لێواری هەرەس
سەرکەوت شەمسەدین
پێشبینیکردن و خوێندنەوە بۆ ئایندە پرسێکی ئاڵۆزە و هەموان ناتوانن پێشبینی بکەن، بەتایبەت هاوڵاتی ئاسایی. بەڵام ترسناکە سیاسی و بریار بەدەست خۆی چەواشە بکات و لەسەر بنەمای خۆچەواشەکردن بریاربدات.
ئەمە چیرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ە، چیرۆکێک کە زۆرێکمان پێشبینی شکستی سیاسەتی "سەربەخۆ تاڵانکردنی نەوت" و قایمکردنی پایەکانی حوکمی بنەماڵەیی کردبوو، هاوارمان کرد و تکامان کرد کە هێزەکانی تر شوێن ئەو قومارە ترسناکە نەکەون و پێشبینی کارەساتەکەمان کردبوو.
ئەو کات یەکێتی و بەشێک لە گۆڕان سەرمەستەنا شوێن ئەم پرۆژە ترسناکە کەوتن، ئێستا پەنجەی پەشیمانی دەگەزن ، بەڵام پاش چی؟
کاتێک مەسعود و مەسرور ملهوڕانە ریفراندۆمیان ئەنجامدا بەتەنیا نەبوون، بەڵکو یەکێتی و گۆڕان و حزبە ئیسلامییەکانیش رەگەڵ کەوتن و پەلەیان بوو "شەمەندەفەرەکەی بارزانی" جێیان نەهێڵێت، بەڵام ئەنجامەکەی هەڵدێرانی شەمەندەفەر بوو بە سەرنشینەوە، ئێستا هەموان دان بە هەڵەکەدا دەنێن، بەڵام پاش چی؟
ئەوکات هەمووتان شوێن بارزانی کەوتن و لاقرتیتان بە ئێمە دەکرد، گوایە ئێمە لە حقدی بارزانی دەڵێین نەخێر بۆ ریفراندۆم.
ئاساییە و هەنێجار لە سیاسەت دا نایپێکی و بەهەڵەدا ئەچی، بەڵام ناکرێت چەندبارەی بکەیتەوە.
ئێستا پاش چەند رۆژێکی تر دەرفەتێکی زێرین دێتەبەردەستی گروپی (۱٥) و فراکسیۆنی یەکێتی بۆ بەرگرتن لە هەرەسی یەکجاری و پێشخستنی پرۆژەی بەدیل بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی هەرێم بۆ سەر رێڕەوی دەستوری و یاسایی خۆی کە تاکە رێگەیە بۆ گەرەنتیکردنی مافەکانمان لە عێراق، ئەو دەرفەتەش پرۆژە یاسای بودجە یە کە خاڵی دەسپێکە بۆ رزگارکردنی کوردستان.
لە ئێستادا بارزانی سەرکردایەتی سیاسەتی "گۆشتی رانی خۆماندەخۆین لە منەتی بەغداد باشترە" ئەکات و رای گشتی دژی رێکەوتن لەگەڵ بەغداد هان ئەدات، و بەرەو نادیار ئەمانبات.
ئێتر سیاسەتی دوو فاقی لەژێر ناوی "قەوارە" و وەهمی قەومی دادی کەس نادات.
دەرفەتێکی گرنگمان لەبەردەستە بۆ راکێشانی رەشوەکەی بارزانی، ورێگرتن لەوەی جارێکی تر هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵدێرێکی تر ببات.
ئەمجارە لەبری بارزانی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی تەحەمولی بەرپرسیاری گەورەتر ئەکەن لە ژێر هەر ناوێک شوێن پرۆژەی ملهوڕانەی بارزانی بکەون.
ئێوە رەنگە لە چەتەگەری و کۆکردنەوەی پارە بە بارزانی نەگەنەوە، بەڵام دەرفەت هەیە لە سیاسەت دا بیخەنەوە چوارچێوەکەی خۆی، لەو تەوقە قەومییە دەربچن، بەڵکو نیشتیمانیانە بیربکەنەوە.
دەزانم ئەمە بریارێکی قورسە، بەڵام ئەم رەنگە دوادەرفەت بێت بەرێگەی ئاشتیانە و یاسایی ودەستوری مافەکانمان لە عێراق وەربگرین، بژاردەکانی تر ترسناک و خوێناویی ئەبێت.
PM:08:15:31/12/2020
ئهم بابهته 2244
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی