تاڵەبانی کوڕ و بەردەوامی لە حوکمڕانی درووست

‌سەمیر هەورامی

پاش بەدەستهێنانی زیاتر لە ١٨٢ هەزار دەنگ لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ، بەخۆشحاڵیەوە ھەڤاڵ قوباد تاڵەبانی جارێکی تر متمانەی پەرلەمانی کوردستانی پێ دراو وەکو جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت. ئەوەش مانای بەردەوامیدانە بەو پلانە چاکسازییەی کە لە کابینەی ھەشتەم دەستی پێ کرد، ھەرچەندە دۆخی ناھەمواری کوردستان دەستکراوەی نەکرد بتوانێت وەکو خۆی بەرنامەکەی جێبەجێ بکات کە پڕاوپڕ رەنگدانەوەی پێویستییەکانی قۆناغەکە بوو، بەڵام لە چەندین ڕووەوە ھێڵکاری بەردەوامیدان و بەرەوپێشچوون کراوە و بەرچاوڕوونین کە چی کراوە.

جگە لە درێژەدان و مکوڕبوون لەسەر پلانەکانی چاکسازی کە لە کابینەی ھەشت کە دەستی پێکرا وبناغەی سەرەکی حوکمڕانی درووست دانرا بە جێبەجێ کردنی سیستەمی تۆماری بایۆمەتری و دەستکرا بە پڕۆژەی خزمەت بۆ باشتر خزمەتکردنی ھاوڵاتیان وھەندێک چاکسازیتر، دڵنیام لە کابینەی نۆیەم بەردەوام وپێداگریش دەبین لەسەر ئەو بەرنامەیەی بۆ ئەم کابینەیە دانراوە کە جەنابی قوباد تاڵەبانی وەک کەسی دووەمی حکومەت ھەمان رۆڵی دەبێت بە ھاوکاری ھەموولایەک.

کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم، گشتگیر و کەلێنگرە. ھەموو لایەنەکانی بەشدار لە حکومەتیش دەزانین کە ئیتر بارستایی و سەنگ پەیوەستە بە ئەندازەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە ودەبێت خەڵکی کوردستان بە ڕۆیشتن بەرەو حکومڕانییەکی خزمەتگوزارتر ناچاری حکومەت بکات و نزیک ببینەوە لەوەی ھاونیشتیمانییان تەواو لە خۆمان ڕازی بکەین و لەوەش تێبگەین کە گەورەترین تەحددا لەبەردەم  ئەم کابینەیە تەحەددای خزمەتە بۆیە دەبێت سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ھەموو وەزیرە بەڕێزەکان بە کاری جوان و خزمەتی باش رووبەرووی ئەم تەحەددایە ببنەوە و خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەن.

گەشبینین بە پلانەکانی حکومەتی نوێی ھەرێم، وخەڵک چاوی لە کاری پێکەوەییە لەم کابینەیە ودەبێت ورد بیر لە ھەماھەنگیی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی کوردستان وعێراقیش بکەینەوە. قەرزی ئارامگری و خۆڕاگرییەکانی ھاونیشتیمانییان دەبێ بدرێتەوە و  پڕکار و ماندوونەناس بین. وەفادار بین بەو بەڵێنانەی لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا، بە دەنگدەران دراوە. وەفادارییەک لە ئاستی چاوی پڕ چاوەڕوانیی کۆمەڵانی خەڵکدا بێت. بۆیە پێکەوە دەست لەناو دەست بۆ بەدەستھێنانی ئارامی، ھەلی کار و خزمەت، بۆ پێشەوە ھەنگاو دەنێین.


PM:09:32:10/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی