سودمەندنەبوونی کورد لە دۆخی نوێی شەڕی دژ بە تیرۆر

‌عومەر عەلى محەمەد

ئەو بارودۆخە سیاسیەی ئێستا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دروستبووە، کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر دۆزی کورد لە ناو ئەو چوار دەوڵەتەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەتایبەتیش لە کوردستانی باکور لە تورکیادا، چونکە مامەڵە کردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی لەم ناوچەیەدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی ھەیە بە دۆخی کوردەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێستا دۆزی کورد بۆتە تەوەرەیەکی سەرەکی لە ناکۆکی و ئاڵۆزی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھیچکام لە وڵاتانی زلھێز و ناوچەکەش ناتوانن خۆیانی لێ بێئاگا بکەن و بەبێ باسکردنی کێشەی کورد درێژە بە سیاسەتەکانیان بدەن.

ھەریەک لەو وڵاتانە کاتێک کە ھەنگاوێکی نوێ دەنێن یان ھاوپەیمانیەتێکی سیاسی دروستدەکەن، یان پلانی داڕشتنەوەی پەیوەندیەکانیان دادەنێن، لە ھەموویدا ڕەچاوی بەرژەوەندی خۆیان دەکەن، بەتایبەتیش ئەو سیاسەتانەی کە پیادەی دەکەن لە دوای ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبیەوە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووەو بابەتە گرنگەکانی وەک دیموکراسی و ماف و گەلان و پاراستنی مافەکانی ھاوڵاتی لە ئێستادا جێگەی سەرنج و ڕەخنەی ئەمەریکییەکان و ئەوروپاییەکانیش نین، لەم دۆخە نوێیەدا شەڕی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان و شەڕی داعش مانشێتی یەکەمی سیاسەتەکانیانە و دەیانەوێت ھەموو حکومەت و ھێز و لایەنەکانی ناوچەکە بکەنە بەشێک لە داینەمۆی بەگەڕخستنی پلانەکانیان دژ بە ئەو گروپانە، لە ئەم قۆناغەدا توانیویانە کوردیش وەک فاکتەرێک بەگەڕ بخەن و بیکەن بەبەشێک لە جێبەجێکەری پلانەکانی خۆیان، بۆنمونە لە ھەرێمی کوردستاندا توانیان کورد وەک لایەنێکی کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی  داعش بەکاربھێنن و لەم پێناوەشدا کورد قوربانییەکی زۆریدا لە شەھید بوون و برینداربوونی ھەزاران پێشمەرگە.

ھەروەھا لە سوریاشدا توانیان کە ھێزەکانی سوریای دیموکرات وەک لایەنێکی کاریگەرو ئەکتیف لەڕووی سەربازییەوە دژ بە داعش بەکاربھێنن، لە نێو ئەو ھێزانەشدا لایەنی کوردی کە خۆی لە پەیەدەدا دەبینێتەوە پشکی شێریان ھەیە ھەر بۆ ئەم مەبەستە و لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا دەیانەوێت سود لە ھێزەکانی پژاکیش وەربگرن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا ئەگەر لە ئایندەدا ڕووبدات.

لەم نێوەندەدا وڵاتانی ھەرێمایەتی لە ناوچەکەدا باشتر لە کورد لە بارودۆخە نوێیەکە تێگەیشتون و دەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، بەڵام کورد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا ھەتا ئێستاش خاوەنی پلانی ستراتیژی یەکگرتوو نیە و ئەوەش کە دەیکات بەڕێکردنی سیاسەتی ڕۆژانەیە، لە عێراقدا پارتە دەسەڵاتدارەکان ھەماھەنگی باشیان لەگەڵ ھاوپەیمانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا دروستکرد و خستیانە خزمەت بەرژەوەندی خۆیانەوە، بەڵام کورد کە ریفراندۆمی ئەنجامدا، وەڵامی خۆی وەرگرت و نزیکەی لە سەدە پەنجای خاکی کوردستانی لەدەستدا و کوشتن و وێرانکاری و ئاوارەیەکی زۆری لێکەوتەوە و ئەوەش ئەنجامەکەی بوو، لە سوریاشدا کورد ئامادەیی ھەموو ھاوکارییەک بوو لەگەڵ ئەمەریکییەکان و ھەتا کۆتاییش، شەڕی داعشی لەگەڵ کردن و ھەموو قوربانییەکی بە گیانی شەڕڤانان و ھاوڵاتیانیدا بەڵام پاش کۆتاییھاتنی شەڕەکە، راستە کە ھەتا ئێستا ئەمریکا دەستبەرداری کورد نەبووە (چونکە یاریەکە درێژەی ھەیە) بەڵام ھەتا ئێستاش ئەمریکا دانینەناوە بەوەی کە پەیەدە ھێزێکی ستراتیژی و گرنگ بێت و پێویستە لە ئایندەی سوریادا ڕۆڵی کاریگەری ھەبێت و گەلی کوردیش بتوانێت بۆخۆی مافی چارەنوسی خۆی دیاری بکات .لەبەر ئەوە بەشێوەیەکی گشتی ئێمە دەبینین کە کورد خاوەنی دیدگا و پلانی ستراتیژی نیە بۆ ئەم دۆخە نوێیە و لەبەر ئەوە شتێکی ئاساییە ئەگەر لە ئەنجامدا ئەمریکییەکان و وڵاتانی ناوچەکەش کورد بەھێزێکی گرنگ و کاریگەر نەبینن و مامەڵەیەکی ئیجابی لەگەڵدا نەکەن و گۆرانکاریەکانیش بە قازانجی کورد نەبن.

پەکەکە کە لە ئێستادا کۆمەڵێک پارت و لایەن لە ژێر باڵیدا سیاسەت دەکەن، نابینین مامەڵەیەکی ئیجابی و تێگەیشتنێکی نوێی ھەبێت بۆ دۆخە نوێیەکە و پێداچوونەوە بەھەندێک لە ئەدەبیاتی سیاسی و تێڕوانینەکانیدا بکات، بۆ ئەوەی ببێتە ھێزێکی کاریگەر لەلای ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و ھەتا ئەویش بتوانێت لە دۆخە سیاسییە نوێیەکە بەھرەمەندبێت، نەک درێژەدان بەسیاسەتە تەقلیدییەکانی(شەڕی چەکداری) ببێتە مایەی زۆربوونی فشارو ناساندنی وەک ھێزێکی تیرۆریست (ھەروەک ئێستا ئەمەریکیەکان و ڕۆژئاواییەکان بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن)، بەڵام ئەوەی کە لە ئێستادا دەیبینین پەکەکە سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای کاردانەوە دادەڕێژێت و بەرامبەرەکانی چۆنیان دەوێت و چۆن پلانی بۆ دەکێشن، بەو شێوەیە مامەڵە دەکات. کە دوا جار بەبەرژەوەندی ئەوان و زیانی بزووتنەوەی سیاسی کورد و ھاوڵاتیانی کوردستانی باکوریش تەواو دەبێت، ئەم دۆخە نوێیە پێویستی بە عەقڵێکی سیاسی و دیپلۆماسی نوێ ھەیە، کە پشت بە توێژینەوەی زانستی نوێ ببەستێت بۆ ھەنگاو ھەڵگرتن لە ھێنانەدی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا، لەبەر ئەوە پێویستە لەئەم دۆخە نوێیەدا ھەنگاوەکان دابڕاو نەبن لە دۆخە سیاسییەکە و دید و تێروانینی ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکان و ئەو بارودۆخە سیاسیە نوێیەش کە لە تورکیادا ھاتۆتە ئاراوە، کە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا ھاتووە، بەتایبەتیش لەدوای ھاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان، چونکە لە دوای ئەوەوە تورکیا لە ڕووی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێگەی کوردیش لە ڕوی سیاسی و ئابورییەوە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و مافی چالاکی سیاسی ھەیە و دەتوانێت ئازادانە بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکات و نوێنەری خۆی ھەبێت بۆ سەرۆک کۆمار و پارلەمان و شارەوانییەکان .لە بەر ئەوە لە جیاتی ئەوەی ئەو بارودۆخە بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا پێویستە خاوەنی پلانی خۆی بێت کە دۆخەکە زیاتر بەرەو پێش ببات ، ئەمەش کارێکی ئاسان نیە و پێویستی بە سەرکردەی کارامە و ھوشیار و خاوەن عەقڵی ستراتیجی ھەیە .


PM:04:43:15/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 602 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی