‌شكستی یه‌كێتی له‌ گۆڕانكاریدا ..!
PM:08:04:30/01/2019
عەدالەت عەبدوڵڵا

خوێندنه‌وه‌ی ستراكتۆری ژیانی سیاسی له‌ باشوری كوردستاندا، پێمانده‌ڵێت كه،‌ قه‌یرانی گۆڕانكاری، به‌ پله‌ی باڵا، به‌نده‌ به‌ قه‌یرانی پارته‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ له‌دروستكردنی گۆڕانكاریدا، گۆڕانكاری، چ به‌ دیوی ده‌ره‌وه‌، واته‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌تدا، چ به‌ دیوی ناوه‌وه‌، واته‌ له‌ حزب و پێكهاته‌و ده‌زگاو كاراكته‌رانی.

له‌مه‌دا، هێزه‌ سیاسییه‌كانماكان، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌ رێژه‌ی جیاجیا، ئه‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك!، ئه‌وه‌ی لێكیان جیا ده‌كاته‌وه‌، زیاتر ناونیشانه‌كانیانه‌ نه‌ك ئه‌زموونی جیاواز.

بۆ نموونه‌، زۆر به‌ ساده‌یی، سه‌رنجده‌ده‌یت كه‌ هه‌موو حزبه‌كان، یان كۆنگره‌ نابه‌ستن، یان به‌ویستی خۆیان دوای ده‌خه‌ن، یان دره‌نگ ده‌یبه‌ستن.. له‌وه‌ش ترسناكتر، ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ته‌نانه‌ت به‌ستنی كۆنگره‌كانیشیان، ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ره‌وایه‌تیدانه‌وه‌یه‌‌ به‌ درێژه‌پێدانی دۆخی پێش به‌ستنی كۆنگره‌كان، كه‌ له‌رووی یاسایی و عورفی حزبایه‌تییه‌وه، ماوه‌كه‌ی‌ به‌سه‌ر ئه‌چێ و پێویستیی به‌ دابینكردنه‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت هه‌یه!‌‌، ئه‌وه‌نده‌ بۆ چاكسازی و نوێكردنه‌وه‌و گۆڕانكاری نییه‌.. له‌وه‌ش خراپتر، گرتنه‌به‌ری پێشوه‌خته‌ی هه‌موو رێ و شوێنێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، له‌م جۆره‌ بۆنه‌(بێزراو!)انه‌دا، بۆنه‌ی كۆنگره‌!، ره‌گه‌زی له‌ناكاو(عنصر المفاجئة) روونه‌دات كه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆنترۆڵی پێویستییه‌كانی مانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ نوخبه‌ی باڵاده‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندییه‌كانی، ده‌یخوازن.!.

ئه‌مڕۆ به‌داخه‌وه‌، گه‌نده‌ڵترین رێوشوێنیش كه‌ چۆته‌ خوێنی زۆربه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كانمانه‌وه‌، ده‌سته‌گه‌ری و تاقمچێتییه‌ كه‌ زۆرجار فۆرمی خێڵه‌كایه‌تییه‌كی سیاسی، یان ناوچه‌گه‌رییه‌كی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌‌، یان خزمایه‌تی و بنه‌ماڵه‌گه‌رییه‌كی داخراو وه‌رده‌گرن، هه‌موو ئه‌م پێكهاته‌ سیۆسیۆ-سیاسییه‌ دواكه‌وتووانه‌ش، له‌مڕۆدا، كۆنترۆڵی ته‌واوی واقعی سیاسیی ئێمه‌یان كردووه‌، بگره‌ بوونه‌ته‌ یه‌كه‌ هه‌ره‌ مه‌ترسیداره‌كانی ستراكتۆری ژیانی سیاسیمان، بۆیه‌ ئاكام، ده‌بینی‌ دۆخی حزبایه‌تییش، له‌باشووری كوردستاندا، دۆخێكی ته‌واو نائاساییه، دۆخێكه،‌ یان به‌ ده‌مكوتكردن و سه‌نتراڵیزمێكی تۆقێنه‌رو چه‌پاندنی ناڕه‌زاییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌برێ و به‌وه‌ش ئاسایشێكی سه‌پێنراو بۆ حزب مسۆگه‌ر ده‌كرێت(حزبی له‌م فۆرمه‌شمان هه‌یه‌)!، یان ئه‌وه‌تا بارگاوییه‌ به‌ ململانێی تاقم و گروپه‌ جیاجیاكانی ناو حزب، یان ته‌نانه‌ت لێكترازان/ئینشیقاق و هه‌ندێجاریش یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌ئه‌نجامی بێ به‌هابوونی خودی پرۆسه‌ی ئینشقاق خۆی له‌رووی ده‌سكه‌وتی سیاسی و ئابوورییه‌وه،‌ چ بۆ گروپی مونشه‌ق و، چ بۆ تاكه‌كانی ناوی!.

له‌ باشووری كوردستاندا، یه‌كێتی نیشتمانی، یه‌كێكه‌ له‌و حزبانه‌ی كه‌ له‌ناو ئه‌م دۆخه‌ مه‌ترسیداره‌ی حزبایه‌تیدایه‌و زۆربه‌ی كاتیش، له‌میدیاكانه‌وه‌، ده‌بێته‌(پاڵه‌وان)ی ئه‌م چیرۆكه‌ سیاسییه‌ غه‌مگینه‌!، ده‌شڵێین غه‌مگین، چونكه‌ حاڵی ئه‌م (پاڵه‌وان)ه‌، كاریگه‌ریی سیاسیی یه‌كجار گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هاوسه‌نگیی سیاسی له‌ هه‌رێم و له‌سه‌ر ئه‌زموونی باشوور هه‌یه‌ به‌ گشتی.

یه‌كێتی حزبێكه‌، پڕ به‌ مانای وشه‌، له‌قه‌یراندایه‌، له‌ قه‌یرانی سه‌ركرده‌وه‌ له‌ دوای تاڵه‌بانی، بۆ قه‌یرانی شه‌رعییه‌ت له‌ دوای 5 ساڵ تێپه‌ڕین به‌سه‌ر ماوه‌ی ئیستحقاقی به‌ستنی كۆنگره‌دا. له‌ قه‌یرانی بڕیاره‌وه‌ له‌دوای ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین سه‌نته‌ری بڕیاردانه‌وه‌!، بۆ قه‌یرانی دامه‌زراوه‌ به‌هۆی ده‌سته‌گه‌ری و مه‌حسوبییه‌ته‌وه‌. له‌ قه‌یرانی فكره‌وه‌ له‌دوای خاڵیكردنه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ له‌بیروباوه‌ڕو پره‌نسیپه‌كان، بۆ قه‌یرانی ئاكار به‌هۆی پێشێلكردنی رۆژانه‌ی ئه‌و په‌یمانی ئاكاره‌ی كه‌ له‌كۆنگره‌ی پێشووه‌وه‌(2010ز)ه‌وه‌ جاڕدرا. له‌ قه‌یرانی ده‌وڵه‌تدارییه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌هۆی ده‌سته‌گه‌رییه‌وه‌ لاوازترین كادره‌كانی خستۆته‌ حكومه‌ت و ده‌زگاكانه‌وه‌، بۆ قه‌یرانی لێپرسینه‌وه‌و چاودێری و سزا له‌ئه‌نجامی نه‌مانی پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستییانه‌و زاڵبوونی كاریگه‌ریی وه‌لائی شه‌خسی له‌سه‌ر حسابی وه‌لائـ بۆ حزب و نیشتمان و وڵات.

یه‌كێتی، قه‌یرانی زۆر له‌وانه‌ زیاتری هه‌یه‌، هه‌رچی ریز بكرێت، دووباره‌یه‌!، ئه‌مه‌ی ئێمه‌یش ده‌یڵێن ته‌نها كولاندنه‌وه‌ی برینێكه‌ كه‌ هه‌موو جارێك ناچارین بڵێین: چاره‌سه‌ر نه‌كردنی، سه‌ر ئه‌كێشێ بۆ شیرپه‌نجه‌و له‌سه‌رخۆ كۆتایی به‌رۆڵ و كاریگه‌ریی ئه‌م هێزه‌ ده‌هێنێت!.

ئه‌مڕۆ هیچ جۆره‌ پرۆسه‌یه‌كی به‌نجكارییش دادی ئه‌م هێزه‌ نادات!. حزبی سیاسی، له‌ژێر ئه‌م تایپه‌ جیاوازانه‌ی قه‌یراندا، گۆڕانكاریی ریشه‌یی نه‌كات، هه‌رگیز هه‌ڵناسێته‌وه‌. پاره‌و ده‌سه‌ڵاتیش، كۆڵه‌گه‌ی هه‌میشه‌یی مانه‌وه‌ی حزب نین، ئه‌مه‌ چ جای له‌مه‌شیاندا، گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌وه‌ری هه‌بێ و بگاته‌ ئه‌وه‌ی كادرانی ئه‌و حزبه‌ بڵێن:(یه‌كێتیبوون له‌ رێی خوا!).. ئه‌وه‌ش وه‌ك ته‌عبیرێك بۆ ته‌نانه‌ت كورتبوونه‌وه‌ی ئه‌م حزبه له‌چه‌ند گروپێكی باڵاده‌ست كه‌ سامان‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی حزبیان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شكردووه‌و دۆخی خراپی به‌شی هه‌ره‌ زۆری كادرو ئۆرگانه‌كانی حزبیشیان داوه‌ته‌ ده‌ستی خوا!.

به‌ مانایه‌كی تر، كاتێك‌ حزب بگاته‌ ئه‌وه‌ی، ته‌نانه‌ت به‌شی زۆری ئۆرگان و كادره‌كانی خۆشی فه‌رامۆش بكات، كاتێك بگاته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ر كاربه‌ده‌ستێك ته‌نها خه‌می خۆی و كۆمپانیاكانی و گروپ و ده‌ست وتاقمه‌كه‌ی خۆی هه‌بێ، ئه‌وا ئه‌سته‌مه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ لێ بكرێت كه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌تیشدا، وه‌ك حزبێكی خزمه‌تگوزارو دادپه‌روه‌ر بناسرێت و توانای نوێنه‌رایه‌تیكردنی گه‌لی هه‌بێت، كه‌ كار گه‌شته‌ ئه‌م ئاسته‌ش، چاوه‌ڕوانكراوه‌ كه ئیدی ساڵ به‌ ساڵ متمانه‌و پاڵپشتیی هاووڵاتیان و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی ئه‌ندام و كادره‌كانی خۆیشی بدۆڕێنێت..!



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.