مەزاتخانەکەی‌ پەڕلەمانی‌ بەغدا

‌ياسين تەها


لەم ڤیدیۆیەدا کە رەنگە گرنگترین بڕگەبێت لەمێژووی‌ بەرنامەکەی‌ بەشیر، مەزاتخانەی‌ پەرلەمانی‌ عێراق ئاشکرا دەبێت. پەرلەمانتارانی‌ لیستە سوننەکان کە دەنگەکانیان فرۆشتوە بەبنەماڵەی‌ کەربولی‌ بۆ هەڵبژاردنی‌ محەمەد حەلبوسی‌، یان وێنەی‌ دەنگەکانیان دەگرن یان پیشانی‌ دەلاڵەکانی‌ دەدەن. باسی‌ ئەوەش هەیە هەر دەنگەو بە 150 هەزار دۆلار فرۆشرابێت کە بەشیر بە کالۆری‌ ناوی‌ دەبات. 

لەناو دەنگ فرۆشەکاندا پەرلەمانتار هەیە پێشتر وەزیرو دوو خولیش پەرلەمانتار بووە (محەمەد تەمیم). بەم سەفقەیەش کەربولییەکان پاش کۆنترۆڵکردنی‌ ئەنبار و پۆستی‌ پارێزگارەکەی‌ بەگەندەڵی‌ و فرت و فیڵ، وا بەرەو بەغداش کشان و لەژێر ناوی‌ پێشخستنی‌ گەنجدا بوونە خاوەن سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان و دەوترێت نرخەکەی‌ بەرانبەر 30 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەوان رەتی‌ دەکەنەوە شتی‌ وا روویدابێت، بێگومان لەماوەیەکی‌ کەمدا زیاتر لەو پارەیە زیاتریان دەست دەخات. لەپاش دەنگدانەکەش ماجیدە تەمیمی‌ هاواری‌ کردبوو "عێراق فرۆشرا"، دواتریش یەکەم کەس بوو سەواو مامەڵەکەی‌ بۆ رادیۆیەک ئاشکراکردو عەبادیش هەر ئەوەنەی‌ پێکرا لەکۆنگرەی‌ رۆژنامەنووسی هەفتانەدا بانگەوازی‌ بۆ ئەنجامدانی‌ لێکۆڵینەوە کرد، بەڵام ئەو دەسەڵاتی‌ بەسەر پەرلەماندا نییە. 

ئەمەی‌ رویداوە لەمێژووی‌ عەرەبە سوننەکان شتێکی‌ نوێ نییە، لەزۆربەی‌ خولەکاندا ئەوان وەزارەت و پشکەکانیان بەکڕین و فرۆشتن لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، بەنمونە وەزارەتی‌ پیشەسازیی تا 5 ملیۆن دۆلار رۆشت کە جارێکیان بەر ئەحمەدی‌ برای‌ جەمال کەربولی‌ کەوت، وا ئیستا مەزاتەکە هەڵکشا بۆ لوتکەی‌ سەرۆکایەتییەکانی‌ عێراق، چونکە سوننە لەئیستادا ئەوان هیچ قەزیەیەکیان نییە جگە لەپڕکردنی‌ گیرفانیان و جەماوەرەکەشیان یان لەخێمەو کامپەکاندا یان لەشارە وێرانەکەنی‌ پاش داعشدا ژیان دەگوزەرێنن. 

لەئێستادا مەترسی هەیە ئەم ماجەرایە لەسەرۆکایەتی‌ کۆماریش دووبارە ببێتەوە یان سەفقەیەکی‌ نزیک لەوە یەکلایی بکاتەوە ئەگەرهات و رێککەوتنی‌ پێشوەختی‌ لەبارەیەوە نەکرێت. خۆ رەنگە پاش ئەم ڤیدیۆیەو ئاشکرابوونی‌ نهێنییەکە رێگربێت لەشتی‌ لەوجۆرە یان پارتی‌ و یەکێتی‌ وەک کەربولییەکان نەتوانن پینەوپەڕۆی‌ بکەن چونکە 329 پەرلەمانتار کۆنترۆڵ ناکرێن و هەندێکیان ئێستا وەک پەیامنێر بۆ فەیسبوک و سناب و تویتەر کاردەکەن.



PM:02:31:22/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 1873 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی