمی سایکس-پیکۆ بەرەو لێکترازانو پەرتبوونمان دەباتو ئەنجامیش جگە لە لەباربردنی دەرفەتێکی تر، هیچی دیکە نابێت. لەئەگەرێکی ئاوا نەخوازراویشدا، پێش ئەوەی لۆمەی بەرژەوەندیی زلهێزەکانو رێکەوتننامەکانیان بکەین، دەبێ لۆمەی خۆمانو سەرکردەکانمان بکەین کە لەپێناوی کورسیو دەسەڵاتی خۆیاندا، مێژووی شکستەکانمان دووبارە دەکەنەوە.
لە چاپی سێشەممەی ڕۆژنامەی ئاوێنەوە وەرگیراوە
PM:11:04:17/05/2016
ئهم بابهته 4267
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی