‌چاکسازی و دوژمنەکانی
AM:11:17:16/09/2019
مەجید ساڵح

ئەمە یەکەم جار نییە دەسەڵاتدارانی کوردستان جەنگی دژ بە گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی رادەگەیەنن، پێشتریش و لەسەرەتا و ناوەراستی هەموو کابینەکاندا پرسی ئەنجامدانی ریفۆرم و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی گەرم دەبێت و لە گەڵ خۆیدا هەڵایەکی میدیایی دروست دەکات و ئومێدێکی کاتیش لە ناو خەڵکدا دروست دەبێ.

ئەوەی نوێ و گرنگە لەم خولەی بانگەشەی چاکسازیەدا، ئەوەیە حکومەتی هەرێم بە پرۆژە یاساییەکەوە بە بە گوڕوتینێکی جیاوازەوە هاتووەتە پێشەوە و سورە لەسەر ئەوەی چاکسازییەکی گشتگیری و بنەڕەتی ئەنجام بدات.

راستە دەرکردنی ئەو یاسایە گرنگە، بەڵام ئەزموونی رابردوو پێمان دەڵی هەم یاساکە و هەمیش راگەیاندنی ئەنجامدانی چاکسازی و ریفۆرم، چەندین ئاڵنگاریی ناوخۆیی و دەرەکیان لەبەردەمەدایە و تێپەڕاندنیان قورسە و ئیرادەیەکی راستەقینە و یەکلایکەرەوەی دەوێ، چونکە هەرکاتێک باس لە چاکسازی دەکرێ، دوژمنەکانی چاکسازی دەکەونە خۆیان و دەیان کۆسپ و لەمپەر دروست دەکەن بۆ ئەوەی ئەو چاکسازییە سەرنەگرێ و هەر وەک دروشمێک بمێنێتەوە.

سەرەکی ترین دوژمنانی چاکسازی ئەو کەس و لایەنانەن کە بازرگانی بە چاکسازییەوەوە دەکەن. ئەمانە دروشمی چاکسازی هەڵدەگرن لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێستایان یان مەرامێک کە لە داهاتوودا بەدەستی بهینن، یان بۆ تێپەڕاندنی ئەجەندا و دەسکەوتێکی سیاسی و ئابوری شەخسی یان حزبی دروشمی چاکسازی بەرز دەکەنەوە.

ئەم جۆرە شەخس و حزبانە، میدیاکان دەکەن بە سەکۆیەکی هەمیشەیی بۆ دروشم و بانگەشەکانیان و بەناوی چاکسازییەوە دروشمی گەورە و داخوازی نائەقڵانی و بەڵینی نابەجێ دەدەن بە خەڵک و لە جیاتی کارکردن، لەناو دروشم و بانەگەشەدا نوقم دەبن.
دوژمنێکی دیکەی چاکسازی کەسانی نییەت پاک، بەڵام خاوەن تێڕوانینی روکەش و ساویلکانەن. لە رابردوودا هۆکارێکی سەرەکی پەککەوتنی پرۆسەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی پرۆژە رووکەش و کورت مەودا و نا واقیعیەکانی ئەم جۆرە کەسانەوە بووە. ئەم جۆرە کەسانە هەندێ جار ویستویانە لە رێگەی گوشار و ئەنجامدانی هێزەوە ریفۆرم بکەم، بەڵام لەبەر نەخوێندنەوەی واقعەکە بە کارەسات کۆتایی هاتووە.

دوژمنێکی دیکەی چاکسازی بۆ حاڵەتی کوردستان، وڵاتانی دەوروبەرە. ئەمانە هەرگیز نایانەوێ لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتێکی شەفاف و خزمەتگوزار هەبێ بۆ ئەوەی نەبێتە ئولگویەکی باش بۆ کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و ئەو گریمانەیە درێژە پێ بدەن کە کورد هەرگیز ناتوانێ خۆی بەڕێوە ببات.
بۆیە لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەوەی دەیەوێ چاکسازی بکات کەس دەستی نەگرتووە، دروشمی بێ کردار هەم بە زیان بۆ خاوەنەکەی و هەمیش بۆ کۆمەڵگا دەشکێتەوە..


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.