ئایا دەتوانین لە ئێستادا ستراتیژیانە بیربکەینەوە؟

‌سه‌ردار عه‌زیز

ئەوەی ئەمڕۆ کورد بە دەستیەوە دەناڵێنێت خۆی لێی بێ گوناه نیە. ڕەنگە ئەستەم بێت لە ساتەوەختێکی وەهادا ڕەخنەییانە بیر لە خۆت بکەیتەوە، بەڵام گەر نەتوانیت ڕەخنەییانە بیر لە خۆت بکەیتەوە ئەوا هەمیشە لە هەمان دۆخدا دەمێنیتەوە. 

بەڕای من لە تورکیا دوو بژاردە هەبوو: بژاردەیەکی سیاسی بۆ گەیشتن بە هەمان ئامانج بەبێ شەڕ، لە گەڵ بژاردەی شەڕ، بۆچی حکومەتی تورکی، بە تایبەتی ئەردۆگان ڕێگای شەڕی هەڵبژارد؟ دیارە بە شێوازی تەقلیدی ئاسانە وەها بیربکەینەوە کە تورکیا دوژمنی کوردە و لە هەرکوێ کورد هەبێت دوژمنیەتی و هەرگیز ناتوانێت دان بە بونی کوردا بنێت. ئەمانە ڕاستین و دەرهاوێشتەی مێژوی پرۆسەی دورستکردنی نەتەوەن بۆ دەوڵەتی تورک. 

بەڵام لە هەناوی ئەمەدا دەکرێت دیوێکی تر هەبێت. ئەمە ناتوانرێت بە ئاسانی ببینرێت. بۆیە دەبێت سەرەتا چەند بنەمایەک دابڕێژین.

پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان سیاسەتی کورد لە باکور و هەڵویستی تورکیا بەرامبەر کورد لە بەشەکانی تری کوردستان، بە تایبەتی ڕۆژئاڤا، بە هۆی کۆمەڵێک پێکەوەبونی ئۆرگانی لە نێوان ئەم دوو بەشەدا. بەم پێیە دەتوانین بڵێین یەکێک لە  هۆکارەکانی هێرش بۆ سەر رۆژئاڤا، لە دۆخی سیاسی پارتی دادوگەشەپێدان و ئەردۆگانەوە سەرچاوە دەگرێت. وەک دەزانن دۆخی ئەردۆگان پاش دۆرانی لە ئیستەنبول بەرەو لاوازی دەڕوات و دروستبونی ئیمام ئۆغلۆ وەک کەسایەتیەکی دیار مایەی بێزاری ئەردۆگان بوو. بە ڕای من پاڵنەرێکی سەرەکی شەڕ لاوازکردنی ئۆپۆزسیون و کردنی کورد بە سوتماکی ئەو پرۆسەیە. دەبینین کە چۆن لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاڤا ئەردۆگان هەموو دەنگەکانی ناو تورکیای کپکرد و جارێکی تر خۆی بوەوە بە کەسی یەکەم. ئەمەش لە هەڵوێستی ئۆپۆزسیوندا بەرامبەر جەنگەکە بە ڕونی دیارە.

لێرەدا دەکرێت بپرسین ئایا هەڵە نەبوو کە کورد بوون بە ئامرازی سەرکەوتنی ئیمامئۆغلۆ و پاشان بە تەنها باجەکەی دەدەن؟
ئەمە مێژوی هەیە، هەدەپە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەوەبوە کە ئەردۆگان نەبێت بە سەرۆک. بەڵام لە هەمو هێزێکی تر زیاتر باجی ئەمەی داوە. ئەمە ڕوئەدات لە هەناو چوارچێوەی تایبەتی سیاسەتی تورکیدا، کە تەنها کاتێک دەتوانی لێی تێبگەیت کە لە هەناو ئەو چوارچێوەیەوە بیربکەیتەوە. 

ئایا ڕێگری کردن لە ئەردۆگان کە لە هەردوو دۆخەکەدا سەرکەوتوو نەبوە، وە هیچ گەرەنتیەک نیە کە لە داهاتودا هیچ پاداشتێکی دەبێت، سیاسەتێکی هەڵە نیە؟ ئایا ئەمە سیاسەتێکە دەچێتە خزمەی کوردەوە، یان زیاتر بەشێکە لە پلانی چەپی تورکی؟ بەڕای من ئەوەی دووەمیانە! 

کاتی ئەوەیە کە کورد لە باکور بەو ئاراستەیەدا بیربکاتەوە کە چی بۆ کورد باشە، نەک هەمیشە ببێتە سوتماکی جەنگێک کە زۆرترین باجی بۆ دەدات و هیچ دەستکەوتێکی نیە. کور دەبێت بیر لە خۆ پاراستن لە شەڕ، خۆ پتەوکردن و بونیادنانی هێز بکاتەوە، نەک ببیتە قارەمانی شانۆکان و پاشان بەندیخانەکانیان لێ پڕ بکرێت و تەنها چیرۆکی قارەمانیان بۆ بمێنێتەوە. گەورەترین تراژیدیای کورد ئەوەیە کە نازانێت لە دونیای دەوڵەت و نەتەوەدا، نە وەک دەوڵەت، نە وەک نەتەوە بیربکاتەوە. کە پرینسیپێکی هەرە باڵای ئەوەیە چۆن مانەوە و ئاسایشی خۆم دابین بکەم و نەبمە سوتماکی سەرکەوتنی ئەوانیتر.


PM:09:32:20/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی