وانەکانی ئەردۆگان

‌سه‌ردار عه‌زیز

رۆژانێک بو رەجەب تەیپ ئەردۆگان ئومێدبەخش بوو، کێشەکان سفربکاتەوە، ببێتە مۆدێل، واز له سەرباز و چەک بهێنێت، تورکیا بگۆڕێت بۆ دەوڵەتی بازرگانی، ئیسلام و دیموکراسی ئاوێزان بکات، رۆژئاواو و رۆژهەڵات بگەیەنێت یەک، کۆتایی بە ناسەقامگیری چینی حاکمی عەلمانی گەندەڵی تورک بهێنێت و لە گەڵ کورددا رێک بکەوێت.

ئەمڕۆ ئەردۆگان سەدوهەشات پلە پێچەوانەی هەموو ئەمانەیە. 
ئەوەی ئەردۆگانی سەر لێشێواند نەرجسیەتێکە که بڕوای وەهایە که ئەو هەڵگری پەیامی تورکیای نوێیە و دەبێت تا یادی سەت ساڵەی کۆماری نوێی تورکی ٢٠٢٣ له سەر کورسی دەسەڵات بێت و پاشان جاڕی تورکیایەکی نوێ بدات. سبەینی که له بروکینز قسەئەکات باس له خەونی ساڵی ٢٠٢٣ ئەکات. 

ئەم خودئەڤینیە ئەردۆگانی خستە سەر کەڵکەڵەی ئەوە کە مەزنە، که بێوێنەیە، که تاقانەیە، ئەگەڕ بڕوات ئەوا تورکیا توشی نەهامەتی دەبێت.

ئەکەپە پلانی حوکمی ٥٠ ساڵەی تورکیایان هەبوو، ئەمە نهێنی نەبوو، بەڵام لە سەرەتاوه بەپشتی کورد. پلانەکە وەهابو کە کورد بە ئیسلام بکرێت و دەنگ بە ئاکەپە بدات و هێژەمۆنیەکی دیموکراسی بهێننە ئاراوە.

بەڵام کاتێک کورد زیاتر بونە کورد نەک موسوڵمانی ئەردۆگانی، ئەوا ئەردۆگان جاڕی شەڕی دژیان دا و گەڕایەوە بۆ فاشیزمی تورکی. ئەمەی بە ئاسانی بۆ کرا چونکە جەماوەری ئاک پارتی چەندێک موسوڵمانن هێندە فاشیستن. له هەناوی هەموی ئیسلامێکی سیاسیدا چەنێک میانڕەو و نەرم بێت فاشیزمێکی گەورە خۆی پەنهانداوە تەنها بەداوی کات و دەرفەتتدا دەگەڕی هەتا خۆی نمایش بکات. ئەردۆگان باشترین نمونەی ئەم دیاردەیە.

ئەردۆگان هەرلە سەرەتاوه کابرایەکی بەردەم تەلەفزیونی کۆڵانی قیڕقیڕەکەربوو. مناڵی قاسم پاشا بوو. زمانی پڕ لە جنێو و سوکایەتی و بێڕێزی بوو، بەتایبەت بەرامبەر نەیارەکانی. 

ئەم خولقە پاڵی نا بۆ کۆمەڵێک هەڵە. 
هەڵەکان زیاتر کەڵەکە بوون کاتێک ئەردۆگان هەتابێت زیاتر لاوازدەبێت له بەرامبەر توندوتیژتر دەبێت بەرامبەر نەیارەکانی. ئەمڕۆ شتێک نیە ناوی میدیا سەربەخۆبێت، ناوی ڕەخنەبێت، ناوی ئازادی بێت لە تورکیا.

ئەجیندای ناوچەیی ئەردۆگان وەهابوو کە ببێتە مۆدێل و وڵاتی باڵاو سوەدمەندی گەورە. بۆ ئەمە سڵی لە هیچ نەکردەوە، له دژایەتی ئیسرائیلەوە هەتا دۆستایەتی داعش. بەڵام هەمو پلانەکانی شکستی هێنا. 

ئاک پارتی دەکرا ئاراستەیەکی باشتر بگرێت، بەڵام ئاک پارتی بوبە ئامرازی خەوەن شەخسیەکانی ئەردۆگان.
وانەکان بۆ کوردستان:

حیزب مەکەنە ئامرازی خەونی شەخسێک
هیچ کەسێک بێ بەدیل نیە
دونیا هەتا هەمیشە دۆست نیە
دۆخی دونیا هەمیشە له گۆڕاندایە
کەس دۆست نیە
دیموکراسی بەوە نایەتی دی کە کەسێک دەسەڵاتی زیاتری هەبێت، دیموکراسی ناچاریە، هەرکە رێگەماندا کەسێک زیاتر لە سنوری زۆی دەسەڵاتی هەبێت ئەوا لەبەرامبەردا دەسەڵاتی ئەوانی تر کەمتر دەکات.


PM:06:36:30/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 4765 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی