شەنگال و بێدەنگی

‌سه‌ردار عه‌زیز


شەنگال، وەک زۆرێک له روداوەکانی تر، خەریکە دەبێتە یەکێکی تر، له یادەکانی ناو ڕۆژمێری خەڵکێک، که تەنها لەو ساتەوەختەدا، ساڵانە، هەندێ جوڵەی سیمبولی و دەرکەوتەی میدیایی بۆ بکەن، ناوی بنێن یاد.
 
ئەم مێکانیزمی یادکردنەوەیە، رێگایەکی ترە بۆ کوشتنی ڕۆحی ئەوەی ڕویدا. بە یادبون، یانی چەند چرکەیک بێدەنگی و هەندێ وێنەی تەلەفزیونی. ئیتر پاش ئەمە هەمو ڕۆژەکانی ساڵ وڵات لە خەفڵەتدایە. ئەم هەمو بێدەنگیە لە کوێوە دێت. ئایا لە ڕاستیدا ئەم یادکردنەوەیەش جۆرێک نیە له زەمینە سازی بۆ بێدەنگی.
 
یاد، یان یادکردنەوە، بوەتە دیاردەیەکی بڵاو له ناو دونیای کوردیدا. یاد، یان پرۆسەی یادکردنەوەی بێ ڕەخنە ماوەتەوە. ئێمە ساڵانە ژمارەیکی زۆر لە یادمان هەیە. ئەم یادانە زیاتر و زیاتر دەردەکەون چونکە کۆمەڵێک ڕۆڵیان هەیە، کە جیاوازە له ڕۆڵە سەرەکیەکەی.
 
ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە که یاد، بریتی نیە له یادکردنەوەی یادەکە بەڵکو بریتیه له ساتەوەختێکی دەرکەوتن، بە تایبەتی لە سەردەمی بە تەلەفزیون بونی هەمو بوارەکانی کۆمەڵگای کوردی. ئەم دەرکەوتنانە که لەم یادانەدا دەردەکەون زۆر بە روکەش پەیوەندیان هەیە بە کرۆکی روداوەکە خۆیەوە.
 
دەکرێت بپرسین ئایا ئێمە دەتوانین یاد بکەینەوە؟ ئایا پرۆسەی یادکردنەوە چۆنە؟ بۆچی یاد دەکەینەوە؟ یادەوەری چیە و چ ڕۆڵێکی هەیە لە ژیان و ژیاری ئێمەدا؟ جیاوازی نێوان یادەوەری و مێژو چیە؟ یاد لە سەردەمی تەلەفزیوندا، لە سەردەمی تینتوێتی هەمیشەیی مرۆڤی کورد بۆ دەرکەوتن، چ مانایەکی هەیە؟
 
ئەمانە دەبو کاری خەڵکانێک بن که خۆیان وەک فەیلەسوف لە قەڵەم ئەدەن لە دونیای ئێمەدا. دەبو پێمان بڵێن چۆن ڕابوردو بکەینە ڕیشەی داهاتویەکی جیاواز. چۆن شوناسێک بۆ خۆمان بونیادبنێین هەتا بتوانین له دونیادا ئامادەییمان هەبێت. چۆ ببینە خاوەن چیرۆک( نەرەتیڤی) خۆمان.
 
دو بوار هەمو قوڵی و تێڕامان و گرنگی هەمو شتێکی کوشتوە، ئەویش تەلەفزیون و فەیسبوکە. روکەشبونی ئەم دو بوارە بە گشتی لەبەر بەشداربونی جەماوەر و خەڵکانی زۆرە لە لایەک، لە هەمانکاتدا له بەر خێراییەتی.
 
چۆن شتێک بۆ هەموان بشێت لە ماوەیەکی کەمدا. خێرایی، گەر لە دونیادا، پەیوەستە بە زۆر هۆکاری ترەوە ئەوا لە دونیای کوردیدا هیچ پەیوەست نیە بە سەرقاڵی و جەنجاڵی و فرە سەرچاوەیی، بەڵکو زیاتر پەیوەستە بە فێرنەبون و ڕانەهێنانی ئەم مرۆڤە لە سەر توانای بینینی ئاڵۆزی، تێگەیشتن له فرە ئاستی، نەبونی پاشخانێک بۆ بونی توانا لە ئامادەبون لە ناوەندە خۆڵەمێشیەکاندا. بۆیە شتەکان دەبێت ڕەش و سپی بن، کورت و پوخت بن، هیچ پرسیارێک نەوروژێنن، دڵنیایی بدەن، لە روی دەرونیەوە یان شڵەژان دروست بکەن یان دڵنیایی. ئەمانە مەعریفە نین، بەڵکو قسەی هاکەزایی ڕۆژانەی تێپەڕن، که بەرگەی ساتەوختێک ناگرن.
 
یاد جۆرێکە لە پیشەسازی. پیشەسازی حیزبگەرایی، پیشەسازی نوخبەی سیاسی بۆ ئەوەی ببینرێن، قسەبکەن، هەر خێراش لە یاد کرێن.
 
من لێرەدا دوفاقیەک دەبینم. یادکردنەوە بریتیه له پرۆسەی لە یادکردن. بە زمانێکی تر یادکردنەوە بریتیه له له بیرچونەوە. ئێمە بۆیە یاد دەکەینەوە، له ساتەوختێکی تایبەتدا، له ساتێکی کورتدا، بۆئەوەی ڕۆژەکانی تری ساڵ بیری لێنەکەینەوە. بۆئەوەی فەرمانێکی کۆمەڵایەتی جێبەجێبکەین و بگەڕێینەوە قاوغەکەی خۆمان.
 
ئەگەر مۆزەخانە شەڕە دژ بە بیرچونەوە، ئەوا مۆزە هیچ گرنگیەکی نیە له دونیای ئێمەدا. ڕاست نیە که دەڵێن مرۆڤی کورد یادەوری کورتە. ئەوەی ڕاستە کە مرۆڤی کورد ئەوانە لە یادیدا دەمێنێتەوە که پەیوەستن بە خەسڵەتەکانی ژیان بچکۆلەکەیەوە. ئەو ناتوانێت یادی نەتەوەیەک له ناخیدا هەڵبگرێت، چۆن هێشتا ئەندامی نەتەوەیەک نیە. ئەو ناتوانێت تراژیدیایەک یان یادێکی هەژێنەر لە یادەوریدا خەزن بکات چونکە نایەوێت ئەخلاق و دونیابینی و ئەشکەوتنشینی خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە.
 
یاد روداوێکی دینیە. دین هەموی کار لە سەر یادکردنەوە دەکات. لە رێگای یادەوە هەست و سۆز و خەیاڵ و ئاگاییت له قاڵب ئەدات، ڕۆژەکانی ساڵ داگیردەکات، ئێستا و داهاتوت دەکاتە درێژەپێدانی ڕابوردو. تەماشای ئاینی شیعە بکە، چۆن کەرنەڤاڵێکی تەعزێی بە درێژایی ساڵ بۆ باوەڕدارانی دروست دەکات. بەڵام دونیای سێکیولار بە هەمانشێوەیە. من تا ئاستێکی زۆر له گەڵ کال شمیتدا هاوڕام که عەلمانیەت تەرجەمەکردنی دونیایی دینە.
 
ئەمڕۆ کە دەبێت یادی شەنگال بکەینەوە، ئێمە یاد ناکەینەوە. چونکە شەنگال پرسیاری ئەخلاقی و دینی و سیاسی قورسمان روبەرو دەکاتەوە. هەر یادەوریەکیش ئەم جۆرە پرسیارانەی وروژاند ئەوا ئێمە خۆمانی لێبەدور دەگرین.
 
له بیرچونەوە بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی سیاسی. ئەمە کرۆکی دیموکراسی یونانیە پاش شەڕی ناوخۆ. لە ڕاستیدا ڕەگێکی پتەو هەیە لە نێوان لەبیرچونەوە و لێبوردن. تەماشی ئەم چەمکانە بکەن چۆن تەنانەت لە ئاستی تەلەفوزیشدا چەند لەیەکەوە نزیکن: ئەمنیشیا و ئەمنیستی، فۆرگێتینگ، فۆرگیڤنگ. گەر ئێمە نەتوانین ئەم پرۆسەیە بە ئاگاییەوە بەڕێوەبەرین ئەوا ناتوانین ببینە خاوەن پێکەوەژیان و دیموکراسی. بەڵام لە هەمانکاتدا زۆر شت نابێت لە یادبکرێت. ئەوەی کە بونیادمان دەنێت، کێیەتیمان دروست دەکات.
 
شەنگال ئاینمان دەخاتە ژێرپرسیار، کوردبونمان دەخاتە ژێرپرسیار، سیاسەتی ئێمە دەخاتە ژێرپرسیار، لە هەمانکاتدا توانای پێکەوەژیانی ئێمە له جیاوازێکی نزیکدا دەخاتە ژێرپرسیارەوە. گەورەترین درۆ له دونیای ئێمەدا درۆی فرەکەلتوری و تونای ژیانە لە گەڵ جیاوازدا. ئێمە دەتوانین له گەڵ کەسێکی هاودینی جیاوازدا بژین، چونکە هەمو ئەخلاق و دونیابینی ئێمە لە دینەوەیە. بەڵام پێوەری ڕاستەقینەی توانای پێکەوە ژیان یان فرەیی بریتیه لە ژیانکردن له گەڵ کەسێکی خاوەن دین و ئەخلاقی جیاوازدا.


PM:03:06:03/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 5389 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی