‌چۆن ده‌یانگۆڕن ..؟
PM:06:48:05/02/2019
عەدالەت عەبدوڵڵا


ئه‌گه‌رچی قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌زموونی حوكمڕانی، قه‌یرانی بونیادین و ته‌نها په‌یوه‌ست نین به‌ بكه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام گۆڕینی بكه‌ر، له‌ هه‌موو جیهاندا، له‌به‌ر رۆشنایی چوار ئیعتیباردا به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌:

یه‌كه‌م: گۆڕینی بكه‌ر به‌پێی یاساو دوورخستنه‌وه‌ی كایه‌كان له‌پاوانكاری(Monopoly).

دووه‌م: گۆڕینی بكه‌ر له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌زموونی ئه‌و بكه‌رانه‌ی كه‌ له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێكی له‌توانادا هاتوو، یان له‌توانابه‌ده‌ر، توانای جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كانیان نه‌بووه‌. 

سێیه‌م: گۆڕینی بكه‌ر به‌هۆی جیاوازیی قۆناغه‌كان و پێویستی و به‌ربه‌ره‌كانییه تازه‌كان. 

چواره‌م: گۆڕینی بكه‌ر به‌ ئومێدی ده‌رفه‌تدان به‌ ئه‌زموون و خوێنی نوێ.

 واته‌، له‌به‌ر هه‌ر یه‌كێ له‌و چوار ئیعتیباره، گۆڕینی بكه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌ ده‌زگا ده‌وڵه‌تی و ره‌سمییه‌كاندا بێت، یان ئه‌هلی و میللییه‌كان، یه‌كێكه‌ له‌رێگاكانی تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و چه‌قبه‌ستنه‌كان، یان به‌دیهێنانی خه‌ون و پرۆژه‌ تازه‌كان، هاوكات له‌پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگاكاندا، پێوه‌رێكی گرنگی به‌راوردكاریی نێوان ئه‌زموونه‌ مرۆییه‌كانیشه‌. 

 به‌مانایه‌كی ساده‌تر، تۆ تا ئه‌زموونی نوێ و نوێتر نه‌بینی، پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنیشت بۆ ئه‌زموونه‌كانی رابردوو ته‌واو(كامل) نابێت. مرۆڤه‌كانیش، به‌ سروشتی خۆیان، نایانه‌وێ كۆپی یه‌كتربن!، له‌ ئایدیاڵترین ئه‌زموونه‌كاندا، بكه‌ره‌كان، ئاره‌زوویه‌كیان هه‌یه‌ بۆ پیشاندانی تایبه‌تمه‌ندێتیی خۆیان و پێشكه‌شكردنی وێنه‌یه‌كی ترو خۆ پاراستن له‌ لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌وانیتر، ئه‌مه‌ چ جای ئه‌وه‌ی، له‌بنه‌ڕه‌تدا، ئه‌وانیتر ئه‌زموونێكی باشیان پێشكه‌ش نه‌كردبێت!، دروست وه‌ك ئه‌زموونی حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی هه‌رێم!

كه‌واته‌، له‌ په‌یوه‌ندیدا به‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ته‌وه، ‌ده‌بێ ئه‌م پره‌نسیپه‌ بگیرێته‌به‌ر: ته‌واوی ئه‌وانه‌ی ستافی كابینه‌ی پێشووی حكومه‌ت بوون، بگۆڕدرێن، چونكه‌ لێره‌دا ته‌نها كێشه‌ له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ كام بكه‌ر ئه‌زموونێكی باشی هه‌بووه‌و كامیان خراپ. لێره‌دا، كۆی سیسته‌مه‌كه‌، به‌تایبه‌تیش دامه‌زراوه‌ی راپه‌ڕاندن خۆی، له‌كابینه‌ی پێشوودا، دامه‌زراوه‌یه‌كی قه‌یرانبار بووه‌، یان لانیكه‌م، سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كاندا، به‌مه‌ش سه‌رله‌به‌ر، ده‌بنه‌ ده‌موچاوی شكستی ئیداری و سیاسی له‌ قۆناغێكی دیاریكراوی وڵاتدا، هه‌ر ئه‌مه‌ش دیارترین ئیعتیبار ئه‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ئیعتیباری گۆڕینیانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی هێزی نه‌هێشتنی قه‌یرانه‌كانیان نه‌بووه‌.

 پارتی، له‌ده‌ره‌وه‌ی مشتومڕی ئه‌وه‌ی كێی كرد به‌ جێگره‌وه‌‌، باشی‌ كرد كه‌ كاندیدی خۆی بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت گۆڕی، ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ته‌واوی وه‌زیره‌كانیشی بگۆڕێت. ئه‌م هه‌نگاوه‌، پێویسته‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی تریشه‌وه‌ بنرێت و بوێریی ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ ده‌موچاوی نوێ بهێننه‌ پێشه‌وه‌و به‌ سیاسه‌تی رازیكردنی ئه‌م و ئه‌و، مامه‌ڵه‌ نه‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و گۆڕان. ئه‌وان خاوه‌نی سه‌دان كادری ته‌كنۆكرات و خوێنده‌وارن و نه‌ ئه‌زمه‌ی(پیاو)یان هه‌یه‌!، نه‌ ته‌نانه‌ت مێینه‌ی خوێنده‌واریش.

 مه‌رجی دووه‌م، ئه‌وه‌یه‌، بكه‌ری نوێ، پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی رۆتینییانه‌ی ده‌موچاو نه‌بێت‌. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ نابێ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ته‌حه‌كومی پێوه‌ بكرێت كه‌ بكه‌رانی سه‌رنه‌كه‌وتووی پێشتریان داناوه‌!. لێره‌دا، بكه‌ردانه‌رانی پێشوو، ئۆتۆماتیكی، هاوبه‌شی(شریك) سه‌رنه‌كه‌وتوویی بكه‌ره‌ دانراوه‌كانی پێشوون!. ئه‌گه‌ر وه‌ها سه‌یری پرۆسه‌كه‌ نه‌كرێت، ئه‌وا گۆڕینی بكه‌ره‌كان، له‌ پرۆسه‌ی ‌راسته‌قینه‌ی گۆڕینه‌وه‌ ده‌بێته‌ ئاڵوگۆڕ له‌نێوان بكه‌ره‌ ته‌قلیدییه‌كانداو هیچیتر!

  به‌ مانایه‌كی روونتر، بكه‌ر ئه‌و كاته‌ نوێیه‌ كه‌ سیسته‌م و هه‌لومه‌رج و سه‌رچاوه‌ی پاڵاوتنیشی جیاواز بێت له‌ رابردوو!. ئه‌و فلته‌رانه‌ی بكه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتوویان دانابێ، ئه‌هلییه‌تی بینینه‌وه‌ی رۆڵی فلته‌ریان له‌پرۆسه‌كه‌دا نابێت!، باشتریش وایه‌ رێز له‌خۆیان بگرن و دان به‌وه‌دا بنێن كه‌ ئه‌وانیش به‌رپرسیارن له‌وه‌ی بكه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتوویان هه‌ڵبژاردووه‌. به‌دیوه‌كه‌ی تردا، ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌شه‌ كه‌، پرۆسه‌ی هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی بكه‌ری نوێ، پێویسته‌ وابه‌سته‌ی پێوه‌رو نۆرمی زانستی بێت‌، هاوكات ره‌چاوكردنی هه‌ندێ ئیعتیباری مه‌عنه‌وی كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ راگرتنی هاوسه‌نگیی نوێنه‌رایه‌تیی پارێزگاكان له‌ناو ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا، به‌م رێگه‌یه‌ش ده‌توانرێت پرۆسه‌ی گۆڕینی بكه‌ر، بكرێته‌ پرۆسه‌یه‌كی عه‌قڵانی و زانستی و له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیش، هاوكات پاراستنی له‌فۆرمه‌ جیاوازه‌كانی مه‌حسوبییه‌ت و ئاڵوگۆڕی ته‌قلیدیی ده‌موچاوه‌كان كه‌ زۆرجار، ساخته‌كارانه‌، به‌ناوی گۆڕانكارییه‌وه، به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو ده‌وڵه‌تیشدا، ده‌سه‌پێنرێن. 
  


ئه‌م بابه‌ته 1020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.