کوردستانی باشور لە سەدەی بیست یەکەدا

‌سه‌ردار عه‌زیز


هەوڵ ئەدەم چەند کورتە سەرنجێک دەربارەی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا بخەمە ڕوو، بە ئامانجی کارکردنی زیاتر لە سەریان لە داهاتودا.
یەکێک لە خەسڵەتە هەرە سەرەکیەکانی کوردستانی باشور لە سەدەی بیستدا، پەیوەندی ئەو پارچەیەیە بە زلهێزێکی وەک ئەمریکاوە. ئەم پەیوەندیە بەرهەمی شەڕی ساردە، ئامرازیی و سنورداربوە. بەڵام بەردەوام لە گەشەکردندا بوە.
لە سەدەی بیستویەکدا ئەم پەیوەندییە گۆڕانکاری بە سەردا دێت. کرۆکی ئەم گۆڕانکارییە لە پەیوەندی بە ئەمریکا و هاتنی بۆ عێراق و کۆتایی ئەو پرۆژەدایە.
ئەمریکا هات بۆ عێراق هەتا عێراق وەک کۆریای باشور لێبکات. وڵاتێک کە گەشە بکات و بەهیزبێت و خزمەتی جیوپۆلەتیکی ئەمریکی بکات لە ناوچەکەدا. بەڵام عێراقییەکان ئەوەیان نەویست. دەرکەوت پێش هەموو شتێکی تر عێراقیەکان کۆمەڵێک خەڵکی خێڵەکیی و تایفی و سەربە عەقڵیەتە زۆر زۆر کۆنەکانن. پرۆژەی ئەمریکی لە عێراق پشتیوانی نەبوو، چونکە سیاسی عێراقی بونی نیە.

ئێستا ئەمریکا ماندوە لەو پرۆژەیە و سەردەمی بە سەر چوە.

سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵ ئێوارەیەک لە قونسوڵخانەی ئەمریکی میوان بووم بۆ ئێوارە خوانێک. خوانەکە بچوک بوو، نزیکەی دە کەس دەبوین. دیارە بە پێی ڕێسای دیدارەکە، کە بەشێکە لە چاتەم هاوس و ڕێگریی تر، ناتوانم زۆر دەربارەی بڵێم. بەڵام پرسێک لە سەر خوان بوو ئەوەبوو کە ئایا کوردستان بەبێ بەغدا و بەبێ کەرکوک دەتوانێت خۆی بژێنێت؟؟

ئەم پرسە کۆمەڵێک ڕەهەندی قوڵی هەیە، یەکەم، ئەمریکا ووردە ووردە دەستبەرداری پرۆژەی عێراق دەبێت. [بۆ ڕونکردنەوە ئەمانەی لێرەدا دەیڵێم زانیاری نیە، بەڵکو شیکارییە].
لە مانەوەی لە کوردستان، ئەمریکا پێیخۆشە کوردستان بتوانێت خۆی خۆی بژێنێت. ئەمە بەشێکی سەرەکی پرۆژەی ئەمریکایە کە چیدی نایەوێت هێندە داهاتی خۆی بۆ دەرەوە خەرج بکات. ئەمە بە مانای ئەوە نیە کە ئەمریکا پشتیوان نابێت بەڵام گۆڕانکاری دێت بە سەر شێوازی مامەڵەیدا.

لە گەڕانەوە بۆ سەردەمی ململانێی زلهێزەکان ئەمریکا خەمی تری دەبێت و بە شێوازی جیاواز لە پەیوەندییدا دەبێت لە گەڵ دۆستەکانیدا.
یەکێک لە پرسیارەکانی سەدەی بیستویەک ئەوەیە کە ئایا سەدەی ئەمریکی دەبێت وەک سەدەی بیست یان دەبێتە سەدەی ئەوانیتر. هەندێک زۆر بە گەشبینیەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەدەی بیست و یەک سەدەی ئاسیایی دەبێت. تیورە لەمبارەوە زۆرە، ئایا ئاسیا یانی ئاسیا یان یانی چین، ئایا چین چ ڕۆڵێک دەبینێت لە پرۆژەی سەدەی ئاسیایی. هەندێکی تر بڕوایان وەهایە چین بە هیچ شێوەیەک بنەماکانی ئەوەی نیە کە خاوەنداری سەدەی بیست و یەک بکات، بە هۆی پیربونی دانیشتوان و جیاوازی زۆری دارا و نەدار و قەیرانی ژینگەیی و لاوازی داهێنان و نەبونی شوناسێکی یەکگرتوو و زۆر هۆکاری تر.

بەڵام ئەگەر سەدەی بیست و یەک بە سەدەی ئەمریکیش بمێنێتەوە، ئەوا هەرگیز وەک سەدەی بیستی ئەمریکی نابێت. لە سەدەی بیستی ئەمریکی، بە تایبەتی پاش جەنگی جیهانی دووەم، مرۆڤایەتی بە شێوازێکی بێوێنە گەشایەوە. دانیشتوانی گۆی زەوی چەند قاتبون. ڕێژی هەژاری بۆ ١٠٪ کەمبوەوە، پرسی ئازادی و ماف و کۆمەڵگای مەدەنی و دەزگا و فرەیەتی و زۆر پرسی تر بونە پرسی مرۆڤایەتی. کورد لە هەموو ئەمانە سودمەندبوو، بەڵام سەدەی بیست و یەک بەوجۆرە نیە.

ئەگەر بێتو چین و ئەمریکا بکەونە ململانێ ئەوا لە ڕوسیاوە بۆ باشوری گۆی زەوی هەتا ئوسترالیا ناوچەی قەیران دەبێت لە نیوان چین و ئەمریکادا. ئایا چین دەبێتە خاوەن چ مۆدێڵیک؟ 

ئەگەر وەک ئەڵمانیا بکات، کە بە رای من زۆر نزیکە لێیەوە، ئەوا توشی قەیران دەبێت. ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپای کۆنترۆڵکردوە. چونکە ئەڵمانیا بەرهەمهێنی زۆرینەی کاڵاکانی یەکێتی ئەوروپایە و بە باشور و ڕۆژهەڵاتیدا، وڵاتانی دەوروبەری کردوەتە کڕیاری کاڵاکانی. ئەمەش قەیرانی بۆ زۆر لە وڵاتان دروستکردوە، کە خۆی لە ڕەوتە دژە یەکێتی ئەوروپادا دەبینێتەوە، چ چەپ، چ ڕاست.

پرسێکی تر کە پەیوەستە بەمەوە پرسی هایدرۆکاربۆنە. ئایا نەوت بێکەڵک دەبێت لە سەدەی بیست و یەکدا؟ بیرمەندی کوردی دەبێت بیر لە پرسە گەورەکانی سەدەی بیست و یەک بکاتەوە، وەک ڕۆبۆت، کرێکار، سەرمایە، وزە، و زۆر پرسی تر چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر چارەنوسی ئێمە!!


PM:11:51:04/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 1612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی