لە داخستنەوە بۆ پێبژاردن!

‌عەدالەت عەبدوڵڵا



ئەگەرچی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم ئەوەی راگەیاندووە كە راگرتنی پەخشی كەناڵەكانی (NRT) كاتییەو بەپێی رێكارییەكی یاساییە، بەڵام كاردانەوەكان، بەگشتی، لەسەر ئەو رێكارییە، یارمەتیدەر نین بۆ ئەوەی لەداهاتووداو لەبەرامبەر هەر جۆرێك لە جۆرەكانی تری هاندانی میدیاكان بۆ توندوتیژی، هەمان رێوشوێن بگیرێتەوە بەر. سەرچاوەی كاردانەوەكانیش، زۆرن. جگە لە سەندیكای رۆژنامەنووسان كە لاری هەیە لەسەر ئەو رێكارییەی وەزارەت، هەندێ لایەنی حكومیی لۆكاڵی، لەناویاندا، پارێزگاری سلێمانی‌و بەرێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی سلێمانییش پاڵپشت نین بۆ ئەوەی رێكاری «راگرتنی كاتیی پەخش» ببێتە نەریت‌و پەیڕەوبكرێت.

پارێزی (تحفڤ) لەسەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی رۆشنبیری، تەنانەت لەناو خودی بەشێك لە ئۆرگان‌و كادیرانی ئەو هێزە سیاسییەشدا هەیە، كە لەحكومەتدا وەزارەتی رۆشنبیریی لەلایە. ئەم پارێزییە پەیوەندیی بەپەرۆشییەوە هەیە بۆ میسداقیەتی ئایدیۆلۆژیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كە بەوە ناسراوە هێزێكی ئازادیخوازەو هەموو هێزە بەرهەڵستكارەكان‌و ئەو كەرتەی ماسمیدیای كوردییش كە خۆی وەك ماسمیدیای (ئازادو ئەهلی) دەناسێنێت، سەرلەبەر كەوتوونەتە سنووری نفوزو دەسەڵاتی ئەوەوە، ئەمەش ماناو دەلالەتی سیاسی‌و فكریی خۆی هەیەو هەڵەیە بەئیجرائاتێكی حكومی، زیانی بەركەوێت.

رەخنەیەكی تر كە هاتۆتەسەر رێكارییەكەی وەزارەت، لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و بەرگریكارانە لەكەناڵە پەخش راگیراوەكان، ئەوان بە ئاشكرا دەپرسن، ئەگەر بابەتی رێكارییەكە هاندانی توندوتیژی بێت، ئەوا كەناڵی تریش زۆربوون كە لەڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرداو لەسنووری كەركوك‌و خورماتوو و خانەقین‌و شوێنەكانی تر، بەئاشكرا هانی توندوتیژی‌و ململانێی چەكدارییان داوەو دەبوو وەزارەت ئیجرائاتی لەگەڵ ئەوانیشدا بكردبا!. ئەم تانەیەش لە رێكارییەكە، خاڵیی نییە لەڕاستی، لەسەر ئەو بنەمایەش داڕێژراوە كە ئەو كەناڵانە سەر بەكەسایەتییە دیارەكانی ناو حكومەتن، دەنا هیچ رێگرییەك نییەو نەبووە بۆ ئەوەی چاوپۆشی لەو هاندانانەی توندوتیژییش بكرێت.

جگە لەوە، تەنانەت خودی رێكارییەكەش، لەڕووی یاساییەوە، لەگەڵ یاسای ژمارە (35)ی سەندیكای رۆژنامەنووسانیشدا یەكناگرێتەوە، چونكە كاتی خۆی، دوای تاوتوێكردنی چەندین رێكاری سەبارەت بەحاڵەتی روودانی هاندانی توندوتیژی یان لادان لەئیتیك‌و ناوزڕاندن، دواجار سیستمی پێبژاردن كرایە یەكێك لەباشترین رێكارییەكان بۆ بەرگرتن لەپێشێلكاریی میدیاكان لەبەرامبەر یاساو بنەما زانستییەكانی كاری میدیایی. راستە پێبژاردن (غرامە) بەپێی ئەو سیستەمە، بڕێكی كەمە، بەڵام دەكرێت بەهاوكاریی سەندیكای رۆژنامەنووسان‌و نوخبەیەك لەئەكادیمییان، بەپێی تایبەتمەندی‌و ئەندازەی پێشێلكاریی لەئاست یاساكاندا، بڕەكە زیادو قورس بكرێت، ئەم بژاردەیە، لەهەموو دۆخێكدا، باشتر دەبێت لەبژاردەی راگرتنی كاتیی پەخش.


شیكار- گۆشه‌یه‌كی‌ رۆژانه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ یه‌


PM:05:58:25/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 5261 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی