كارتی سەربەخۆیی

‌مەجید ساڵح


لەو چەند رۆژەدا لە بەغداوە هەم لەسە ئاستی دەسەڵات و هەمیش لە سەر ئاستی حزبەسیاسیەكان و جەماوەی عەرەبەوە، هەندێ ئیجرائات لە دژی كورد گیرایە بەر، هیچی جیاواز نییە لەگەڵ ئەو ئیجرائاتانەی كە حكومەتەكانی عێراق لە بیستەكانەوە تاوەكو ئێستا لە گەڵ كورددا دەیكەن. ئەمەش نیشانەیەكی زەقە بۆ ئەوەی مانەوەی كورد لە چوارچێوەی ئەم قەوارەییە هیچ نییە جگە لە دووبارە بوونەوەی ئەو كەش و هەوایەی سیاسییە كە لە ١٠٠ ساڵ رابردوودا بەسەر كورددا هاتووە.

لابردنی پارێزگاری كەركوك گەر لەبەر ئەو ٥٤ كەیسە گەندەڵیەی لەسەریەتی و زۆربەیان لە لایەن دەزگای نەزاهەی عێراقییەوە پشت راستكراوەتەوە بوایە، زۆر ئاسایی بوو، داگیركردنی ئەنجومەنی مەندەلی و بەڕێوەبەری ناحیەكە گەر لەبەر ئیهمالی و گەندەڵییەكانی بوایە، جێگەی شانازی بوو، بەڵام سزادانی كەركوكییەكان مەندەلاوییەكان كە نابێ پارێزگارەكەیان كورد بێ و داوای خواستە نەتەوەییەكانیان بكەن، ئەمە هیچ نییە جگە لە درێژەدان بە سیاسەتەكانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا، هیچ نییە جگە لە هەڕەشەی داگیركردنەوەی كوردستان گەر بۆیان كرا.. نیشانەیە بۆ ئەوەی عەرەبەكان نەگۆڕاون و ناگۆڕێن.

(٢)
پارتی و بەرزانی سەرقاڵی لایەنە سیاسییەكانیان بە كاروباری ناخۆییەوە بە هەل زانی و بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و قەیرانی دارایی و ئەو گرێبەستە پەنجا ساڵیەی كە لە گەڵ حكومەتی توركیادا بەستوویانە بۆ بەتاڵان بردنی نەوت وغازی كوردستان، مەسلەی سەربەخۆیی كوردستانیان كردە كراسەكەی عوسمان، لە رێگەیەوە كۆمەڵگای كوردیان دەرگیری جەنگێك كردوە لە گەڵ شۆفینیزمی عەرەبی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشیان بەشێوەیەك وروژاندوە، لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی لە كێشەی رەوای كورد بكەن، هەمویان بوونەتە برای پشتیوان بۆ عەرەبەكان.

(٣)
لە هەمووی خراپترخەریكە جەوێكی وا دەخولقێنرێت هەركەسێك لە دژی داگیركەری عێراق قسە بكات و باسی سەربەخۆیی بكات پێیان وایە لە گەڵ ئەم مەهزەلەیەی ریفراندۆمە و ئەنواع ناوناتۆرەی لێ دەنێن.. دروستكردنی ئەم هەلومەرجە سیاسییە لەلایەن پارتیەوە، نابێ وا لە خەڵكی ئێمە بكات دڵی بە داگیركردنەوەی مەندەلی و لادانی فڵان بەرپرسی كورد خۆش بێ و پیی وابێ بەهێزی مالیكی واتە لاوازی پارتی..

ئەمە رێك ئەو یارییەیە كە پارتی ئەیەوێ لایەن سیاسییەكانی دیكەی بۆ پەلكێش بكات، چونكە ئەو بەلایەوە گرنگ نییە مەندەلی وجەلەولا و دووز خورماتوو كەركوك چی بەسەر دێ، ئەو دەزانێ مالیكی چەند بەهێز بێ و چەند توند قسە بكات قازانی ئەوی تیایە، خوای ئەكرد ئەمڕۆ هەرچی كوردی فەیلییە ئاوارە دەبوون یان ژنەكانیان وەك ئیزیدییەكان دەبران، گرنگ ئەوە ئێستا لە ژێر تەپوتۆزی هەڕەشەكانی مالیكیەوە، مەسەلەی ئاڵوگۆڕی سیاسی و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات و شەفافیەت لە داهات و خەرجیەكاندا كەس نایبینێ و كەس باسی ناكات.

كورت و پوخت ئەوەیە هێزە سیاسییە و نوخبەی رۆشنبیری دەبێ لە پاڵ خەباتكردن بۆ دادپەروەری كۆمەڵایەتی و دروستكردنی سیستمێكی دیموكراسی لە كوردستان، دەبێ كارتی سەربەخۆیی كوردستان لە دەستی ئەوانەدا دەربهێنن كە بازرگانی پێوە دەكەن.



PM:06:02:16/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 4944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی