جەولەیەکی تری شەڕی راگەیاندن!

‌ ئاسۆس هه‌ردی


راگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دیسان دەستیان کردەوە بە هێرش و پەلامار بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان‌و نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە.

بەڵام بۆ وا کتوپڕ پارتی تەنگەتاو بووەو لەکاتێکدا کە لایەنەکانی تر باسی هەوڵی بەیەکگەیاندنی پارتی‌و گۆڕان دەکەن، بێ هیچ پێشەکییەک شەڕی راگەیاندنی دەست پێکردەوە؟ پێم وایە بەیاننامەکەی "نوێنەرایتیی حکومەتی هەرێم لە ئەوروپا -کە لەدەستی پارتیدایە" وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. پێدەچێ چالاکییەکانی سەرۆکی پەرلەمان لە ئەوروپا، تەواو هەراسانی کردبن.

نازانم چەند ساڵێ تری شەڕو ململانێی خوێناوی پێویستە بۆ ئەوەی حیزبەکانی ئێمە لەیەک تێبگەن ئەمە کۆڵانێکە دەرناچێ. بەدرێژایی شەڕی خوێناویی ناوخۆ لە کوردستان، هیچ هێزێک نەیتوانی حیزبێکی بە قەبارە بچووک‌و لاوازیش لەناو بەرێت. بینیمان چۆن سەرکردەکان یەکتریان دەکرد بە خائین‌و سوێندیان دەخوارد جارێکی تر دەست نەخەنە ناو دەستی رکەبەرەکانیان، کەچی دواتر بوونە برابەشی یەکتری. 

ئەم شەڕە دەنووکە تازە-کۆنەش هیچ شتێکی نوێی لێ سەوز نابێت، جگە لە دروستکردنی مەترسی لەناو دڵی خەڵکداو نانەوەی پشێوییەکی بێئەنجام لەم هەرێمە بچووکەدا، کە لەڕووی ئابوورییەوە داڕووخاوەو لە رووی سیاسییەوە لەدۆخی چەقبەستندایە، ئەویش لەکاتێکدا کە ناوچەکە لە ناسکترین‌و ئاڵۆزترین سەردەەمی خۆیدا نقوم بووەو بۆتە مەیدانی ململانێی هێزگەلێکی زەبەلاحی ناوچەیی‌و نێودەوڵەتی.

ئەگەر پارتی لەم دۆخە پڕ لەمەترسییەدا وەک خۆی دەڵێت، بەراستی لەخەمی یەکڕیزی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندایە، ئەوا بێ هیچ گومانێک یەکڕیزی بە زۆرەملێ‌و سەپاندنی بۆچوونەکانی بەسەر ئەو هێزانەدا کە وەک خۆی بیرناکەنەوە، دروست ناکرێت. بە ژێرپێخستنی دامودەزگا شەرعییەکان‌و یاسا بەرکارەکان نەک یەکڕیزی دروستناکرێت، بەڵکو خودی ئەم هەڵوێستە خوڵقێنەری قەیرانی بەردەوام‌و گەوەرەبوونی کەلێنەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە.

بە دان پێدانانی خودی جێگری سەرۆکی پارتی "لەدیداری مێری"دا، رێگەگرتن لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستان، کارێکی راست نەبوو. دیارە پارتی مافی خۆیەتی لەو رێکەوتنە سیاسییەی سەرۆکی پەرلەمانی پێ هەڵبژێردراوە پەشیمان بێتەوە، بەڵام وەک چۆن هەڵبژاردنەکەی سەرۆکی پەرلەمان، پاش "رێکەوتن‌و تەوافوقی سیاسی" لە رێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوەوە شەرعییەتی یاسایی وەرگرت، ئاواش لابردنی دەبوو- دەبێ بەهەمان شێوە بێت بۆ ئەوەی شەرعییەت وەرگرێت. تا ئەمەش روونەدات، سەرۆکی پەرلەمان شەرعییەتی دەنگدانی هەیەو زەبروزەنگ‌و شەڕە قسەو تۆمەتبارکردن ناتوانن ئەو شەرعییەتەی لێوەرگرنەوە.

بەداخەوە پێدەچێ جەولەیەکی تر لە گرژی‌و قەیران بەڕێوەبێت، کە بێگومان ئەمجارەش جگە لە سەرئێشەیەکی تر بۆ خەلكی ماندووی کوردستان‌و بەفیڕۆدانی کات‌و وزە لە زەمەنێکی سەخت‌و دژواری پڕ لەهەڕەشەدا، هیچ ئەنجامێکی تری نابێت.


AM:09:04:07/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 3666 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی