بای بای پەرلەمان بەخێربێی دیوەخان!

‌ ئاسۆس هه‌ردی


پارتی‌و یەکێتی بڕیار دەدەن لیژنەیەکی هاوبەش پێکبێنن بۆ ئەوەی لەگەڵ حزبەکانی تردا سەبارەت بەئامادەکاری بۆ ریفراندوم گفتوگۆ بکەن. پێش کۆبونەوەکانیش بەرپرسێکی باڵای پارتی رایدەگەیەنێ "ریفراندوم پێویستی بەیاساو پەرلەمان نیە!”

پێشەکی پێم وایە ئەگەر بەڕاست ئامانجەکە ئەنجامدانی ریفراندومێکە کە شەرعییەتی یاسایی‌و قورساییەکی راستەقینەی هەبێت، پێش هەمو شتێک پێویستە لەلایەن دامودەزگا شەرعییە هەڵبژێردراوەکانەوە زەمینەسازی یاسایی‌و ئامادەکاری پێویستی بۆ بکرێت، پاشان لەپرۆسەیەکی رون‌و شەفافداو لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەمە بابەتی ئەم وتارە نیەو ئەم مەسەلەیە جێدێڵم بۆ پسپۆڕانی بواری یاساو راپرسی.

ئەوەی جێگەی سەرنجە کۆبونەوەی بەپەلەی دو حزبەکەو ئەو لێدوانەی بەرپرسەکەی پارتییە. باشە ئەگەر لەپرسێکی چارەنوسسازی وەک ریفراندومدا پێویستمان بەو دەزگایە نەبێت کە ئیرادەی خڵکی کوردستان بەرجەستە دەکات‌و لەڕۆژی ئەمڕۆماندا تاکە دەزگایەکە شەرعییەتی دەنگی خەڵکی لەپشتەوەیە، ئیدی لەکێشەو گرفتەکانی تردا بۆچیمانە؟! من پێم وایە ئەم قسەیەی بەرپرسە بەڕێزەکەی پارتی، بەڕونی وێنەی شێوازی ئەو دەوڵەت‌و حوکمڕانییەمان بۆ دەکێشێت کە لەخەیاڵدانی پارتی‌و یەکێتیشدا ئامادەیە. لەم مۆدێلەدا دەشێت پرۆسەی هەڵبژاردن هەبێت، حکومەت‌و پەرلەمان‌و دەسەڵاتی دادوەری لەچوارچێوەی دامودەزگای قەبەدا دروست بکرێن‌و بودجەی زۆریشیان بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام ئەمانە هەر بۆ نمایش‌و خۆجوانکردنن بەڕوی دەرەوەدا. چونکە کە دێینە سەر مامەڵەی کرداری لەگەڵ واقیع‌و چارەنوسی کوردستاندا، دو حزبەکە دوبەدو کۆدەبنەوەو لەبری هەمو خەڵکی کوردستان‌و لەدەرەوەی هەمو دامودەزگا شەرعییەکان بڕیاردەدەن. پاش کۆبونەوەکەیش دەڵێن پەرلەمانمان بۆچیە؟ یا دەڵێن "ئەم مەسەلانە لەوە گرنگترن پەرلەمان بڕیاریان لەسەر بدات!” ئەی ئەوە نەبو دەیانگوت سەرۆکی هەرێم گەورەترە لەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە "تەعین!” بکرێت؟

لەهەمان کاتیشدا بەخێری خۆیان بڕیار دەدەن لەگەڵ حزبەکانی تریش کۆببنەوە، بەڵام نەک بۆ وەرگرتنی راوبۆچونیان، بەڵکو بۆئەوەی دوایان بکەون‌و شانازی بەشداریکردنیان لەم پرۆسە مێژوییەدا بەرکەوێت! خۆ ئەگەر هەر بۆچون‌و پێشنیارێکیان هەبێت کە لەگەڵ رێوشوێنەکانی ئەواندا نەگونجێت، ئەوە تۆمەتەکان لەئێستاوە ئامادەن. 

ئەوەی ئێستا دەیبینین، هیچ نیە جگە لەدوبارەبونەوەی دۆخی رێککەوتنی ستراتیجی، ئەوکاتەی مەکتەبی سیاسی هەردو حزبەکەو سەرکردەکانیان لەدانیشتنە داخراوەکانیاندا هەمو بڕیارە چارەنوسسازەکانیان دەردەکردو پۆست‌و داهاتەکانیشیان لەنێو خۆیاندا دابەش دەکرد. پاشان وەک نمایشێک پەرلەمانتارەکانیان رادەسپارد، بەپێی پێویست لەکاتی دەنگداندا دەست بەرزکەنەوە. تەنها جیاوازی ئەوەیە، لەئێستادا بەهۆی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوەوە دەنگدانی پەرلەمانیان بۆ مسۆگەر ناکرێت، بۆیە چیدی "پێویست بەپەرلەمان ناکات!” لەڕاستیدا هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکیی پەکخستنی پەرلەمانە. پەرلەمان ئەگەر جێگەی ئەشهەدوبیللا نەبێت، بەکەڵکی ئەو بەڕێزانە نایەت.

بۆیە ئەمڕۆ ئەگەر شتێک ئیرادە لەحزبەکانی تردا مابێت‌و هێشتا پابەندی دروشمە قەبەکانیان‌و ئەو بەڵێنانە بن کە بەدەنگدەرەکانیان داوە، نابێ هیچ سازشێک لەسەر شەرعییەتی پەرلەمان بکەن. وا نەبێ، دەبێ هەر لەئێستاوە بڵێین: بای بای پەرلەمان، بەخێر بێی دیوەخان!

له‌ئاوێنه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌


PM:12:50:04/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 7838 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی