کێ لێی بپرسێ «من این لک ھذا؟»

‌مەجید ساڵح


(١)
دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە دیدارێکدا رایگەیاند "مەترسیەکە لەوەدایە گەندەڵى ببێتە کەلتور، بۆیە پێویستە میکانیزمەکانى روبەڕوبونەوەى گەندەڵى بەتەواوەتى کارى لەسەر بکرێت لە بونى چاودێرییەکى بەهێز لەلایەن پەرلەمان و دیوانى چاودێرى و دەستەى دەسپاکى و داواکارى گشتى و دامەزراندنى دادگایەکى تایبەت بە کەیسەکانى گەندەڵى»
ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو دەستەیەوە تا ئەمڕۆ ماوە ماوە  ئەو جۆرە لێدوانانە گەرم دەبن و پاش ماوەیەکی دیکە دەبیستین کە لە ئێستادا چەند کەیسێکی گەندەڵی لە بەردەسی دادوەرەکاندایە، بەڵام ھیچ کات گوێمان لەوە نەبوو فڵانە بەرپرسی باڵا یان فیسارە پەرلەمانتار و وەزیر رەوانەی زیندان کران بە بۆنەی ساغ بوونەوەی گەندەڵی بەسەریدا، پێش ناچێ بەم نزیکانە ھەواڵی لەو شێوە ببێتە مانشێتی ماس میدیاکان.

(٢)
لە کارنامەی کابینەی مەسرور بارزانی سەرەکیترین گوتار گوتاری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیە؛ لە دواین وتاریشیدا لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست جەختی لەوە کردوەتەوە و بەو پێیەی   تموحی سیاسی ھەیە و لە دۆخەکە باش تێ گەیشتووە  ، ئەمە کارەکەی بح دکتۆر ئەحمەد و دەستەکەی ئاسان کردوە بۆ ئەوەی ئەو لێدوانانەی کە چەندین ساڵە بەبێ کردار ماون پراکتیزە بکات و ھەرێم لە مقۆمقۆی گەندەڵی رزگار بکات.

(٣)
گەندەڵی لە کوردستان شاراوە نییە، بگرە ھەندێ بەرپرس  شانازی پێوە دەکەن و بەبێ ئەوەی سڵ بکەنەوە باس لە سەرمایەکانیان دەکەن.  ھەر بۆ نمونە پەرلەمانتاری وا ھەیە کاتێک  فۆرمی سەروەت و سامانەکەی  بۆ  دەستەی دەستپاکی ئاشکرا کردوە  ھەموو سەرمایەکەی تەنھا چەند دەفتەێک بووە، کەچی لە ماوەیکی کەمدا بووەتە سەرمایەداری ملێۆنی و خاوەن براندی تایبەت بە خۆی، ئالێرەدایە دەستەی نەزاھە دەبێ لە جیاتی خەڵک بەدواداچوون بکات بۆ ئەوەی بزانێت چلۆن لە ماوەیەکی کەمدا ئەم سەروەتەت کۆ کردوەتەوە، ئەی بۆ لە کاتی پڕ کردنەوەی فۆرمی سەروەت و داھاتدا باست لەوە نەکردوە؟

بەڕای من حکومەتی ھەرێم گەر بە جیدی دەیەوێ گەندەڵی بنبڕ بکات  و نەھێڵێت ببێ بە کولتوور، دەبێ دەستی دەستەی  دەستپاکی واڵا بکات و پشتیوانی بێت، پەرلەمانیش دەبێ لە ھەموارکردنی یاساکان و دەرکردنی یاسای دیکەدا کە کاری ئەو دەستەیە ئاسان بکات.


AM:10:10:20/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی