لەگەڵ تۆفیقی كارەبا(28 ساڵ لەمەوبەر)

‌عومەر عینایەت


هەڵەبجە:-
 لە چاوەڕوانی لەشكرێكی رزگاریدا بوین، چاوەڕێی هەڵهاتنی خۆری ئازادیمان دەكرد، سات بەساتمان دەژمراد كەی سەعاتی سفر بێت و لە ستەمی بەعس قورتاربین، هەموو دەسەڵاتێك لای ئێمە لە بەعس باشتر بوو بە شەیتانیشەوە، بۆیە دەمانویست دەربازبین، خوێنی دەمارەكانی خۆمان بەخشیە ئەوانەی بە هانامانەوە هاتن، نەفەسی خۆمان گرت بۆ ئەوەی ئەوان هەناسە بدەن، خوانی بەردەم خۆمان هەڵگرت و ئەوانمان پێ تێركرد، گیرفانمان بەتاَلكردەوە، بۆ كڕینی پاكەتی جگەرە و كالە بۆ هێرشبەرەكان، كە گەیشتن زۆر بە حەماسەوە چەپڵەمان بۆ لێدان ، دەنگی چەپڵەی ئێمە قایمتربوولە دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەكان ، بڵندتر بوو لە دەنگی تەقینەوەی تۆپەكانی ئێران
سەعات 10 ی سەر لە بەیانی بوو 16/3 بوو تۆفیقی كارەبا هاتە لام و پەشۆكابوو، رەنگی زەرد و رەش داگەڕابوو، ووتم چیە هاوڕێ چیتە؟
ووتی هەڵە بووم خراپ تێگەیشتم، وامزانی رزگارمان بووە نەمزانی كڵاویان لەسەرناین، هەردوو دەستی خستەبووە هەردوو كەلەكەی و  ووتی:-
 خۆم و پیرۆز و ئاوات و ئالان و دوو كچەكەم، لە شار دەرچوین لە ملەی سازانەوە پیادەیان كردین  و سنورداشی كراینەوە، ئۆتۆمبێلەكەیان بردم و ووتیان بگەڕێوە رزگارتان بووە! سوێند دەخۆم، دەبێ لەگەڵ خێزانەكەمدا لە ماڵی خۆمدا بمرم.
تۆفیق راستی كرد لەگەڵ سوێندەكەی بە وەفا بوو، هەر ئەو رۆژە خۆی و پیرۆز و ئاوات و ئالان دوو كچەكەی لە ژێر زەمینەكەیاندا خنكان، بۆ دواجار ئەلبومی خێزانی تۆفیقم لە (ستاد تەخلیەی پاوە) بینیەوە، ئۆتۆمبێلەكەی منیشیان برد، بەڵام پاڵەوانەكانی شەڕی ناوخۆ، شێرەكانی بەرماڵەكانی ئێمە و رێویەكانی بەردەم سوپای پاسداران تەنها نیو كاژێر سواریبوون و پاسدار لیێسەندن، ئای لە چ چاوەڕوانیەكی بێهودە  و تەوەقوعێكی هەڵەدا بوین!
-كەوا سوری بەر لەشكری داگیركەران بوون
-لەبری رزگاری تاڵانیان كردین
-لەبری بەرگریكردن لە ئاسمانی شار، هۆشیان لای بانكی شار بوو
-لەبری دامەزراندنی دژە هەوایی،  ئۆتۆمبێلەكانیان بردین
-پەنجەی مردوەكانیان بڕییەوە و ئەڵقەی بوكێنیان برد
شەوی 15/16 بوو چاوەڕێی، داڕشتنی پلانی بەرگری و مقاوەمەت بوین، ئەوان سەرگەرمی  دەعوەت و خوانی گەرم بوون
ئێمە یان كوژراین یان بە پێی پەتی و دەست گیرفانی بەتاڵ ئاودیوی سنور بوین و ئەوانیش ماڵ و حاڵیان بە تاڵان بردین، لەگەڵ یەكەم بۆمبی كیمیاییدا
ئەوان شاریان چۆڵكرد و چوونە بەرزاییەكانی دەرەوەی شار
ژێر زەمینەكانیش پڕبوون لە خەڵكی هەژار
ئەوان ئەمپولی ئەترۆپین و ماسكی دژە گازییان پێبوو
ئێمەش بەتانی و خاولی تەڕ و پەروەردگار
ئێمە بە هیوا بوین ئەوان ببنە حاكمی شار و هەڵەبجە بكەنە پایتەختی ناوچە رزگاركراوەكان، بەڵام پاسدارەكان هاتووچۆی شاریان لێ حەرامكردن، بۆمباران دەستی پێكرد، ژێرزەمینەكەمان پڕبوو
لە خەڵكی گەڕەك، هەڵاتووەكانی گەڕەكەكانی دی، ستافی نەخۆشخانەی شار(دكتۆر محمد نوری، دكتۆر ئاراس جلال، دكتۆر نجیب محمد، دكتۆرە بهار، دڵنیای صیدەلانی، دكتۆرە ئاورنگ....) هەموو لەوێ‌ بوون، روبا خانم هاوسەری (مامۆستا سەید ئەحمەد) كۆرپە یەك رۆژییەكەی كە یەك رۆژ پێش  لەو ژێرزەمینەدا لە دایك بوو، ناوماننا سەنگەر، ئەوەی لە دەرەوەی ژێر زەمینەكە بوو، من و (فوزیە)ی هاوسەرم بووین، پێیەكم لە بەردەرگای ژێر زەمین و پێیەكم لەسەربان بوو، واقیعی شارم دەبینی، كارەساتەكە زۆر ترسناك بوو، لەبەر دوكەڵ بەری خۆر گیرابوو، دەنگی فرۆكە و تەقینەوەی بۆمب تێكەڵ بوون، تووشی جۆرێك لە هیستریای بێباكی هاتبووم، دووجار لە ماڵی خۆمانەوە بە پێ  چوومە ماڵی باوكم لە گەڕەكی پاشا، باوكم و دایكم و علی و ناهی جوانەمەرگ و خزمانم گواستەوە بۆ ماڵی خۆمان.  ئەو نیوەڕۆیە بامێ و برنج و مریشكمان هەبوو، یەك ژەم خواردنی 10 نەفەری ئامادەبوو، من نازانم ژمارەی میوانە تۆقیوەكانی ژێر زەمین چەند بوون، بەڵام ئەوەندە دەزانم لە ژێرزەمینەكەدا نەمتوانی سفرە راخەم، قاپی بەتاَل و مەنجەڵەكانم بردە خوارەوە، پێتان سەیر نەبێت كە بڵێم ئەو خوانە 10 نەفەریە، نەك هەر بەشی ئەو حەشاماتەی كرد كە زیاتر لە 200 كەس دەبوون، بەڵكو لێی مایەوە. ماسكێكم بۆخۆم چنگ كەوت، بەڵام لەخۆمم حەرامكرد، ئاخر چۆن حەرامی نەكەم، كاتێك بە هەزارن ژن و پیاو و لاوی شارەكەم بێ ماسك بن، گریمان هەموو پیاو و ژن و لاوی شار ماسكیان پێبوو، ئەی منداڵ چی؟ ئایا دەزانن كۆمپانیاكانی دروستكردنی ماسك تا ئێستا ماسكی منداڵیان دروستنەكردوە، دەزانن بۆ؟ ئەوان گازی ژەهراویان بۆ بەرەكانی جەنگ دروستكردوە، كوا منداڵ لە بەرەی جەنگدا هەیە! ئەوان هەرگیز بە بیریاندا نەهاتووە دڕندەیەكی وەك (صدام حسین) چەكی كیمیایی دژی شارێكی خۆی پڕ لە لە منداڵ بە كاربهێنێ، ئای كە ناشیرین بوون ئەو پاسدار و چەكدارە كوردی پۆشانەی بە ماسكەوە و بەبەرچاوی ئێمەوە رایاندەكرد و ئێمەش(پیر و گەنج و منداڵ) بە كۆكە كۆك و قرخە قرخ روبەڕوی مەرگ دەبوینەوە. شار وێران بوو، ئاودیوی ئێران كراین
خێمە نشین بووین، سەرو ماڵمان چوو، بوینە فلیمی ئۆردوگاكانی ئێران
-گەڕاینەوە
-بە پێی پەتی و بە دەستی بەتاڵ
-خراینە زیندان ، براین بە  ئەنفال
- بە لێبوردنی گشتی ئازادكراین
-بەرحوشتر و گردە چاڵ و باینجان 
-بازیان و گەراجەكانی شاریش لەخۆیان نەگرتین
- لە مەیدانەكانی شاردا یاساغ بووین
-كرێكاریشیان لێ حەرامكردین.
-بەرگەمانگرت
- راپەڕینمانكرد
-چوینە سەرماڵی روخاو، چوڵ و هۆڵ و تاڵانكراو
-ئەمجارەش چەپڵەمان بۆ لێدانەوە و ووڵاتمان رادەستیان كرد
-ئەوانیش هیچ درێغیان نەكرد
-پارەی گومرگ،  شۆڤڵ و حەفارە و گەڵابەیان ئاودیوكرد
-سەر زەوی و بن زەوی كام شوێنە دڵگیرە
-بۆ خۆیان برد
-بازرگانی شارو دێیان قۆڕغكرد
-بەمەوەشەوە نەوەستان
-بیری نەوت و پاڵاوگە و كارگە و كۆمپانیاكانیان برد
-هیچ نەما دەستی بۆ نەبەن، مووچەی كارمەندانی دەوڵەت نەبێ 
-ئەوەشیان دابەشی سێ كرد
-ئێمەش لە سندوقەكانی دەنگداندا دەسخۆشیمان لێیانكرد
-قاسەی ئەوان پڕو، گیرفانی خەڵك خاڵی 
-دەستیان خۆشبێ 
-لۆمەی كەس مەكەن ئەوەی بەسەرمان هات
-خۆمان بە خۆمان كرد

عومەری حاجی عنایت هەڵەبجەیی
16-3-2016


PM:12:10:17/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 9108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی