كۆتایی حزب ..!

‌عەدالەت عەبدوڵڵا

تێڕوانینێكی هەڵەیە، بەڕەهایی، باس لەكۆتایی حزب Political Partyبكرێت. كۆمەڵگەی سیاسی، بەپلەی یەكەم، لەم یەكە سیاسی/ئایدیۆلۆژییە، پێكدێت. سیستەم‌و دەوڵەت‌و نوێنەرایەتی، هیچیان، بەبێ حزب، بەڕێوەناچن. موریس دوڤیرچییە (1917-2014ز) لەكتێبی «پارتە سیاسییەكان»دا، دەڵێ: تەنانەت پێش لەدایكبوونی حزب، بەو فۆرمە مۆدێرنەی كە لەساڵی (1850ز)ەوە دەستپێدەكات، هەندێ تاقم‌و یانەی میللی‌و پێڕی پەرلەمانیش هەبوون كە كۆبوونەوەی خەڵكانێك بووە لەدەوری كۆمەڵێك بیروباوەڕو ئامانج‌و بەرژەوەندی، هەر خۆیشیان، تۆوی لەدایكبوونی حزب بوون.

حزب، خۆی، هەروەك زانای فەرەنسی، جۆرج بیرداو (1905-1988ز) لەكتێبـی «میتۆدی زانستە سیاسییەكان»دا دەیڵێ: «كۆبوونەوەی نێوان كەسانێكە كە باوەڕیان بەكۆمەڵێك بیروباوەڕی سیاسی هێناوەو كار بۆ بەدیهێنانیان دەكەن، ئەوەش بە كۆكردنەوەی زۆرترین هاووڵاتی لەدەوروبەری ئەو بیروباوەڕانەو هەوڵی گەیشتن بە دەسەڵات، یان، لانیكەم، كاریگەری دانان لەسەر بڕیارەكانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا». بەم مانایەش، حزب، لەسیستەمی سیاسیی كۆمەڵگەكان جیاناكرێتەوە، بەڵكو بەشێكی سەرەكییە لەپێویستییەكانی ژیانی سیاسی.

ئەوەی لێرەو لەم گریمانەیەدا، كۆتایی پێدێت، حزب نییە بە مانای زانستیی وشە، بەڵكو حزبە لەو ئەزموونانەی كە تیایاندا، ئەم یەكەیە، لە»كۆبوونەوەی نێوان كەسەكان» نامێنێت‌و دەبێتە موڵكی كەسێك، یان مۆنۆپۆڵی چەند كەسێكی دیاریكراو، هەرچی ئەوانی ترن، كە بە سروشتی حاڵ، زۆرینەن‌و ئەندامان‌و دەزگاكان دەگرێتەوە، رۆڵی راستەقینەیان لەناو ئەم «كۆبوونەوە»یەدا نامێنێت‌و، بەشداری‌و كاراییان، جڵەو دەكرێت!.

دیارترین خەسڵەتەكانی حزب، لەو ئەزموونانەدا كە حزبی سیاسی، لەناوەرۆك‌و پێناسەی ستانداردو زانستی، خاڵی دەكەنەوە، بریتییە لەپاشەكشەی پرەنسیپەكان‌و بەرنامەكان كە دیفید هیوم (1711-1776ز) فەیلەسوفی سكوتلەندی، بە گرنگترین رایەڵی كۆكەرەوەی تاكەكانیان دەزانێت، هەروەها گۆڕینی بەرژەوەندیی وڵات بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی‌و كەسی، لەگەڵیدا قۆرغكردنی بڕیارە سیاسییەكان. بۆ ئەوەی دەركەوتە مەترسیدارەكانی ئەم خەسڵەتانەش بناسرێنەوە، چەند پەرەسەندنێكی ناسروشتی لەڕێڕەوی حزبدا روودەدات، لەوانە، پەكخستنی میكانیزمەكانی لێپرسینەوەو گۆڕانكاری‌و نوێبوونەوە كە سەرەكیترینیان میكانیزمی بەستنی كۆنگرێسە، چونكە ئەم بۆنەیە، ئەو بازنە داخراوو مۆنۆپۆلكراوە دەشكێنێت كە، حزب لە تەنها كەسێك، یان گروپێكدا، كورت بكاتەوە.

حزب، لەم ئەزموونانەدا، لەپێناسەیەكی تری زانستی ئەكەوێت كە «ئۆرگانیزەبوونێتی لەسەر بنەمایەكی دیموكراتییانە». حزب، ئەو كاتە حزبە كە بەردەوام دینامیكییەت‌و گۆڕانكاریی تێدا بێت. كە حزب تەنها لەژێر دەستی كەسێك، یان تاقمێكدا مایەوە، كە رێوشوێنەكانی ریفۆرمكردن‌و گۆڕینی تێدا پەكخرا، كە دەزگاو هێزە مرۆییەكەی، لەكارایی‌و بەشداری خران، ئەوا ئیتر وەردەچەرخێ بۆ یەكەیەكی سیاسیی داخراوو دۆگما، لەجیاتی ئەوەی دامەزراوەیەكی مۆدێرن‌و دیموكراتیش بێت، دەبێتە خێڵێكی سیاسی!.

لەوانە مەترسیدارتر، چوار ئەگەری چارەنووسسازە كە بە بەردەوامی قەیرانی ئەم ئەزموونە لەحزب، بۆ رای گشتی، نمایش دەكەن، یەكەم، سەنگەرگواستنەوەی فەردی. دووەم، لێكترازانی بەكۆمەڵ لەحزبدا بەئامانجی جیاجیا: هەیە لەسەر لادانی حزب لەماناكانی حزببوون!، هەشە لەسەر نادادی لەدابەشكردنی دەسكەوتە كەسییەكانی ئەو فۆرمە لەحزب!. سێیەم، ملكەچبوونی ئەندامان‌و كادران بە مانەوە لەحزبدا، بەڵام بێبەرامبەر نا!، بەڵكو بەدابینكردنی بەرژەوەندیی تایبەتی‌و هاوبەشی پێكردنێكی دیاریكراو لەپێگەكانی ئەو جۆرە لەحزب!. چوارەمیش، بەتاڵبوونەوەی حزب لەو دەنگانەی كە خاوەنی پرەنسیپن، ئیتر بە پەراوێزخستنیان بێت، یان خۆپەراوێزخستن، ئەوەش وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر دۆخی حزب‌و تێپەڕاندنی سێ ئەگەرەكەی تر!. هەموو ئەم هاوكێشانەش!، لەمڕۆدا، بەداخەوە، ئەزموونی بەشێكی بەرچاوی حزبن لەباشووری كوردستاندا!.


PM:02:26:15/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1679 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی