بالروح، بالدم نفدیک یان عراق

‌سه‌ردار عه‌زیز


ئەم ناونیشانە یەکێکە لە دروشمەکانی خۆپێشاندانەکانی عێراق لەم ڕۆژانەدا. دروشم بە سروشتی خۆی بارگاوییە بە مانای زیاتر لە خۆی. ئەم نوسینە ناتوانێت سەرجەم ڕەگ و پاشخان و ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم دروشمە باس بکات، بۆیە تەنها خوێندنەوەیەکی خێرای بۆ دەکەین.

یەکەم، ئەم دروشمە نوێ نیە، بەڵکو لە سەردەمی ڕژێمی پێشودا بونی هەبو. ئەو کاتە ڕۆح و خوێن بە فیدای سەدام دەکرا. ئەمە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ نەبون یان نەمانی یادەوری دیکتاتۆریەت. ئەم نەمانی یادەوەرییە، بنەمای ئەوە دەڕەخسێنێت کە هاتنەوەی دیکتاتۆریەت جارێکی تر ئەگەرێکی بەهێزبێت. یادەوەری بوارێکی ژیاری و هەروەها ئەکادیمی ئاڵۆزە. کوردیش تیایدا وەک گەلانی تری ناوچەکە لاواز و کەمئاگایە.

دووەم، ئامادەبون بۆ بە قوربانیدان بە ڕۆح و بە خوێن بە عێراق، مانای ئامادەبونە بۆ مردن بۆ عێراق. کاتێک کەسێک ئامادەیە کە بمرێت بۆ عێراق، ئەوا لە هەمانکاتدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامادەیە بکوژێت بۆ عێراق. کەسێک کە ڕۆح و خوێنی دەکات بە فیدا، ئامادەیە کە ڕۆحی ئەوانی تر بکێشێت و خوێنیان بڕێژیت. ئەم پەنابردنە بۆ خوێنڕشتن و کوشتن لە پێناوی عێراقدا، بانگەشەیەکی ڕونە بۆ نەبونی هیچ پەیوەندیەکی مەدەنی لە نێوان خەڵك و دەوڵەتدا. خوێن چەمکێکی نا مەدەنیە، هەتا ئاستێکی زۆر چەمکێکی بەربەرییە. بانگەشەکردن بۆ پەیوەندی بەربەرییانە، تەنها بەربەریەتی زیاتر بەرهەم دەهێنێت.

سێیەم، با ساتێک لە ناوی عێراق ڕابمێنین. ئایا ئەو عێراقەی کە ئەو خەڵکانە ئامادەن کە ڕۆحی پێببەخشن و خوێنی بۆ بڕێژن، چ عێراقێکە. عێراقی فیدڕاڵیخوازە بەسراوەییەکان جیاوازە لە عێراقی مەرکەزییەکان. عێراقی سوننە جیاوازە لە عێراقی شیعە، عێراقی ئێزیدی جیاوازە لە عێراقی ئەوانیتر. عێراقی مەسیحی جودایە لە عێراقەکانی تر. ئامادەبون بە ڕۆح و بە خوێن لە پێناوی عێراقدا، وەک مێژوی عێراق پێمانی پێشان ئەدات؛ هەمیشە ئامادەبونە بۆ کوشتنی عێراقیەکی تر. ئەم پەیوەندی کوشتنە لە نێوان خەڵکە جیاوازەکانی عێراقدا، نە نوێیە و نە دەگمەنە، ئەمە کرۆکی مێژوی عێراقە. ووتنەوەی ئەم دروشمە لە ئێستادا مانای وەهایە کە داهاتوو هیچ نیە جگە لە درێژەدان بە ڕابوردوو.

چوارهەم، عێراق دەستەواژەیەکی بەتاڵە، دەبێت بەرهەم بێت، نەک قوربانی بۆ بدرێت. عێراق گوێرەکەیەکی زێڕین نیە بپەرسترێت، دەوڵەتێکە بە مۆدێلی دەوڵەتەکانی تری دونیای سێ بە دوای ئەوەدا دەگڕێت کە خەڵکێک بۆ خۆی دروست بکات. ئەم پرۆسەی خەڵك دروستکردنە، کە پرۆسەیەکی ئەتاتورکی باڵایە، هەتا ئەمڕۆ بە ملیونان خوێنی مرۆڤی بێگوناهی ڕشتوە. ئامادەبون بۆ خوێنڕشتنی زیاتر، ئاماژەیەکی زەقە بە هاتنی ناسیونالیزمێکی خوێنڕێژ. ڕەهەندێک کەمێک نوێی ناسیونالیزمی عێراقی بەرەو ئەوەدەچێت کە جۆرێک لە پاتریوتیزمی بۆ زیادبکرێت. پاتریوتیزم یانی خۆشەویستی سەرزەمینی باوک یان خۆشەویستی وڵات. پەیوەندی خۆشەویستی دەکرێت پەیوەندییەکی تەندروست بێت. بەڵام بە گشتی پەیوەندی خۆشەویستی پەیوەندیەکی نەخۆشانەیە. ئەگەر گوێ لە گورانی و مۆسیقای ناوچەکە بگریت بەشێکی زۆری دەربارەی پەرستن و خۆشەویستیە بۆ ئافرەت، بەڵام دەرئەنجامی ئەم خۆشەویستە خراپترین دۆخە بۆ ئافرەت لە دونیادا. وەک سلاڤیو ژیژاک بە جوانی باسی دەکات، پەیوەندی خۆشەویستی هیچ نیە جگە لە پەیوەندی نەخۆشانە نەبێت. نەخۆشبونی ئەم پەیوەندییە بە رونی لە دروشمی بالروح، بالدم، نفیدیک یان عراقدا دیارە.

وەهمی ئەوەی وڵاتێک باشترە لە وڵاتێکی تر، لە دەرون تەسکیەکەوە هاتوە بەرامبەر دونیا. ئەمە لە ئەدەبیاتی کوردیشدا بونی هەیە. گۆرانی شاعیر بەرواردی کانی و دەریا دەکات.

پێنجەم، ئەم دروشمە لە بۆشاییەوە نەهاتوە. گەر ساتێک رابمێنیت هەرزوو ڕەگە ئاینیە ئیبراهیمیەکەی دەردەکەوێت. قوربانیدان وەک جۆرێک لە باوەر و وەفا، بەشێكی سەرەکی ئاینە ئیبراهیمیەکانە. هەروەها مردن لە پێناو باوەرێکدا کۆڵەکەی هەردوو ئاینی ئیسلام و مەسیحیەتە. چیرۆکی خاچی مەسیحی کە دڵی ئاینی مەسحیە، چیرۆکی ئامادەبونی مردنی کەسێکە لە پێناو بیروباوەڕیدا. دەکرێت ئەم قوربانیدانە بۆ باوەڕ ڕەهەندی جوانی هەبێت، بە تایبەتی ئەگەر ئامادەبیت بمریت لە پێناو باوەڕدا، نەک بکوژیت لە پێناو باوەڕدا. ئەم ئامادەبونە بۆ مردن لە سەنتراڵێتی دیاردەی شەهید و جیهاددا دەردەکەوێت لە ئیسلامدا. ئامادەبون بۆ مردن لە پێناو بەهایەک، باوەرێکدا هەروەها ئامادەبون بۆ کوشتن لە پێناو باوەڕو و ئایندا، دژ بە هەموو بەها سەردەمیەکانی لێبوردەیی و سنگفراوانی، قبوڵکردنی جیاوازی و گفتوگۆ و حوکمی عەقڵ و دایەلۆگ و دانپیانان و پێکەوەبون و زۆر بەهای تری سەردەمییە.

دوا سەرنج. دەوڵەت بۆ ئەوەی نیە بۆ بمریت، دەوڵەت بۆ ئەوەیە کە ئاسایشت بپارێزێت، ژیانت باش بکات، کەرامەتت بداتێ، ئامادەییەکت پێببەخشێت لە دونیادا. جا ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هەمیشە هەژارانن کە دەمرن بۆ وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی ئەوانیتر تیایدا بژین. هەمیشە لە دونیادا بڕبڕەی پشتی سوپا لە هەژارانن. کەواتە دەبێت هەژاران بمرن بۆ دەوڵەت بۆ ئەوەی ئەوانیتر بتوانن تیایدا بژین.


PM:12:57:13/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 2848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی