یەکڕیزی و پەند وەرگرتن...‌

‌ ڕێباز حەملان

روداوەکانی ئەمرۆی دوز خورماتو و هەفتەی رابردوی پەرلەمانی عێراق زەنگێکی مەترسیدار و ئاگادار کەرەوەیە بۆ دەسەڵاتداران و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم ئەگەر پەندی لێ وەرنەگرن ئەوا کارەساتی نەخوازراوی زیاتر رو لە داهاتوی کوردستان و  میللەتەکەمان دەکات، بە داخەوە قیادەی سیاسی هەمیشە رابردووە تاڵەکانیان لەبیر خۆیان بردۆتەوە ئەگینا دەبوە دەرسێکی باش بۆ کار و سیاسەتی داهاتویان.

دو ساڵە سەدان شەهیدی قارەمان دراوە بۆ پاراستنی هەرێم و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دژ بە تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئەوەتا هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی حەشدی شەعبی وەک بۆمبێکی مەترسیدار چەندین جارە لەناو دوز خورماتو هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ ئارامی ناوچه‌ كورد نشینه‌كان و ده‌بنه‌ هۆی رشتنی خوێنی پاكی خه‌ڵكی دوزخورماتو و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانی كوردستان و خه‌ڵكی بێتاوان.

ئێستا داعش بەردەوام مەترسی گەورەیە بۆ کوردستان و عێراق و هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شەعبی و قیادەی عێراق ئاوا مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن ئاخۆ دوای رزگارکردنی موسڵ و نەمانی داعش ئەبێت چەند مەترسی بۆ کورد پەیدا بکەن، دەبێت لە ئێستاوە پەند لەم ڕوداوانە وەربگیرێت و بارودۆخی کوردستان ئاسایی بکرێتەوە و پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە بۆ گەراندنەوەی یاسا و شەرعیەت وه لایەنە سیاسیەکان نێوماڵی کورد رێک بخەنەوە.

بۆچی ئاساییە چەندین جار وەفدی کورد بچێتە بەغداد بۆ چارەسەری کێشە دارایی و سیاسییەکانی کە هیچیشی لێ سەوزنەبو، بەڵام ئاسایی نیە لەگەڵ هاوخەبات و هاو زمانی خۆتان نەرمی نەنوێن و دانەنیشن. ئەوەی دەرکەوت هیچ لایەنێک لایەنێکی تری پێ ناسڕێتەوە و ئەوەی رونە ئەوەیە دوای هەمو کێشە و ململانێ و شەڕی راگەیاندنەکان و شەڕە تەقەش؛ هەر دەبێت لە کۆتایدا لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، هەرێمی کوردستان ئامانجی گەورەتری هەیە و ئەوەش بەیەک ریزی دێتەدی و یەک ریزیش بە یەکتر قبوڵکردن و سەروەری یاساو چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی دەبێت، کێ دەسەڵاتی زیاتر و کێ پلە و پایەی زیاترە دەبێت ئەو دەست پێشخەر بێت.


PM:10:29:24/04/2016

ئه‌م بابه‌ته 1532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی