كێ لە پشت خۆپیشاندانەكانەوەیە؟

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌

با بە ڕاشكاوی قسە بكەین لەسەر دۆخی عیراق بەگشتی ، دوور لە سۆز و لایەنگیری كێ لە پشتی خۆپیشاندانەكانی عیراق بەگشتیە بە هەرێمی كوردستانیشەوە . مرۆڤی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئەوانەی لایەنگری دەسەڵاتن بە تایبەتی هەمیشە دەستەواژەیەك لە دەمیانە كاتێک چوار كەس داوای مافی خۆیان بكەن یەكسەر دەكەونە هۆنینەوەی بەیت و بالۆرەیەكی سواوە ئەمە فلانە وڵات و فڵانە حیزب لە پشتی ئەم خەڵكەیە و ئەمانە دووژمنن و كۆمەڵێك تۆمەتی تر . با بەراشكاوی لە سەر عیراق بدوێن .

ئەگەر عیراقی بەرلە رووخانی رژێمی بەعس كێشەی ئازادی و دیموكراسی هەبوو ، تاكو كەسە بە ئەزموون و نیشتمان پەروەرەكان نەگەنە دەسەڵات ئێستا ئەم كێشەیە بە شێوەیەك چارەسەر بووە بڕۆ حیزب دروست بكە و بڕۆ هەڵبژاردن دەتوانی بگەی بە دەسەڵات . ئەو ژمارانەی لەبەردەستن لە عیراق ئێستا ژمارەی دانیشتوانی خۆی دەدات لە 37 ملیۆن كەس . لە 62%خەڵكی عیراق ئاوی پاكیان هەیە . لە 36%ئاوەڕۆیان هەیە، كارەبا لە 55% پێویستی دانیشتوان پڕ دەكاتەوە ، بەڵام لە وەرزی هاوین ئەم رێژەیە زۆر دادەبەزێ بەشێوەیەك دەگاتە 40%كەمتر .
عیراق خاوەن سەرچاوەی ئاوی شیرنی زۆرە،خاوەنی زەوی پان و بەپیت و زۆرە ، خاوەنی هێزێكی مرۆیی گەنجی گەورەیە. عیراق خاوەنی 143ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە بە شێوەیەك هێشتا پشكنینی تەواو بۆ تەواوی خاكی وڵات نەكراوە پێنجەم وڵاتی جیهانە لە نەوت . خاوەنی 137ملیار پێ گازی سروشتیە وڵاتی سێزە دەهەمینە لە جیهان . ئێستا رۆژانە نزیكەی 5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات . جگە لەم سەرچاوە سروشتیانە عیراق بەهۆی شوێن نزرگەكانی شیعە زۆرترین سەردانی ئەهلی مەزهەبی شیعەی هەیە ساڵانە بەردەوام ئەم سەردانیانە هەیە و پسانەوەی نیە .

لە دوای ساڵی 2003 تاكو ئێستا نزیكەی 1500ملیار دۆلار هاتۆتە ئەم وڵات، بەڵام ئەوەی بەچاو دەبنرێ‌ هیچ پڕۆژەیەك كە پەیوەندی بەژێرخانەوە هەبێ‌ ئەنجام نەدراوە ، عیراق ئەگەر خاوەنداریەتێكی نیشتمانی و دڵسۆزی هەبوایە ئێستا دەبوایە پێشكەوتوو ترین و دەوڵەمەندترین وڵاتی ناوچەكە و جیهان بوایە . نەوەك شارێكی وەكو بەسرە رۆژان زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل هەناردە بكات كەچی ئاوی خواردنەوەی نەبێت . دەبێت‌ مەعقول چیبێت لە وڵاتێكی وا دەوڵەمەند حكومەتێك بە 15 ساڵ نەتوانێت‌ كارەبا چارەسەر بكات؟! . نەتوانێت‌ ئاوی خواردنەوە دابین بكات؟!

بۆیە ئەوەی لە پشتی خۆپیشاندانەكانە دوو شتە: یەكەمیان، بێزاری خەڵك و پێوستیەكانی و ئەو نادادپەروەرییەی كە هەیە لە نێوان دەسەڵاتداران و خەڵكە گشتیەكەیە . دووەمیان: هۆكاری سەرەكی ئەوەیە ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە بە تەواو فاشیل بوون لە بەڕێوەبردنی وڵات . ئەگەر دەسەڵاتێك خزمەتی وڵاتی خۆی بكات، بە دڵنیایەوە هیچ هێزێك ناتوانێت‌ هاوڵاتیانی فریوبدات و دژی دەسەڵاتی وڵاتەكەی خۆی خۆپیشاندان بكات.


AM:11:28:18/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی