دانپیانان لە یاسای چاکسازیدا

‌سه‌ردار عه‌زیز


لە ئامانجەکانی یاسای چاکسازی هەرێمی کوردستاندا هاتوە کە ئامانجی یاساکە بریتیە: لە بەرجەستەکردنی بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری و شایستەبون له خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکان لە هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی سودمەندبونی ناشایستەیی لە بودجەی گشتی و ڕێگرتن لە هەدەردانی سامانی گشتی.
ئەمە پێش ئەوەی ئامانج بێت دانپیانانە. کردەی دانپیانان بەهایەکی گرنگی هەیە لە گەیشتن بە ڕاستی، لە دابینکردنی دادپەروەری و زۆری بواری تردا.
بە جۆرێک بیرمەندی فەرەنسی میشێل فۆکۆ بونەوەری ڕۆژئاوایی بە بونەوەرێکی دانپیانەر دادەنێت. دیارە سیستەمی دانپیانان بە هەڵە و گوناه لە ئاینی مەسیحی و کلێسادا کارێکی ڕێکخراوە. هەر لەم ناوەندە ئاینیەشەوە گوازراوەتەوە بۆ بوارەکانی تری وەک دادگا، سایکۆلۆجی و تاوان و زۆر بواری تر.
ئەم دانپیانانە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پاش ماوەیەکی درێژ دێت لە بێدەنگی یان نکوڵی. ئەم دانپیانراوەنە جاران بەشێکی سەرەکی خیتابی ڕەخنەگران بون. دیارە پەیوەندیەکی ئاڵۆز هەیە لە نێوان بێدەنگی و دانپیاناندا. دانپیانان وەک پرۆسەیەک دەبینرێت بۆ بەرهەمهێنانی ڕاستی، وەک فۆکۆ دەڵێت. ئەگەر میتۆدەکەی فۆکۆ لە چوارچێوەی کەلتوری ڕۆژئاوایی بهێنینە دەرەوە بۆ دونیای ئێمە: دەکرێت بپرسین، چۆن ئێمە گەشتینە قۆناغی دانپیانان؟ ئایا چۆن لەم دانپیانانە تێبگەین؟ لە هەمانکاتدا چۆن مامەڵەی لە گەڵدا بکەین. بە پێی دانپیانانەکە لە هەرێمی کوردستان نایەکسانی و نادادپەروەری و ناشایستەبون لە ماوەی ساڵانی زۆری ڕابوردودا لە خەرجکردنی بودجەی گشتی بونی هەبوە. ئێستا ئەم بونە کە بە فەرمی دانی پیادادەنرێت ئیتر چیدی تەنها لە بوارەکانی ڕەخنە و نافەرمێتیدا نیە بەڵکو بونی ئەم دیاردانە فەرمیە.
هەمیشە لە گەڵ دانپیاناندا گوناه هەیە. ئەم گوناهانە ئایا تەنها لە میانەی دانپیانانیاندا کۆتایی دێن، یان سەرەتایەکی نوێ دادەڕێژن؟ پرۆژەی چاکسازی لە میانەی دانپیاناندا ئامانجی ئەوەیە کە کۆتایی بەم گوناهانە بهێنێت، ئایا ئەمە مەیسەر دەبێت؟ ئەمە ئێستا کاتی وەڵامی نیە، چونکە پرۆسەکە تەنها قۆناغێکی بڕیوە و چەند قۆناغێکی تری ماوە.
بەڵام بۆ پرۆسەی دەوڵەتداری و دەوڵەتسازی دەبێت ئێمە لە ڕەگی ئەم گوناهانە بکۆڵینەوە. چی وەهایلێکردین کە ئەم کارانە بکەین، بۆ ماوەیەکی هێندە دوور و درێژ؟
ئەگەر زیاتر جەخت بکەینەوە لە دانپیانان ئەوا مافمانە لە حکومەت بپرسین ئایا، چەندێکە ئەم گوناهانە دەکرێت و بڕیان چەندێکە ؟ زانینی جۆر و بڕ و قەبارە زەمینەی ئەوە دەسازێنێت کە بتوانین وێنایەکی ڕونمان هەبێت بۆ گوناهەکان و بتوانین بە باشی یان باشتر بیر لە چارەسەر بکەینەوە.
کلیلی هەمو ئەمانە پرۆسەیەکە کە ناوی بودجەیە. بودجە ئەو دۆکیومێنتەیە کە پێمان دەڵێت کێ سودمەندە و کێ زۆر سودمەندە و کێ کەمتر سودمەندە و کێ بە هیچ جۆرێک سودمەند نیە. بودجە هەڵسوکەوتی ساڵانەی حکومەت دەردەخات لە گەڵ سامان و خەڵکیدا.
ئێستا چاکسازی خیتابە، جاران خیتابی ئۆپۆزسیون بوو، ئێستا خیتابی حکومەتە. ئایا لە خیتابەوە چۆن دەبێت کردار؟ ئایا هەمو شتێک دانی پیادا دەنرێت؟ هەمو بێدەنگیەکان کۆتاییان دێت؟ ئیتر ئێمە دەتوانین بە بێ گوناه و بەبێ بێدەنگی حوکمڕانی بکەین؟


PM:02:35:13/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 3532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی