پەیوەندیی پارتی و یەكێتی..!

‌عەدالەت عەبدوڵڵا

سەرەڕای ئەو رەخنانەی كە لە زیاتر لەلایەكەوە، لەسەر پەیوەندیی یەكێتی‌و پارتی هەیە، بە گرژیی هەندێ سەكۆی میدیایی‌و سۆشیال میدیای هەردوولاشەوە!، ئەم پەیوەندییە، تائێستا، بەردەوامە!. ئەگەر دەرگای گفتوگۆشی لەبارەوە بكرێتەوە، بیروڕای جیاجیا دێنە ئاراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی تا ئەمڕۆ، ئەم پەیوەندییەی راگرتووە، زیاتر لەهۆكارێكە.

ئەگەر، لەدەرەوەی مشتومڕ لەسەر ئاكامە رەخنەلێگیراوەكانی ئەم پەیوەندییە، هەڵسەنگاندنی سیاسیی بكرێت، روون دەبێتەوە كە هێشتا زیاتر لە دۆسێیەك ماوە بۆ ئەوەی ببنە رایەڵ لەنێوان ئەم دوو هێزەدا. ئەو دۆسێیانە، فاكتن‌و هەردوولایان ناچاركردووە كە لەخراپترین هەلومەرجی حزبی‌و گرژیی نێوانیشیاندا، رەچاویان بكەن.

یەكێك لەدیارترین ئەو دۆسێیانە، پاراستنی هەرێمە لەتیرۆریستان، بەتایبەتی كە سەرلەنوێ دەستیان بە پەلاماردان كردۆتەوە، نوێترینیان لەم ماوەیەدا، لەسنووری مەخمورو داقوق‌و خانەقیندا بوو كە سێ ناوچەی كوردستانین. ئەم دۆسێیە، تەنها بە هاوئاهەنگیی سەربازی‌و هەواڵگری مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، هەرچی تیرۆریستانە، ئەوا خەڵكی كوردستان دەكەنە ئامانج‌و ناسنامەی حزبییان بەلاوە پرسیار نییە، بۆیە لەم دۆسێیەدا، پارتی‌و یەكێتی، بەپاڵپشتیی ئەمریكییەكان، لەپەیوەندیدا دەمێننەوە.

دۆسێی دووەم، یەكپارچەیی خاكی كوردستانە. هەردوولا، دەزانن، چ لەسەر ئاستی ئیقلیمی، چ لەهەندێ ناوەندی عیراقیشەوە!، هەوڵ بۆ پەرتكردنی هەڵوێستی سیاسیی هەرێم هەیە وەك پێشمەرجێك بۆ دابەشبوونی جوگرافی‌و سەپاندنی دوو ئیدارەیی، ئەمەش بۆ كۆنترۆڵكردنی هەرێمەكەو بەگژیەكداكردنی هێزە سیاسییەكانی. لەم پرسەدا، پارتی‌و یەكێتی، ئەگەر روانگەی جیاوازیشیان هەبێت، لەگەڵ پیلانی دابەشكردنی هەرێمدا، نین.

لەم رووەوە، تەنانەت، لەبەر هەندێ حساباتی سیاسی‌و ئەمنی‌و ئابووری، بەرژەوەندییەكی حزبیی دوو قۆڵیش هەیە!. سنووری پارتی، لەگەڵ دووبەشی تری كوردستاندا، تەماسە. پارتی، پەیوەندیی لەگەڵ هێزە سەرەكییەكانیاندا ئاسایی نییەو بگرە گرژیشە!. هەرچی سنووری یەكێتی-یە، ئەوا چەقی كۆبوونەوەی هێزە ركابەرو بەرهەڵستكارەكانە كە بەدرێژایی (9)ساڵی رابردوو تەنها لەم زۆنەدا چالاكی‌و بگرە پێگەیان هەیە!، ئەویش لەڕێگەی دەسەڵاتی لۆكاڵییەوە كە تیایدان‌و لەهەندێ ناوەندیشیدا دەسەڵاتی نمرە یەكن!.

دۆسێی سێیەم، بەڕێوەبردنی حكومەت‌و یەك ئیدارەیی هەرێمە كە وابەستەی مانەوەی پەیوەندیی یەكێتی‌و پارتییە. لەم ئاستەدا، كێ، وەك حزب، لەو یەك ئیدارەییە سوودمەندبووە، پرسیارێكی ترە!، ئەمما روونە كە دوو ئیدارەیی، بەمانای دابەشبوونی هەرێمە بۆ دوو ناوچەی سیاسی‌و ئیداری‌و ئابووریی لێكدابڕاو، ئەوەش سەرەتای كۆتاییە بۆ باشووری كوردستان.

دۆسێی چوارەمیش، پێویستیی نوێنەرایەتیكردنی كوردە لەناو پرۆسەی سیاسیی عیراقدا. هەر بۆشاییەك لەم بوارەدا، مەترسیی راستەوخۆ دەخاتەسەر دۆخی سیاسی‌و ئابووریی هەرێمیش.

بەو مانایانە بێت، پەیوەندیی نێوان ئەم دوو هێزە، لەو ئاستانەدا، پەیوەندییەكی بابەتییە. ئەگەر بپچڕێت‌و كۆتایی پێ بێت، ئاكام‌و زیانەكانی لەسەر هاووڵاتیان‌و دۆزی كوردە لەباشوور، بگرە ئەم دۆزە، دەیان ساڵ، دەبەنە دواوە. ئەم راستییانەش، بەو مانایە نین كە، رەوایەتیی ئەو دۆسێیانە بەتەنها، زامنی مانەوەی پەیوەندین لەنێوان ئەم دوو هێزەدا، بەڵكو بنچینەی پتەو بۆ پاراستنی، تەنها رێككەوتنە لەسەر چاكسازیكردن لەوڵات‌و كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان‌و پێشكەشكردنی نموونەی شیاوی فەرمانڕەوایەتییە. ئەگەر پارتی‌و یەكێتی، ئەم ستراتیژە بكەنە بنەمای پەیوەندی‌و هاوبەشی، ئەوا دەتوانن پاڵپشتیی خۆڕسك بۆ یەكڕیزیی نیشتمانی‌و تەبایی نێوانیشیان، مسۆگەر بكەن.


PM:03:39:19/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی