هەرێمی كوردستان و فەوزایەكی رێكخراو

‌عومەر عەلى محەمەد

چەمكی فەوزای دروستكراو بۆ یەكەمجار لەلایەن مێژوونووسی ئەمریكی (تایر ماهان) بەكارهاتووە، لەدوای ئەویش سیاسەتمەداری ئەمریكی (مایكل لیدین) گەشەی پێداوە و بە فەوزای بنیاتنان یان وێرانكردنی بنیاتنان ناویبردووە، كە مەبەست لێی بنیاتنانەوەیەكی نوێیە لەدوای بڵاوكردنەوەی فەوزاو وێرانكردنی هەموو شتێك، پاشان بنیاتنانەوەی بەپێی ئەو پلانەی كە خزمەت بە بەرژەوەندیەكانیان دەكات، (سامۆیل هانتینكتۆن) خاوەنی تیۆری (ململانێی شارستانیەكان) بەو شێوەیە باسی دەكات كە خزمەت بە بەرژەوەندی هێزە جێبەجێكارەكان دەكات لەڕێگەی دروستكردنی پشێوی تائیفی و مەزهەبی كە ئەمەش وڵات دابەش دەكات و بە ئاسانی دەتوانرێت دەستی بەسەردا بگیرێت.

بەڵام ئەوەی لە كوردستاندا دەبینرێت تەواو جیاوازە، چونكە سەرچاوەی ئەو فەوزاو لێكترازان و پشێوی و نەهامەتیانە دوو هێزی سەرەكی حوكومڕانی كوردستانین كە 29 ساڵە لە هەرێمی كوردستاندا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، چونكە هەر لەو كاتەوە كە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست لەجیاتی ئەوەی پلانیان هەبێت بۆ گەشەپێدان و بەرەو پێشبردنی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە، بە پێچەوانەی ئەمەوە كاریان كردووە لەسەر دواخستنی هەموو ئەو بوارانە. پێشتریش كە لەشاخ بوون وەك دوو بەرەی ناكۆك كاریان كردووە و درێغیان نەكردووە لە هاوبەشی كردنی ڕژێمە داگیر كەرەكان بۆ سەركوتكردن و لەناوبردنی یەكتر، شەڕەكانی ......,...... لەگەڵ قڕناخان و پشتئاشان، نمونەیەكی زیندووی ئەو شەڕانەن كە سەدان پێشمەرگە تیایدا بونە قوربانی، ئەو كاتەش كە ڕاپەڕین كرا و حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دروستكرد، ناكۆكیەكانیان زیاتر درێژە پێدا و هەزاران پێشمەرگە تیایدا كوژراو و كاولكارییەكی زۆری لەهەموو ڕووەكانەوە دروستكرد و كۆمەڵگای كوردی كرد بەدووبەرەی دووژمن كاری دژ بەیەك.

لەدوای وەستانی شەڕەكەش ئەم دوو هێزە لە ڕوویەكەوە كۆك بوون لەسەر دابەشكردنی پۆست و بەرژەوەندییەكان لەگەڵ یەكتردا و سەروەت و سامانی كوردستانیان لەگەڵ پۆستە حكومیەكان قۆرخ كرد بۆ خۆیان و بەسەر لایەنگرانی حیزبەكەیاندا دابەشیان كرد، لە بەرامبەریشدا هەرچی خەڵكی بێلایەن و حیزبەكانی تر هەبوو و بێبەشیان كرد و بە هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا كردن.

لەم ڕێگەیەوە ململانێیەكی توندیان دروستكرد و جارێك بە ناوی دروستكردنی ئیدارەی سەربەخۆوە حكومەتی هەرێمیان دوولەت كرد، لەو كاتەشەوە كە یەكیان گرتۆتەوە هەر بە هەمان ئەقڵیەت كاریان لەناو حكومەتی هەرێمدا كردووە و رێگەیان نەداوە ئەم حكومەتە ببێتە ئەزموونێكی كوردی سەربەخۆ و پێشكەوتوو لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە، لەدوای ساڵی 1914وە كە ئابووری سەربەخۆیان ڕاگەیاند و  دەستیان كردووە بە فرۆشتنی نەوت، ململانێكانیان زۆرتر چڕ بۆتەوە و لەسەر ئەم سامانە نیشتمانیە بە بەردەوامی لەلایەك هەوڵی تێكشكاندنی یەكتریان داوە، لەلایەكی تریشەوە دەستیان بەسەر هەموو ئەو سەروەت و سامانەدا گرتووە بۆ دەوڵەمەند كردنی خۆیان و كۆمپانیا حیزبیەكانیان بەكاریان هێناوە، لە بەرامبەریشدا حكومەتەكەیان خستۆتە بەردەم قەیرانی زۆر گەورە و لە ئێستاشدا لە لاوازترین دۆخیایەتی كە ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی دابین بكات و  تەنانەت لە توانایدا نییە كەلوپەلی پێویست بۆ نەخۆشخانەكان دابین بكات لە ڕووبەڕوو بوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنادا و لە ئێستاشدا ڕۆژانە چەندان خەڵك لە نەخۆشخانەكان گیان لەدەست دەدەن بەهۆی دابین نەكردنی ئۆكسجینی پێویست بۆیان، ئەمە سەڕەڕای ئەوەی كێ حكەمەت تەواو ئیفلیج بووە و هیچ سیفاتێكی فەرمانڕەوایی و حكومڕانی تێدا نەماوە، لە بەرامبەریشدا حیزب و بەرپرس و كۆمپانیاكانیان ڕۆژ بە ڕۆژ دەوڵەمەنتر دەبن و هەژموونی خۆیان زیاتر بەسەر هەموو بوارەكانی ئابووری و سیاسیدا دەسەپێنن.

ئەگەر بەوردی سەرنج لەم فەوزایە بدەین زۆرتر لە فەوزایەكی رێكخراو دەچێت، چونكە لەو شوێنانەدا كە پێویست دەكات بەرگری لە بەرژەوەندیەكانیان بكەن یەكدەگرن و یەك دەنگن، بۆ نمونەش دەنگدانی هەریەك لە یەكیەتی و پارتی بەیەكتر لە حكومەتەكەی كازمیدا بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دەرەوە بۆ پارتی و وەزارەتی داد بۆ یەكێتی، ئەمەش هاوشێوەی ئەو جەنگی ساردەیە كە لە نێوان ئەمریكا و یەكیەتی سۆفیەتدا هەبوو، كە لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە هەتا ساڵی 1989 درێژەی هەبووە، لەم جەنگەدا 21 ملیۆن كەس لە وڵاتانی ئەمریكای لاتین و ئەفریقیا و ئاسیادا كوژراون، بەڵام سەربازێكی ئەمریكی سەربازێكی سۆڤیەتی نەكوشتووە یان بە پێچەوانەوە، بە هەمان شێوە لە هەموو شەڕەكانی نێوان یەكیەتی و پارتیش هاتا ئێستا هیچ كەسێكی ئەم دوو بنەماڵەیە نەكوژراون، بەڵام قوربانیەكان دەیان هەزاری تێپەڕاندووە لە هاوڵاتیانی هەژار و كەمدەرامەت و سڤیل.


PM:04:42:18/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 1552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی