مانگرتن یان نمایشكردن؟!

‌عومەر عینایەت

بە بیانوی چالاككردنەوەی پارلەمان ژمارەیەك ئەندام پارلەمانی  بەڕێز لە بینای پارلەمان بە نیازن مانگرتن رابگەیەنن، من تێناگەم مان لە كێ دەگرن؟! لە كاتێكدا بە بانگەوازی دەستەی سەرۆكایەتی و ئامادەكردنی بەرنامەی كار، ئەكرێت پارلەمان دانیشتن بكات و بۆ یاسایی بوونی 56 ئەندام پێویستە، كەواتە ئەو مانگرتنە دژی ئیڕادەی خۆیانە.

ئەگەر ئەم بەڕێزانە دەیانەوێ پارلەمان كارا بكرێتەوە با 56 ئەندام ئامادەی هۆڵی پارلەمانبن،  پارلەمان ئاوا دەكەوێتەوە سەر سكەی خۆی نەك بە مانگرتن.

ئەگەر ئامادەبونیان لە دانیشتنی پارلەمان بەم سەرۆكایەتیەی ئێستایەوە لەگەڵ سیاسەتی حیزبەكانیان نایەتەوە و حیزب رێگریان لێدەكات و بیانوی ئەوەیان پێدەگرێ كە حیزب ئەوانی گەیاندوەتە سەر كورسی پارلەمان، نابێت بازنەی  سیاسەتی حیزب ببەزێنن بە حیزبەكانیان بڵێن:-

-    سیاسەتی هیچ حێزبێك لە بەرژەوەندی گشتی گرنگترنیە و كاراكردنەوەی پارلەمان لە بەرژەوەندی هەمووانە.
-    ئێمە سوێندمان خواردوە نەك حیزب
-    دیارە لە ئێمە شیاوترتان نەبووە بۆیە ئێمە لە پارلەمانین.
-    هەڵبژاردن نیمچە كراوەبوو، لە كۆی ژمارەیەكی زۆر كاندید ئێمە دەرچوین كەواتە ئەوە تەنها حیزب نەبووە ئێمەی گەیاندە ئێرە تواناو كەسایەتی خۆشمان رۆڵی هەبووە.
-    بە سەرانی حیزب بڵێن گەر دەتانزانی ئێمە ناتوانین نوێنەرایەتی حیزب و سیاسەتەكانی حیزب  بكەین بۆچی ئێمەتان كاندید كرد؟! بۆچی خۆتان نەچونە پارلەمان؟!

برایانی مانگرتوو، ئەگەر هەر ناتوانن لە بازنەی فەرمانەكانی حیزب دەربچن، باشترە بچن مان لە حیزب بگرن و هەر فراكسیۆنەی لەبەردەم مەكتەب سیاسیەكەیدا خێمەیەك هەڵبدا، نەك مانگرتن بە مانەوە بەڵكو مان لە خواردن و خواردنەوە بگرن، تا تەسلیم بە ئیرادەی گەل دەبن.

گەر پارلەمانتاران دەیانەوێ پارلەمان كارا بكرێتەوە و شكۆی لە دەسچوی بۆ بگەڕێتەوە، پێویستە نوێنەری خەڵكبن نەك حیزب، فەرمون با دەستەی سەرۆكایەتی بانگەوازی خۆی بكات و ئێمەش لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبین، ئەگەر رێگریمان لێكرا لە هۆَڵیكی دی، لە شارێكی دی، دانیشتن ساز دەكەین، ئەگەر بۆمان ساز نەبوو، لە دەشتێك لە كەنار روبارێك لە دامێنی چیایەك لەسەر هەر بستێك لەم زەویەی سوێندمان بۆ یەكپارچەیی و پاراستنی خواردوە دانیشتن دەكەین، ئەگەر كورسی نەبوو لەسەر زەوی دادەنیشین و تاتە بەردێك دەكەینە مێز، گەر بڵندگۆ و مایك نەبوو لە مزگەوتێك یان لە تیپێكی مۆزیكی قەرزی دەكەین.

هاوڕێیان، مانی چی دەگرن؟! بۆچی دەگرن؟! لە كێی دەگرن؟! وەك ئەوە وایە نانەوا بۆ نان و قەساب بۆ گۆشت مان لەبەردەم دوكانەكانی خۆیاندا بگرن.
لەم هەرێمەی ئێمەدا شتێك نەماوە بەناوی پەرلەمان، ئەگەر بە رواڵەتیش هەبێت شكۆی شكا، كاتێك فاتیحە بۆ پارلەمان خوێنرا:-

-    لە مەكتەب سیاسیەكانەوە یاری بە بڕیار و یاساكان دەكرا و لەوێوە ئەنوسرا و لە پارلەمان چاپ دەكرا.
-    سەرۆكەكەی بەفەرمانی حێزبێك  سنورداشكرا.
-    پارلەمانتاران و دەستەی سەرۆكایەتی بە فەرمانی سەرۆكی ئەو حكومەتەی متمانەیان پێدا سزادران.
-    گەورەترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری و باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری چاوەڕێی مەكرەمەی سەرۆكی حكومەتبن.
-    ئەنجومەنی شورا، لەبری پارلەمان بڕیاریدا و شەرعیەتی بە مانەوەی سەرۆكی هەرێم دا.
-    لە خولەكانی پێشوودا و لەسەر دەستی پارلەمانتارانی پارتی و یەكیەتی بڕیاری كۆتایی پێكهاتەكان پەسەندكرا، نرخی كورسیەكی 20000دەنگی بۆ ئەوان كرا بە 300 دەنگ، ئەم كورسیانە كرانە داردەستی لایەنێكی سیاسی و لە كاتە هەستیارەكاندا سودیان لێوەردەگرێ

هەموو پارلەمانتاران لەسەر ئەوە رایە كۆكن كە پەرلەمان بە فەرمانی پارتی دیموكراتی كوردستان سڕكراوە، بۆیە من داوایان لێدەكەم ئەگەر هەر سورن لەسەر مانگرتن و بە چارەسەری دەزانن و حیزبەكانی خۆیان (بە بێتاوان دەزانن) با بچن لە بەردەم بارەگای سەرۆكی پارتی دیموكراتی  كوردستان خێمە هەڵدەن و لەوێ مانبگرن، حەل لەوێیە نەك لە هۆڵی پەناگیری پارلەمان.

بەڕێزان: ئێوە باش دەزانن، كە پەرلەمان بۆ سڕكرا؟! دەسەڵاتی جێبەجێكردن پەرلەمانی چالاكی ناوێ و پارلەمانتاری نینۆكداری بۆچیە، ئەوان پەرلەمانێكی دەستەمۆی بێدەنگیان گەرەكە، پارلەمانتارێكیان دەوێ بە سواری كەرەوە شوێن رەوی ئەسپەكانی سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی بكەوێ، بە سواری پاسكیلەوە بكەونە دوای كاروانی لێگزسەكانی ئەوان، سەرۆكی حكومەتو وەزیرەكانی مۆبایلیان هەبێت و پارلەمانتارن بێسیمی راكاڵ و لە  سەری سەعاتەكان پەیوەندی بكەن، پارلەمانتارەكان بەدەست بنوسن و خۆیان لاپتۆپی دوا مۆدێلیان پێبێت. كاتێك حكومەت تێگەیشت پارلەمان بە جدی چاودێری دەكات، بڕیاری سزادانی پارلەمان و پارلەمانتارانیدا.

رەنگە مانگرتنی پارلەمانتار لە بێدەسەڵاتیدابێت، بۆ نیشاندانی ئەستۆ پاكی بێت، نمایشكردنی بەردەم زومی كامێرا و راكێشانی سۆزی دەنگدەرەكانیان بێت، یان گۆڕینی مونكەرێك لەسەر بنەمای (اضعف الایمان) ە گەرنا خۆیان باش دەزانن دەرمانی ئەم دەردە مانگرتنی ئەوان نیە.

بە حساب پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانانە لەم هەرێمەدا و هەركەس و هەر لایەنێك ستەمی لێبكرێت پەنا بۆ ئەم دامەزراوە دێنێ، ئەی ئەگەر پەرلەمان ستەمی لێكرا پەنا بۆ كێ ببات؟! پێشینان باشیان ووتوە(خەڵك نەخۆش دەكەوێ دەچێتە سەر وەیس، ئەگەر وەیس نەخۆش بكەوێت بۆ كوێ بچێت؟!)
منیش دەڵیم وەیس نەخۆشە و دەرمانی دەردی لە سەری رەشە!!!



ئەندامی پەرلەمانی كوردستان- گۆڕان
8-3-2016


PM:04:50:08/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 2060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی