کۆبونەوەی ئەمڕۆی مۆسکۆ

‌سه‌ردار عه‌زیز


ئەمڕۆ سێرگی لاڤرۆڤ، جەواد زەریف و مەڤلوت چاڤشئۆغلۆ لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە. تۆپ دیپلۆماتی روسیا و تورکیا و ئێران باس لە وڵاتێکی تر دەکەن کە هەرسێکەیان کردویانەتە گۆڕەپانی جەنگی ڕاستەوخۆ و پرۆکسی خۆیان.

دو روداو باڵی دەکێشێت بە سەر دانیشتنەکەدا: تیرۆرکردنی باڵوێزی روسی لە ئەنکەرە، لە لایەن ئەندامێکی بەرەی نوسرە که پۆلیس بو لە دەزگای دژە ئاژاوەی تورکی. بەڵام روداوی دوەمیان گەورەترە کە بارودۆخی حەلەبە.

حەلەب بۆ ئێران و روسیا وەک سەرکەوتنە و بۆ تورکیا وەک شکست. بەڵام کوشتنی باڵویزی روسی کۆمەڵێک ئاماژە ئەدات کە ڕەنگە هاوبەشییان لە نێواندا دروست بکات، بە تایبەت لە نێوان روسیا و تورکیا، ئەویش ئایا تیرۆریستان هەتا چەندێک هاتونەتە ناو وڵات و دەزگاکانی دەوڵەتەوە.

بێئاگایی میت لە بونی کەسێکی وەها لە ناو دەزگای پۆلیسدا، ئاماژەیەکی مەترسیدارە، بە تایبەت ئەم کەسە کاتێک دەچێتە ژوری پێشەنگاکە لە لایەن پۆلیسی تورکیەوە ناپشکێندرێت.

سەرەتا ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچون کە کارێکی ئیستخباراتی بێت. بەڵام ئەندام بونی پۆلیسە تورکیەکە لە بەرەی نوسرە ئاماژەیە کە چەندێک سیاسەتی ناوچەیی تورکیا ئەو وڵاتە وەک پاکستان لێدەکات.

بەڵام حەلەب جێگای مشتومڕی زیاتر دەبێت. حەلەب سەرەتای کۆتایی دەسەڵاتی تورکیە لە سوریا. دەستپێنەگەیشتنی تورک بە موسڵ و حەلەب یانی نەبونی هیچ بنکەیەکی شاری و بازرگانی و کەلتوری گەورە نزیک بە سنوری هەتا لە رێیەوە بتوانێت بێتە ناو سوریا و عێراقەوە. ئەمە بە تایبەت ئەگەر بێتو هەولێر زیاتر لە بەغدا دور بکەوێتەوە.

بەڵام خەمی گەورەی تورک کوردەکانی رۆژئاڤایە. تورک هەرچەندە لە پێگەیەکی لاوازدان، بەڵام هەوڵی هەمو شتێک دەدەن کە چۆن روسیا و ئێران و هەروەها لە رێگای ئەوانەوە سوریا دژ بە کورد بوەستنەوە. هەر هیچ نەبێت رێگە نەدەن کە زیاتر لە سنوری تورکیادا دەسەڵاتیان هەبێت.

بەڵام تورکیا لە سوریا هیچی نیە دانوستانی پێوەبکات، مەگەر بڕوات بۆ بواری تر بە تایبەت غازی سروشتی، بۆ دانوستان، چونکە تورکیا کڕیار و ڕێڕەوی سەرەکی هەردو وڵاتە.

بەڵام ئەوەی وەها لە تورکیا دەکات لاوازتر دەربکەوێت ئەو ئیسلامی بونەی کۆمەڵگای تورکیە، کە ڕاستەوخۆ دژ بە ئێران (شیعە) و روسی ئەرثەدۆکسە.

شەوێ هەندێک چاودێر باسی ئەوەیان دەکرد کە ڕەنگە کوشتنی باڵویزی روسی بە ئامانجی رێگری بێت لەم کۆبونەوەی ئەمڕۆ، بەڵام ئەمە تەنها وەک ئەگەرێکە.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە هەر چەند کاتژمێرێک پاش کوشتنی باڵوێزی روسی کەسێک لە بەردەم باڵویزخانەی ئەمریکدا گیرا لە ئەنکەرە کە هەوڵی تەقەکردنی دەدا.

روداوەکە لە ناو تورکیادا چەند ئاماژەیەکمان پێدەدات:

یەکەم، زۆربونی بەرەی نەیاری دەوڵەت.

دوەم، بەکارهێنانی توندوتیژی بە شێوازی زۆر کاریگەر و ورد.

سێ، گومانی زیاتری نوخبەی دەسەڵات لە دەزگاکانی دەوڵەت، ئەگەر جاران تەنها گویلەن بو ئێستا نوسرە و ئەوانی تریشی هاتە سەر.

چوار، کردنی تورکیا بە گۆڕەپانی ئیغتیالات، نەک تەنها لە لایەن تیرۆریستانەوە بەڵکو بە شێوەیەکی رێکخرا و لە لایەن روسیاوە. سەرجەم ناسەقامگیری زیار کە بارێکی نەخوازراوە بۆ ئابوری تورکی.

هەرچەندە ئەمڕۆ تورکیا وڵاتی لاوازی کۆبونەوەکەیە، بەڵام هیچ کام لە ئێران و روسیا پێیان باش نیە تورکیا هێندە لاوازبێت کە ببێتە مۆڵگەی تیرۆری نێودەوڵەتی چونکە هەردولا دەترسن لە تیرۆری ئیسلامی و بەرژەوەندی ئابورییان.

بۆیە هەوڵدەدەن کە پشتیوانی تورکیا بکەن بەڵام هەوڵ بدەن لە بەرەی سوننەی بهێننە دەرەوە. ئەمە هەواڵێکی باش نیە بۆ کوردستان.


AM:10:33:20/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 5141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی