بزوتنەوەی گۆڕان و رەخنەگرەکانی

‌مەجید ساڵح

رەنگە ئەم کاتە گونجاوترین کات بێت بۆ ئەوەی گۆڕانخوازان راوسەرنجی خۆیان سەبارەت بە بزوتنەوەکەیان و کارایی و ناکارایی هەڵسوڕاوە کاربەدەستەکانیان دەربڕن، چونکە نە هەڵبژاردنێک لە ئارادایە تا بڵێین مەترسی بۆ سەر ساردکردنەوەی ئەندام و لایەنگرانی هەیە، نە دۆخی حزبەکانی دیکەش ئەوەندە باشە تا ببێتە هۆی ئەوەی گۆڕانخوازان و دەنگدەرەکانی بەرە و ئاراستەی ئەوان بچن. کەواتە دەرفەتێکی باشە نەک هەر بۆ گۆڕانخوازان، بەڵکو بۆ خەڵک بەگشتی و چاودێران و خەمخۆرانی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان رەخنە و پێشنیاز و راسپاردەکانیان بخەنەڕوو؛ لە چوارچێوەی بۆڵەبۆڵ و قسەی لابەلا بیانخەنە سەر کاغەز. 

هەڵسوڕاو کاربەدەستانی گۆڕانیش لە جیاتی هەڵچون و رەتکردنەوە و وەڵامدانەوە باشتر وایە لیژنەیەک پێکبهێنن بۆ کۆکردنەوەی هەموو بیروڕاکان و بە سینگی کراوە بەرەڕویان ببنەوە. سروشتی هەموو چالاکییەکی مرۆڤ وایە بەو ئیستیعاب کردن و تەقەبوڵ کردنی رەخنە سەرکەوتوو تر دەبێ.

دەبێ بزانین رەخنەگرتن و دەرخستنی هەڵەوکەموکوڕییەکانی بزوتنەوەکە، گەر عاقڵانە مامەڵەی لە گەڵدا بکرێ لە خزمەتی گۆڕاندا، نەک بە پێچەوانەوە. خودی کاک نەوشیروان هەرکاتێک بیویستبایە بڕیارێک بدات یان هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارێکی بزوتنەوەکە بکات، هەفتەیەک تەنیا ئەو خەڵکانەی دەبینی کە راستییەکانیان بۆ باس دەکرد و خۆی لە بینینی خەڵکە نزیک و کاربەدەستەکانی ناو گۆڕان دوردەخستەوە.

گۆڕان بزوتنەوەیەکی فرە ئاراستەیە و هەر لەبەر ئەوەش ناونراوە (بزوتنەوە)، خەڵکانێکی تێدایە لە دیدی ئاینەوە دەڕواننە دۆخەکە، هی وایان تێدایە کۆمەنیست و چەپگەرایە، و هەن ناسیۆنالیستانە بیر دەکەنەوە و لیبرال و ریفۆرمیستەکانیش رۆڵ و کاریگەریان هەبووە لە سەرخستنیدا؛ بۆیە شتێکی سروشتییە لە بڕیار و بیرکردنەوەدا رای جیاواز و بگرە زۆر دژ بەیەکیش هەبێت، پێشتر پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا بە حوکمی زاڵبوونی ئایدۆلۆژیا و تەک ئایدۆلۆژیایی حزبی، زۆربەی حزبەکان سروشتی قازیان وەرگرتبوو، بە یەک قیقە، هەموو ئەوانی دیکەش دەکەوتنە قیقەقیق.

ماوەتەوە چۆن ئەم رەخنە و پێشنیاز و تەنانەت پەلاماردانانەش بە ئاراستەیەکی سروشتیدا ببرێن، بەڕای بەندە ئەمە دوو لایەنەیە:

یەکەم: پەیوەستە بە هەڵسوڕاوەکانی گۆڕانەوە و ئەو کەسانەی کە رخنەو پێشنیاز و بۆچوونیان هەیە، سەرەتا واباشترە لە لە رێگەی ئۆرگانەکانی حزبەوە بدرێن بە کاربەدەستان و راپەڕێنەرانی کاروبارەکانی بزوتنەوەکەوە.

دووەم: را و سەرنجی ئەو خەڵکانەی کە دەنگدەر و لایەنگر و تەنانەت دژی گۆڕانن، ئەمانە دەبێ بە وردی دیراسە بکرێن و ئەوەی راستی و حەقیقەتی تێدایە دیراسە بکرێت و ئەوەشی بۆ شکاندن و شێواندنی بزوتنەوەکەیە بە هێمی وڵام بدرێنەوە، نەک بە پەلامار و هێرش کردنە سەر.

بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دروستکردنی  و بەرپاکردنی کلتور و نەریتێکی نوێی کاری سیاسی و جەماوەری دروست بووە، نابێ بە هەمان میکانیزمی کۆنی حزبایەتی ستالینی مامەڵە لە گەڵ رخنەگرەکانیدا بکات.


AM:10:32:08/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 5355 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی