‌ناو و رەفتار بەبۆنەی ناوگۆڕینی کۆمەڵی ئیسلامیەوە
PM:08:45:19/02/2021
مەجید ساڵح

(1)
وەک چۆن مەرج نییە ئەوەی ناوی (هێمن) یان (ئارام) بێت، ئیتر لەرەفتارو هەڵسوکەتیا هیمن یان ئارام بێت.. یان ناوی (سادق) بێ کەسێکی راستگۆ بێت.. ئاواش مەرج نییە هەر حیزبێک ناوی دیموکرات یان سۆسیال دیموکرات بیت، ئیتر ئەو حیزبە پابەندی دیموکراسی بێت یاخود کەدەسەڵاتی گرتەدەست دیموکراسی پەیڕەو بکات.. لە کوردستان نمونەی وامان زۆرە.. دروشمەکەی دیموکراسییە، کەش هەناسە ئازادەکان دەخاتە زیندانەوە،..

(2)
چەند ساڵێکە لە ناو کایرەکانی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، بەتایبەت کۆمەڵی ئیسلامی، کێشەی پاشگری ئیسلامی بووەتە بار بەسەریانەوە و بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕان لە کۆڵی خۆیانی بکەنەوە، لەم کۆنگرەیەی دوایدا زەمینە لەبار بوو  جیبەجییان کرد.. لە راستیدا ئەوە جورئەتێکی زۆری دەویست..

ئەزمونی لادانی پاشگری ئیسلامی لە ناو حیزبە ئیسلامییەکانی وڵاتانی مەغریبی عەرەبی بەتایبەتی تونس و مەراکش سەری هەڵدا، ئەو وڵاتانە کاریگەری کولتووری کۆلۆنالیزمی فەرەنسی بەسریانەوەیە، کە کولتوورێکی لیبراڵترە لە چاوی کولتووری وڵاتە کۆلۆنالیستەکانی دیکەی ئۆرۆپا..  ئیخوانەکانی تونس و مەراکش ناوی حیزبەکانیان گۆڕی بۆ (نەهزە)  و (عەدالت و تەنمیە)، ئەوە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەدەستهێنانی دەنگی غەیرە ئیسلامییەکان و رازی کردنی دڵی دەنگدەر، یانیلە قەناعەتێکی سەد دەرسەد نەبووە.. ئەوانیش لەچاو لێکەری حیزبی عەدالەو تەنمیەی ئەردۆغان بوو.

(3)
بۆ من کە لەدورەوە مامۆستا عەلی باپیر دەناسم، بەڵام بەردەوام موتابەعەم کردوە، ئەم قەرارە زۆر موفاجەئە نەبوو  چونکە دەزانم لە پاڵ شارەزاییە زۆرەکە لە ئموری شەرعی و فیقهیدا هەیەتی، سیاسەتمەدارکی پراکماتیکی کەم وینەیە.. لە سەرەتای راپەڕیندا کەسێکی ئسوڵی و توندرەو بوو، دیموکراسیەتی لە ئەلفەوە بۆ یا بە کوفر و ئیلحاد دەزانی، هۆکارەکەشی ئەوە بوو لە پشتیەوە هەزاران جەکداری گیان لەسەر دەست وەستابوون، کۆمەڵگایەکی ئامادەش هەبوو بۆ تەقەبول کردنی بیروباوەڕە توندەکانی.. هەر بۆیە چووە جەنگێکی بێ ئەمانەوە لەگەڵ ئەوانەی پێی وا بوون ئەهلی کوفرن. 

بزوتنەوەکەی لەو جەنگەکەدا بە پارجە پارچەیی و دۆڕاوی شەر دەرچوو.. بەڵام ئەمە وای نەکرد مامۆستا لە ساحەکە دەرچیت، بەڵکو خەسڵەتە پراکماتیزمەکەی وای کرد خۆی لەگەڵ دۆخی تازەدا رابینێ و لەگەڵ نەیارەکانی دوینێ هەڵبکات و بسازی..لە دوای روخانی سەدام هەرچەندە ویستیان لە ریگەی زیندانی کردن و تۆمەت بۆ هەڵبەستنەوە پاڵی پیوە بنێن بۆ گەرانەوە بۆ سەردەمی جیهاد، بەڵام جیهاد بۆ ئەو ببوە بەشێک لە رابردو، بۆیە نەکەوتە تەپکەکەوە و خۆی راگرت و لەگەڵ دۆخی نوێی عێراق و کوردستاندا خۆی گونجاند و چووە پرۆسەی دیموکراسییەوە و لەو حیزبانەی حەفتا ساڵە باسی دیموکراسی دەکەن، جوانتر مامەڵەی لەگەل دیموکراسیەتدا کرد.
بەردەوام بوونی لەسەر ئەم نەهجە کارێکی زۆر پۆزەتیڤە هەم بۆ خۆی و هەم بۆ حیزبەکەی. 

بەڵام مەرج نییە گۆڕینی ناوی حیزبەکەی بیگەیەنیتە هەموو ئەو خەیاڵەی ئەو دەیەوێت پێی بگات، جونکە ئەزمونی ئەردۆغان نەبوونی پاشگری ئیسلامی و رەفتارە فاشیست و توند رەوەکانی خەلکی هۆشیار کردوەتەوە..بە ئاسانی قەناعەت ناکات..
کورد واتەنی یاخوا کۆمەڵی دادوەری کوردستان ناوگیر بیت و ناوەکەی بەخۆیەوە بێت..


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.