بۆ یادی باوکم

‌ ئاسۆس هه‌ردی


لەبیرم دێ لەگەڵ رێبینی برام‌و چەند گەنجێکی خزم‌و هاوڕێمان سەرەتای خوێندنەوەمان بوو. گەنجینەکەمان کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی باوکم بوو، کە بەشێکی گەورەی لە ژوورەکەی من‌و رێبین دانرابوو. گەلێکجار رێدەکەوت بەدەم قسەو خوێندنەوەوە تا بەرەبەیان دابنیشتین. هەر ئەوەندەی بۆچوون‌و رایەکی تازەمان وەرئەگرت‌‌و قەناعەتمان پێ ئەهێنا، ئیتر لەسەری سوور ئەبووین‌. بە حوکمی حەماسەتی گەنجانەو بەوپێیەی تازە لەسەرەتای خوێندنەوەو فێربووندا بووین، هەرجارەو لەسەر بابەتێک دەبوو بە مشتومڕو دەمەقاڵێمان‌و ئامادە نەبووین گوێ لەیەکتری بگرین. زۆرجاریش دەگەیشتینە دەنگ هەڵبڕین‌و لێک تووڕەبوون. لەئەنجامیشدا دەگەیشتینە بنبەست‌و کەسمان نەیدەتوانی قەناعەت بەوی ترمان بێنێ.

چی بکەین؟ هەمیشە بۆ یەکلاکردنەوەی مشتومڕەکانمان بڕیارمان ئەدا بچینە لای باوکم‌و لەو بپرسین. ئیتر ئەویش راهاتبوو، هەر کە بە کۆمەڵ ئەچووینە ژوورەکەی، یەکەم پرسیاری ئەوە بوو: ها خێر! ئەمجارەیان کێشەکە چیە...؟ بەوردی گوێێ لێ ئەگرتین، ئینجا چەند پرسیارێکی لێ ئەکردین‌ بۆ ئەوەی بزانێ هەر یەکەمان چۆن تێی گەیشتووین؟ پاشان بە هێمنییە هەمیشەییەکەی خۆیەوە زۆر بە سادەیی بۆچوونی خۆی بۆ روون ئەکردینەوە.
ئەوەی هەرگیز لەبیرم ناچێتەوەو بووە بە دەرسێک بۆ هەموو ژیانم، دوا قسەی بوو. هەمیشە لە کۆتایی قسەکانیدا ئەیوت: "ئەمە رای منە. ئەگەر قەناعتتان پێ کردووە، سەر سەرو سەرچاو، ئەگەر قەناعتتان پێی نیە، ئەوە کتێبخانەیەکی گەورە لەبەردەستاندایە. بڕۆن بخوێننەوەو وەڵامی پرسیارەکانتان بدۆزنەوە".

هەرگیز بیرم نایەت رۆژێک لە رۆژان زۆری لێکردبین ئێمەش وەکو ئەو بیر بکەینەوە، یا تەنانەت هەوڵیدابێت ناچارمان کات ئەو رێگەیە هەڵبژێرین کە ئەو لە ژیانی خۆیدا هەڵی بژاردووە. قەناعەتی تەواوی بە بۆچوونەکانی خۆی هەبوو، هەمیشەش سەرسەختانە، بەڵام بە مەنتیق داکۆکی لێ ئەکردن. ئاخر قەناعەتەکانی بەرهەمی ئەزموونێکی دوورو درێژی تەمەن‌و خوێندنەوەیەکی قووڵ‌و فرە رەهەند بوون. لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز مافی ئەوەی بەخۆی نەئەدا خەڵکی تر بەزۆر وەکو ئەویان لێبێت، بەڵکو هەمیشە رێگای گفتوگۆی مەنتیقی‌و قەناعەت پێهێنانی بەرامبەرەکەی هەڵ ئەبژارد، تەنانەت بۆ ئێمەش کە منداڵی ئەو بووین‌و هەقی باوکایەتی بەسەرمانەوە هەبوو.

بەم شێوەیەش، بێ ئەوەی هیچ وشەیەک بدرکێنێ وانەیەکی فێرئەکردین کە پێم وایە لە هەموو خوێندنەوەو کتێبەکان کاریگەرتر بوو: "هەقیقەتی رەها لای هیچ کەسێک نیە. دەشێت ئەو کەسەی کە زۆر بەهەڵەی ئەزانی، دیوێکی راستیت پیشان بدا کە تۆ نایبینی، بۆیە ئەبێ رێز لە بۆچوونی بەرامبەرەکەت بگری. ئەگەر مەبەستیشت ئەوەیە کاریگەریی لەسەر دابنێی، باشترین رێگە گفتوگۆی مەنتیقییە، نەک زۆرلێکردن‌و خۆسەپاندن".
ئەمڕۆ ٢٩ی تشرینی یەکەم، ٩ ساڵ بەسەر کۆچی هەمیشەیی باوک‌و مامۆستام (ئەحمەد هەردی)دا تێدەپەڕێت. ئەو کەسەی هەرچییەک ئەزانم ئازایەتی‌و بەرهەمی پەروەردەی ئەوەو ئەوەش کە نایزانم، ئۆباڵی لەئەستۆی کەمتەرخەمی‌و تەممەڵی خۆمە.
رۆحی شادو یادی هەمیشە زیندوو بێت.


PM:04:29:29/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 4972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی