واقعی حەشدی شەعبی !

‌عەدالەت عەبدوڵڵا

ئەگەر نوێنەرانی كورد لە بەغدا، بیانەوێت، ئەتوانن مامەڵەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكانی جێی ناكۆكی بكەنە دۆسییەك بۆ ئەوەی لەو ناوچانە، دووربخرێنەوە.

هەرچەندە بەشێكی حەشد لەژێر ناوی جیاوازدا، پێش ١٣ی ئازاری ٢٠١٤ دروستبووە، بەڵام بەگشتی لەهاوینی ئەو ساڵەوە بەرەسمی دەستبەكاربووە، لەو كاتەوە تائێستا، تەنها ئەوانەیان كە مووچەخۆری حكومەتن لە (١٢٢) هەزار كەس تێپەڕیوە، ئەگەرچیش شەڕی داعش، بەكردەیی، كۆتایی هاتووە كە لەگەڵ فتوای مەرجەعییەتی شیعەكاندا بیانوو بوو بۆ دروستبوونیان، بەڵام زانیارییەكان پێماندەڵێن كە ئەم میلیشیایە، كە پێكهاتووە لە زیاتر لە(٦٥) گروپی جیاوازو، فەرماندەی (٩٩%)یان لەكەسانی شیعە مەزهەبە و سیمبولە سەربازییەكانیشیان (١٠٠%)تایەفییە، بڕیارە لەداهاتوویەكی نزیكدا ژمارەی موچەخۆرەكانیان ببێتە ١٦٠ هەزار مووچەخۆر كە كەمترینیان (٨٥٠.٠٠٠) دینار وەردەگرێت و زۆرێكیشیان (١.٢٥٠.٠٠) دینار، بڕیاریشە (٥٠٠.٠٠٠) دیناری تریش بخرێتەسەر موچەكانیان!، یەكەم بودجەشیان لە٢٠١٥دا زیاتر لە(٦٠)ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە، كێشەكە ئەوەیە كە ژمارەی خۆبەخشەكانیشیان، بەپێی هەندێ سەرچاوەی رەوتە شیعییەكان خۆیان، گەیشتۆتە نزیكەی ٣ملیۆن كەس كە ئەوانیش سبەی رۆژ لەبەرامبەر خۆبەخشی و گیانبەخشیندا لەشەڕگەكان، داوای ماف دەكەن!.

رەنگە بوترێت ئەم میلشیایە، لەمڕۆدا، گروپگەلێكی رەسمین و لە٢٦ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٦ەوەو بەیاسایەكی پەرلەمانی عێراق، بەشێكە لەسیستەمی بەرگری و ئاسایش، ئەمە راستە، بەڵام بەپێی (اڵاسباب الموجبە)ی خودی ئەو یاسایەی كە پێی رێكخراوە، ئەركەكەی تەواوبووە، چونكە داعش، بەپێی لێدوانەكانی عەبادی خۆی، كۆتایی هاتووە.

جگە لەوە، ئەم میلیشیایە، رەوتی سیاسیی زۆری تیایە وەك( بەدر، عەسائب، حزبوڵڵا، ئەنساروڵڵا، ئەبدال، بزوتنەوەی عێراقی ئیسلامی)، ئەمەش پێچەوانەی خاڵی(٥)ی مادەی یەكەمی یاساكەیە، لەوەش زیاتر،(٩٠%)ی حەشد لە شیعەكان پێكهاتووە، ئەمەش دژی بڕگەی سێیەمی مادەی یەكەمی یاساكەیە كە رێنادات یەك پێكهاتە كۆنترۆڵی بكات.

بەكرداریش، ئەم میلیشیایە تاوانی جەنگی لەناوچە سوننی و كوردستانییەكاندا ئەنجامداوە و پار ساڵ رێكخراوی هیومەن رایتس وۆچ چەندین راپۆرتی لەبارەی دەستدریژیەكانیان بۆ سەر سوننەكان بڵاوكردەوە، وا تاوانەكانیان ناوچە كوردستانییەكانیشی هاتەسەر، بۆیە ئێستا دەرفەتە بكرێتە دۆسییە، بەتایبەتی كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و كۆشكی ئێلێزی داوای نەهێشتنیان كردووەو، لەناوخۆشدا موچەخۆرانی عێراق لەو بڕە پارەیەی لەموچەكانیان دەبڕدرێت و دەچێت بۆ حەشد، تووڕەن و، عەبادیش لەئێستادا لێیان نیگەرانە لەسەر ئەوەی داوای بودجە و موچەی زیاتری لێدەكەن و ئەگەریش بۆیان نەكات، خۆیان وتەنی، دەڕژێنە شەقامەكان لەدژی گەندەڵیی حكومەت!.


PM:03:05:07/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 7526 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی