(10) گره‌وی پارتی..!
عەدالەت عەبدوڵڵا
چی وایكرد كه پارتی دیموكراتی كوردستان، له كۆتاییدا، به‌بێ سڵه‌مینه‌وه له به‌رچه‌كرداری ركابه‌ره‌كه‌ی، واته یه‌كێتی، بڕیار بدات كه كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ببه‌سترێ و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ش هه‌ڵبژێردرێت؟ بۆچی ئاماده نه‌بوو ته‌نانه‌ت بۆ چه‌ند سه‌عاتێكی تری كه‌م، پرۆسه‌كه دوابخرێت؟ چی وا ده‌كات گوێ به ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌م بڕیاره‌ی خۆی نه‌دات؟
وه‌ڵامی ئه‌مانه، به گشتی، وردتر‌و ئاڵۆزترن له‌وه‌ی لێره ده‌یانخه‌ینه‌ڕوو، به‌ڵام روكه‌شترین وه‌ڵام ئه‌وه‌یه كه بوترێ، ئه‌م بڕیاره‌ی پارتی، له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه كورسی زۆره‌و توانیویه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پێكهاته‌كان بكاته خۆی و به‌وه‌ش زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی مسۆگه‌ر بكات !.
ئه‌م وه‌ڵامه، له‌واقعدا، وه‌ڵامێكی نه‌ك ورد نییه، به‌ڵكو پڕوپاگه‌نده‌ییه‌كی حزبیی په‌تییه!، ئه‌مه رێك به‌مانای ئه‌وه‌یه كه بڵێی ئیتر په‌رله‌مان سه‌نگی مه‌حه‌كه بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی دیموكراسی!، له‌كاتێكدا ئه‌م گریمانه‌یه به‌رگه‌ی ئه‌زموونی خراپی دامه‌زراوه‌كه خۆی ناگرێ كه ئه‌ویش داخستنی ده‌رگاكه‌ی و وه‌ده‌رنانی ده‌نگه ناڕازییه‌كانی ناوی بوو له‌لایه‌ن هێزێكی دیاریكراوه‌وه!.
كه‌واته، با واز له‌مه‌یان بهێنین و شیكاری بۆ كرۆكی ئه‌و گره‌وانه بكه‌ین كه ئه‌م هێزه، له‌م سیاسه‌ته نوێیه‌یدا، پشتی پێ به‌ستوون، لێره‌شدا ته‌نها (10)گره‌ویان بیر ده‌خه‌ینه‌وه:
1- گره‌وی هه‌ره گه‌وره‌ی پارتی ئه‌وه‌یه كه، ركابه‌كه‌ی، هێزێكی(فشۆڵ)ه‌و یه‌كڕیز نییه، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی ململانێ ناوخۆییه‌كانی ناو هێزی ركابه‌ر بقۆزرێته‌وه، ئه‌مه به‌و پێیه‌ی، ئه‌و ململانێیه، وا ده‌كات لایه‌كیان، بۆ خۆ به‌هێزكردن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ویتریان، به‌لای ئه‌ودا دایبشكێنن. له راستیشدا، ئه‌م گره‌وه، تا ماوه‌یه‌كی زۆر، كاری خۆی كردبوو!، به‌ڵام بۆ ئێستا، گره‌وێكی سه‌ركه‌وتوو نییه، چونكه لایه‌نی ركابه‌ر، لانیكه‌م، له‌ئێستادا، ئه‌و كه‌لێنه‌ی گرتووه!.
2- گره‌وێكی تر له‌سه‌ر ململانێی نێوان یه‌كێتی – گۆڕان-ه، كه له‌ئه‌نجامی پابه‌ندنه‌بوونی هه‌ردوولایان به رێككه‌وتنامه‌ی ده‌باشانه‌وه، به‌سروشتی حاڵ، لایه‌كیان به‌ره‌و لای ئه‌و كێش ده‌كات. پارتی له‌م گره‌وه‌دا، تا ئێستا براوه بووه، توانیشی، دواجار، له‌گه‌ڵ گۆڕاندا، بگاته رێككه‌وتن و گێمێكی تری گرژی له‌نێوان یه‌كێتی – گۆڕانیشدا بخوڵقێنێته‌وه!.
3- گره‌وێكی تر له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی دوو ئیداره‌ییه. یه‌كێتی زانیاریی ئه‌وه‌ی لایه كه له ئاست باڵادا له‌ناو پارتی، ئه‌گه‌ری دوو ئیداره‌یی چۆته ناو حساباتی سیاسییه‌وه‌و باسی لێوه‌كراوه!، هه‌ندێ(رۆژنامه‌نووس)ی پارتیش ئه‌وه‌یان دركاندووه، یان پێیان وتراوه كه بیدركێنن بۆ نیشاندانی بێباكی له ئه‌گه‌ری دوو ئیداره‌ییدا!. له‌مه‌دا، بێگومان پارتی، ئه‌توانێ گره‌وه‌كه بكات، چونكه هه‌ر خۆی لایه‌نێكی سه‌ره‌كی و بڕیارده‌ری ناو هاوكێشه‌كه‌یه.
4- گره‌وێكی تر له‌سه‌ر گه‌رمكردنی په‌یوه‌ندیی پارتی و تاران-ه. پارتی وای ده‌بینێ، ئه‌م په‌یوه‌ندییه، پاڵپشتیی ئێرانییه‌كان له ركابه‌ره‌كه‌ی سنوردار ده‌كات، به‌تایبه‌تی كه له‌دانانی سه‌رۆك كۆماردا، ئێرانییه‌كان زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هاوسۆزبوون تا یه‌كێتی.
ئه‌م گره‌وه‌ش، تا ڕاده‌یه‌ك مومكینه، به‌ڵام راستتر ئه‌وه‌یه كه، ئێرانییه‌كان، له‌م پرسه‌دا، پراگماتییانه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و هێله‌كه‌كانیان له‌خانه‌ی سه‌به‌ته‌یه‌ك زیاتره!، واته ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌كی باشیش بن له‌گه‌ڵ پارتیدا، ئه‌وا به حوكمی فاكته‌ری جوگرافیای سیاسیی هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندیی دێرینتر، ده‌ستبه‌رداری یه‌كێتیش نابن، بۆیه گره‌وه‌كه، زۆر جێی متمانه نییه!.
5- گره‌وێكی تر له‌سه‌ر رازیكردنی به‌غدایه. پارتی وای داناوه كه نزیكبوونه‌وه‌ی له هێزه شیعییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هێزه سونییه‌كاندا، به‌غدا له‌هه‌ر ململانێیه‌كی ئه‌و له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كه‌یدا، بێلایه‌ن ده‌كات، به‌تایبه‌تی كه پارتی رازیبووه نه‌وتی هه‌رێم له‌رێی (سۆمۆ)یشه‌وه بفرۆشرێ و خاڵه گومركییه‌كان به پێی یاساكانی به‌غدا بێ، هه‌روا دوای ئه‌وه‌ی كه بارزانیش، به‌پێی خۆی، چووه به‌غداو په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی و حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده شیعییانه‌دا ئاسایی كرده‌وه كه بڕیاری داگیركردنی كه‌ركوكیان دابوو!.
6- گره‌وێكی تر له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانه سه‌باره‌ت به پرسی كه‌ركوك. پارتی ده‌زانێت كه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌دا نییه پارێزگارێكی كورد له‌شاره‌كه‌دا بێت، ئه‌مه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌ویشدایه، خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌شێتی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌دا، چونكه جگه له هه‌ڵوێستی خۆی، به‌هۆی ئه‌وانیشه‌وه ركابه‌ره‌كه‌ی له وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار بێبه‌ش ده‌بێت. له‌م گره‌وه‌دا، پارتی، تا ئێستا سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌ڵام نازانرێت له دوای 18ی شوباته‌وه، ئه‌م گره‌وه تا كوێ بڕ ده‌كات، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پارتی مرونه‌ت له پرسی كه‌ركوكدا نه‌نوێنێت و یه‌كێتیش په‌نا بۆ پلانی(B) ببات!.
7- گره‌وێكی تر له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندێتیی ناوچه‌ی جێی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتییه. پارتی پێی وایه، ئه‌گه‌ر دوو ئیداره‌ییش رووبدات، ئه‌وا یه‌كێتی ناتوانێت، وه‌ك جاران، له ناوچه‌ی نفوزی خۆیدا، به ئاسانی فه‌رمانڕه‌وا بێ، چونكه بواری ئه‌وه هه‌یه كه، لانیكه‌م، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان-ی به گژدا بكا ئه‌گه‌ر نه‌توانێ ئیسلامییه‌كان و نه‌وه‌ی نوێ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌كاربهێنێت!، ئه‌م گره‌وه‌ش، تا ڕاده‌یه‌ك مومكینه، به‌ڵام له‌واقعدا، ته‌نها بریتی ئه‌بێت له نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌یه‌كی سیاسیی كاتی له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیدا، له‌وه‌ش خراپتر به‌كارهێنان و بگره به سووته‌مه‌نیكردنی ئه‌و گروپه سیاسییه‌ش كه بۆ ئه‌و پلانه هانبدرێت.!
8- گره‌وێكی تر له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌مریكییه‌كان و وڵاتانی ئه‌وروپییه. پارتی وا گریمانه ده‌كات كه، ئه‌و وڵاتانه، له قازانجی پارتی و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ولێرو باره‌گای قونسڵگه‌رییه‌كان، فشار ده‌خه‌نه سه‌ر یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی بیر له پلانی(B) نه‌كاته‌وه‌و له‌كۆتاییدا مل بۆ ئه‌و فۆرمه له رێككه‌وتن بدات كه پارتی دایناوه، به‌ڵام ئه‌م گره‌وه‌ش، زۆر دڵنیایی تێدا نییه، له‌وه‌ش زیاتر، مومكینه، وه‌ك ئه‌زموونیان له‌زۆر ناوچه‌ی تری جیهان، له‌گه‌ڵ هه‌ر گرژییه‌كدا، ته‌واوی ئه‌و قونسڵگه‌رییانه هه‌ولێر به‌جێ بهێڵن.
9- گره‌وێكی تر له‌سه‌ر حسابكردنه بۆ هاوكێشه‌ی هێز له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا، به‌تایبه‌تی هێزی سه‌ربازی. زۆركه‌س پێی وایه كه پارتی، به‌هۆی شه‌ڕی داعش و قۆزتنه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆیه‌وه له‌حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، توانیویه‌تی زۆربه‌ی چه‌كه قورسه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌لای خۆی گل بداته‌وه‌و كه‌مترینیان راده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ربه یه‌كێتی بكات، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات، له هه‌ر ئه‌گه‌رێكی به‌ریه‌ككه‌وتنی سه‌ربازیدا، دڵنیایی زیاتری هه‌بێ!. به‌ڵام له‌واقعدا، ئه‌م گره‌وه‌یان، زۆر جێی پشت پێ به‌ستن نییه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی -خوانه‌خواسته - له ئه‌گه‌رێكی ترسناكی وادا، ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رێمایه‌تی دێته ئاراوه‌و ئه‌وسا هاوكێشه‌ی سه‌ربازی، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه، نامێنێته‌وه!.
10- گره‌وێكی تر له‌سه‌ر پاڵپشتیی ته‌قلیدی به‌شێكی هێزه كوردییه‌كانه له‌سنوری پارتیدا. له‌مه‌دا، پارتی دیموكرات پێی وایه، توانای دروستكردنی هاوپه‌یمانیی سیاسیی به‌هێزتری هه‌یه له یه‌كێتی، ئه‌مه‌ش پێگه‌ی ئه‌و له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی‌دا به‌هێزتر ئه‌هێڵێته‌وه، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌م گره‌وه‌شیان، كاریگه‌ر نییه‌و ته‌نها بابه‌تێكی مه‌عنه‌وییه.
PM:12:46:19/02/2019
ئه‌م بابه‌ته 4420
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی