‌لە نەخۆشخانەی شار چیم دی ؟
AM:09:12:20/01/2020
عومەر عینایەت

نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له‌ده‌ره‌وه‌ نمایه‌کى جوان و له‌شوێنێکى گونجاو دروستکراوه‌، که‌ به‌وردى له‌ناوه‌وه‌ سه‌رنجى ئه‌ده‌یت له‌نه‌خۆشخانه‌کانى ئه‌وروپاو وڵاتانى دراوسێ زیاتر گرنگى پێدراوه‌، به‌داخه‌وه‌ لاوازى خزمه‌تگوزارى له‌ئاستی پێویستدا نیه‌و به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شان و تێکچونى ئامێره‌کانى و بیناکه‌ى ده‌بات.

به‌مه‌به‌ستى به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى خاڵۆزایه‌کم به‌ناوى تاریق که‌توشى رووداوى هاتوچۆ بووبوو، رۆژى 29/12/2019 چوومه‌ نه‌خۆشخانه‌ى شارى سلێمانى ، پێنج شه‌ش‌ که‌س له‌خزمان ئه‌و ده‌به‌نه‌ به‌شى تیشک، تاریق به‌هه‌ر چوارلادا په‌ل ده‌هاوێ، به‌زه‌حمه‌ت بۆیان جێگیر ده‌بێ، که‌سێکى ستافى نه‌خۆشخانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م برینداره‌دا نیه‌، چوونه‌ ژوورى تیشک چه‌ند که‌سی خزمانى خۆى چه‌سپاندویانه‌ به‌بێده‌که‌یه‌وه‌، پارچه‌یه‌ک له‌پێستى سه‌رى له‌سێ لاوه‌ بڕاوه‌، هه‌موو گیانى خوێنه‌، ئه‌ژنۆى هه‌ڵته‌کیوه‌، تواناى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى نیه‌، له‌به‌ر ئازار تا له‌توانایدایه‌ هاوارده‌کات، پاش که‌مێک کارمه‌ندى به‌شی تیشک وتى:

-ببورن سیستمى کۆمپیوته‌رى ئامێرى تیشک تێکچووه‌، ناتوانین تیشکه‌که‌ بگرین

-به‌ڕاست؟! ئه‌ى ئامێریکى دیکه‌ نیه‌؟

-ئه‌گه‌ر ئه‌توانن به‌پێوه‌ رایبگرن بیبه‌نه‌ ئه‌و ژووره‌

-کاکه‌ به‌پێوه‌ى چى؟! ئاگات لێنیه‌ به‌چوارکه‌س به‌ راکشاویش کۆنترۆڵ ناکرێت؟!

تاریقیان هێنایه‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ به‌شى له‌ناکاو (ته‌وارى)، چه‌ند کارمه‌ندو دکتۆرێکى لێیه‌ به‌ناوى میر، سه‌یرى بارودۆخى نه‌خۆشه‌که‌ى کرد، دواتر له‌گه‌ڵ دکتۆرێکی تر به‌ته‌له‌فۆن قسه‌یکرد، زۆربه‌ى قسه‌کانى بەزمانى ‌ ئینگلیزى بوو، که‌ لێبوویه‌وه‌، لێی نزیکبوومه‌وه‌

-سڵاو دکتۆر، تکایه‌ ئه‌و نه‌خۆشه‌ بارودۆخى چۆنه‌؟

-باشه‌، پێویستى به‌عه‌مه‌لیات نییه‌

-ئه‌و دکتۆره‌ کێ بوو، که‌ قسه‌ت له‌گه‌ڵ کرد؟

-دکتۆر نزار

-مه‌به‌ستت دکتۆر نزارى پسپۆڕى مێشک و ده‌ماره‌؟

-نه‌خێر، دکتۆر نزارى (مقیم اقدم) بوو

-ئه‌ى بۆ نایه‌ت نه‌خۆشه‌که‌ ببینێ؟

-ئه‌وه‌ى پێویستبێت به‌ته‌له‌فۆن پێیووتوین، پێویست به‌هاتنى ئه‌و ناکات، ئه‌گه‌ر پێویستیکرد، بانگى ده‌که‌ین

-ئه‌ى دکتۆرى پسپۆڕى ئێشکچى کێیه‌؟

-دکتۆر یاسین-ه‌

-ئه‌کرێت ژماره‌که‌یم بده‌یتێ

-نه‌خێر ژماره‌که‌ى ناده‌ین به‌که‌س

-ئه‌ى ناکرێت داواى لێبکه‌ن ئه‌م نه‌خۆشه‌ ببینێ؟! من واهه‌ستئه‌که‌م، نه‌خۆشه‌که‌ بارودۆخى خراپه‌

-ئێمه‌ کارى خۆمان ده‌زانین، ئه‌گه‌ر پێویستبکات خۆمان داوایده‌که‌ین

-چۆن که‌سێک ئێشکگربێت، له‌نه‌خۆشخانه‌ نیه‌؟!

-ئه‌وه‌ کارى خۆمانه‌، ئێمه‌ له‌په‌یوه‌ندیداین له‌گه‌ڵی

-زۆر باشه‌ سوپاس

له‌ نه‌خۆشخانه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌هۆى هاوڕێیه‌کمه‌وه‌، ژماره‌ى دکتۆر یاسین-م په‌یداکردو تێلم بۆ کرد:

-سڵاو کاک دکتۆر

-سه‌رچاو فه‌رموو

-ئه‌زانم ئه‌مڕۆ پشووى فه‌ڕمیه‌، به‌ڵام وتیان جه‌نابت ئێشکگر (خەفەر)ى، نه‌خۆشێکى خه‌ته‌ریان له‌هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ هێناوه‌، بارودۆخى زۆر خراپه‌، ئه‌گه‌ر بکرێت سه‌ردانێکى بکه‌یت

-باشه‌ به‌سه‌رچاو، خه‌مت نه‌بێ

پاش دوو کاژێر تێل ده‌که‌مه‌وه‌:

-سڵاو کاک دکتۆر، نازانم سه‌ردانى نه‌خۆشه‌که‌ت کرد؟

-په‌یوه‌ندیمکرد، بارودۆخى باشه‌ خه‌مت نه‌بێ، پێویستى به‌ نه‌شته‌رگه‌رى نیه‌

-ناکرێت سه‌ردانێکى بکه‌یت؟ !

-خه‌مت نه‌بێ سه‌ردانى ده‌که‌م

پاش چه‌ند کاژێر چوومه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌، نه‌خۆشه‌که‌ براوه‌ته‌ ژوورێک، بارودۆخى به‌ره‌و خراپى ده‌چێت، پرسیم

-دکتۆر یاسین هاته‌ لاى تاریق؟

-نه‌خێر

-ئه‌ى کێ سه‌ردانیکردوه‌؟

-ته‌نها دکتۆر میرو دکتۆر نزار، یه‌کجار هاتن، تکایه‌ شتێک بکه‌، بارودۆخى به‌ره‌وخراپى ده‌چێت

چوومه‌ ژوورى دکتۆر ئۆمێدى به‌ڕێوه‌به‌ر داخرابوو، دوو ژماره‌ مۆبایلى ئه‌وم لایه‌ زیاتر له‌پێنج جار تێلم کرد، به‌ڵام هه‌ردوو ژماره‌که‌ داخراوه‌، نه‌خۆشخانه‌ به‌جێده‌هێڵم په‌یوه‌ندى به‌دکتۆرێکى هاوڕێمه‌وه‌ ده‌که‌م، دیاره‌ دکتۆره‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌کتر زیاتره‌:

-کاک دکتۆر محمد به‌ڵکو هه‌رچۆنت کردووه‌ په‌یوه‌ندى به‌دکتۆر یاسین-ه‌وه‌ بکه‌یت، به‌ڵکو بچێته‌ لاى ئه‌و نه‌خۆشه ‌(هه‌رچى هه‌وڵمدابوو بۆم باسکرد، بارودۆخى نه‌خۆشه‌که‌و نه‌خۆشخانه‌که‌م تێگه‌یاند) پاش که‌مێک تێلى کرده‌وه‌:

-له‌گه‌ڵ دکتۆر یاسین قسه‌مکرد، بارودۆخى نه‌خۆشه‌که‌ باشه‌ جێگیره‌، ئه‌ڵێ راده‌ى هۆشیارى 13یه‌ پێویست به‌نه‌شته‌رگه‌رى ناکات، دوو کارى تایبه‌تى هه‌بووه‌، نه‌یتوانیوه‌ بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌ڵام سبه‌ینێ ئه‌چێته‌ لاى

-ئێ باشه‌ خۆ ئه‌و دکتۆرى ئێشکگره‌ چۆن نه‌چوه‌ته‌ لاى نه‌خۆشه‌کان؟!

-دیاره‌ کارێکى هه‌بووه‌، له‌وه‌ گرنگتر بووه‌

-چ کارێک له‌ ژیانى مرۆڤه‌کان گرنگترن؟ باشه‌ پێم بڵێ، که‌ ئه‌ڵێ پله‌ى هۆشیارى 13یە ئه‌ى پله‌ى هۆشیارى مرۆڤى ئاسایی چه‌نده‌؟

-له‌نێوان 14 بۆ 15یه‌ واته‌ بارودۆخى باشه‌، به‌قسه‌ى ئه‌و هیچ ترسی نیه‌

دواى ئه‌وه‌ى دڵنیابووم له‌بارى ته‌ندروستى تاریق، بۆ رۆژى دوایی 30/ 12/2019 من ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بۆ پرسه‌ى ئازیزێکم له‌ پاوه‌، رۆژى 31/12 له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌م له‌سنورى باشماخه‌وه‌ تێل بۆ برایه‌کى تاریق به‌ ناوى محمد ئه‌که‌م:

-بارودۆخى تاریق چۆنه‌؟

-زۆر خراپه‌، قاچێک و ده‌ستێکى جووڵه‌ى نه‌ماوه‌، ئه‌م به‌یانیه‌ دکتۆر یاسین بۆ ماوه‌ى دوو خوله‌ک هات، تاریق له‌ژوورى تیشک بوو، له‌ده‌ره‌وه‌ى ژوورى تیشک سه‌یرى فیلمى تیشککه‌ى کرد، بۆى نووسی بیبه‌ینه‌ به‌شى چاودێرى وورد، داوامانکرد بیبێنێ وتى پێویست ناکات، بیبه‌نه‌ به‌شى چاودێرى وورد، دکتۆر هه‌ڤاڵ به‌رپرسی ئه‌و به‌شه‌یه‌، ئه‌ڵێ شوێنى به‌تاڵمان له‌و به‌شه‌ نیه‌، دکتۆره‌که‌ى هاوڕێشت هات (مه‌به‌ستم دکتۆر محه‌مه‌ده‌)، دکتۆرێکی ترى له‌گه‌ڵ بوو، ئه‌وان وه‌ک سه‌ردان هاتبوون، په‌یوه‌ندیان به‌م نه‌خۆشخانه‌وه‌ نیه‌، زۆر هه‌وڵیاندا به‌ڵام له‌به‌شى چاودێرى وورد شوێن نیه‌.

په‌یوه‌ندیم به‌دکتۆر محه‌مه‌ده‌وه‌ کرد، قسه‌کانى محەمەدى پشتڕاستکرده‌وه‌، له‌وه‌ڵامدا منیش پێم ووت:

-باشه‌ کاک دکتۆر له‌نه‌خۆشخانه‌ى فێرکارى چاودێرى وورد نیه‌؟!

-نه‌خێر، دوو شوێن هه‌بوو، به‌ڵام داخرا

-ئه‌ى چاره‌ چیه‌؟

-ئه‌بێ چاوه‌ڕێبین

-ناکرێت ئه‌وه‌ى له‌ژوورى چاودێرى وورد بۆ نه‌خۆشه‌که‌ ده‌کرێت له‌و ژووره‌ش بۆى بکرێت؟

-چاودێرى وورد ستافى تایبه‌تى هه‌یه‌، له‌و ژوورانه‌ نیه‌، له‌ راستیدا ئێمه‌ که‌مێک فشارمان خسته‌ سه‌رى ئه‌گینا ئه‌و پێی وابوو، که‌ ئه‌م نه‌خۆشه‌ پێویستى به‌چاودێرى وورد نیه‌

-که‌واته‌ ئه‌بێ چاوه‌ڕێی چی بین؟

-به‌قسه‌ى دکتۆر یاسین، زۆر ترسی نیه‌، پێی ووتم ئه‌گه‌ر پێویست به‌ نه‌شته‌رگه‌رى بکات بۆى ده‌که‌م، به‌ ناچارى دوو جار تێلم بۆ (دکتۆر صباح نصرالدین ) به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانی کرد، وه‌ڵامی نه‌دا، نامه‌یه‌کم بۆ نارد به‌م شێوه‌یه‌ (سڵاو دکتۆر صباح به‌یانیت باش په‌یوه‌ندیم کرد، وه‌ڵامت نه‌دا ئه‌گه‌ر وه‌ڵام بده‌یته‌وه‌ سوپاست ده‌که‌م) به‌داخه‌وه‌ به‌ئێستاشه‌وه‌ که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌نوسم وه‌ڵامى نه‌دا

پاش ئه‌وه‌ى بارودۆخى نه‌خۆشه‌که‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات، بۆ رۆژى دوایی 1/1/2020 کاژێر 11ى به‌یانى په‌یوه‌ندى به‌دکتۆر یاسینه‌وه‌ ده‌که‌م:

-سڵاو کاک دکتۆر یاسین، نازانم چیبکه‌ین بۆ ئه‌ نه‌خۆشه‌ بارودۆخى خراپه‌

-خه‌مت نه‌بێ ئاگام لێیه‌تى ئه‌گه‌ر پێویست به‌ نه‌شته‌رگه‌رى بکات بۆى ئه‌که‌م

-ئه‌گه‌ر له‌نه‌خۆشخانه‌ نه‌بیت، چۆن ده‌زانى پێویستى هه‌یه‌ یان نا؟

-دکتۆرى مقیم-ى لێیه‌ مقیم اقدمی لێیه‌، ئاگادارم ده‌که‌ن

ته‌له‌فۆنه‌که‌ داده‌خه‌م و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌دى براى تاریق قسه‌ ده‌که‌م،:

-سڵاو تاریق چۆنه‌؟

-باش نیه‌، توخوا فریامانکه‌ون، تاریق زۆر بارودۆخى خراپه‌

-چ دکتۆرێکى لایه‌؟

-که‌سی لا نیه‌، به‌خوا کاک عمر بارودۆخى زۆر خراپه‌

له‌ پڕ ده‌نگى محمد نامێنێ، گوێم له‌گریانى هاوڕێ و براکانى تاریق-ه‌، پاش که‌مێک موحه‌مه‌د دێته‌وه‌ سه‌ر خه‌ت:

-چى بوو، ئه‌و گریانه‌ چیه‌؟

-کاک عمر توخوا فریامانکه‌وه‌، دڵى وه‌ستا، که‌س نایه‌ به‌لاماندا

-بڕۆ ژوورى دکتۆره‌کان و بارودۆخه‌که‌یان بۆ باسبکه‌، بۆ شه‌رمده‌که‌ن، بۆ ده‌تانه‌وێ به‌ خه‌مساردى براکه‌تان بمرێ

-ئێمه‌ چیبکه‌ین؟! ئه‌وان خۆیان ئاگادارن

-ته‌له‌فۆنه‌که‌ دامه‌خه‌ره‌وه‌، با له‌گه‌ڵ دکتۆر یاسین قسه‌ بکه‌م

-سڵاو کاک دکتۆر

-سڵاو فه‌رموو

-کاک دکتۆر بارودۆخى ئه‌و نه‌خۆشه‌ زۆر خراپه‌

-ناکرێت بینێرنه‌ ژوورى چاودێرى وورد

-شوێن نیه‌، ئه‌توانن بیبه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌ى به‌خشین، یان نه‌خۆشخانه‌ى رۆیاڵ؟

-ئه‌ی پێشتر بۆ ئه‌مه‌ت نه‌ووت؟

-چاره‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌

-زۆر باشه‌

ته‌له‌فۆن بۆ محمد ده‌که‌م به‌ په‌له‌ بیبه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌ى رۆیاڵ، بێگومان ئه‌وان نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌تن، پێشوازى له‌ هه‌ر جۆره‌ نه‌خۆشێک ده‌که‌ن، دواتر په‌یوه‌ندیم به‌ تاریقه‌وه‌ کرد:

-گوێت له‌قسه‌کانى دکتۆر یاسین بوو؟!

-به‌ڵێ

-به‌ په‌له‌ بیبه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌ى رۆیاڵ، هه‌رئێستا خۆشم دێم و له‌وێ چاوه‌ڕێتانم،

هێشتا ته‌له‌فۆنه‌که‌ى دانه‌خستوه‌ته‌وه‌، گوێم له‌ده‌نگى گریانه‌ محمد به‌گریانه‌وه‌:

-کاک عمر تاریق دڵى وه‌ستا

-بڕۆ لاى دکتۆره‌کان

ده‌نگى تاریق نامێنێ و له‌ته‌له‌فۆنه‌که‌یه‌وه‌ گوێم له‌گریانێکى زۆره‌، که‌سێکی تر وه‌ڵامم ده‌داته‌وه‌:

-کاک عمر تاریق تۆ خۆش

به‌ په‌له‌ ده‌گه‌مه‌ به‌رده‌مى نه‌خۆشخانه‌و له‌وێوه‌ بۆ پزیشکى داد، ته‌رمى تاریق به‌ساردوسڕى له‌وێ که‌وتوه‌، بۆ ئه‌به‌د پێچرایه‌وه‌و به‌بێنازى رۆى، ئه‌مبولانسێکى ده‌وڵه‌ت ته‌رمه‌که‌ى هێناوه‌، له‌پزیشکى دادى سلێمانى ئه‌وه‌ى پێویستبوو کردیان، ویستمان به‌هه‌مان ئه‌مبوڵانس بیبه‌نه‌وه‌ زێدى خۆى له‌هه‌ڵه‌بجه‌، کارمه‌ندێکى پزیشکى داد رێگرى ده‌کات، ئه‌م ئه‌مبوڵانسه‌ نابێت ئه‌و ته‌رمه‌ ببات، ئه‌مه‌ ئه‌مبوڵانسى حکومیه‌، په‌یوه‌ندى به‌ کاک رۆسته‌م ده‌که‌م، ئه‌و ئه‌مبولانسى خێرخوازى پێیه‌

-سڵاو کاک رۆستەم، ئه‌کرێت ته‌رمێکمان بۆ بگه‌یه‌نیته‌ هه‌ڵه‌بجه‌؟

- به‌سه‌رچاو به‌ڵام من نیو سه‌عاتێکم پێده‌چێ له‌ناوچه‌ى پیشه‌سازى، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندى به‌ که‌یوانه‌وه‌ بکه‌یت به‌ڵکو ئه‌و زووتر بگات، له‌هه‌موو حاڵه‌تێکدا من دواى چلوپێنج خوله‌ک لاتانئه‌بم

په‌یوه‌ندى به‌که‌یوانه‌وه‌ ده‌که‌م، ئه‌و ئه‌مبولانسێکى خێرخوازى پێیه‌ کاک زاهیرى که‌ریمه‌ ره‌ش ئاماده‌ى کردوه‌، بۆ کارى خێرخوازى

-به‌داخه‌وه‌ من بۆ سه‌رگه‌ڵو ئه‌چم نزیک مێرگه‌پانم

دواى نیو کاژێر رۆسته‌م دێت و له‌ئێواره‌یه‌کى دره‌نگدا تاریق له‌گۆڕستانى عه‌بابه‌یلێ به‌خاک ئه‌سپێرین، ژنه‌که‌ى دێته‌ لام و خاک و خۆڵێکى زۆرى به‌سه‌ر خۆیا کردوه‌، دوو کچ و دوو کوڕى له‌پشتیه‌وه‌ ده‌گرین

-کاک عمر بۆ نه‌تتوانى تاریق رزگاربکه‌یت

جگه‌ له‌وه‌ى له‌گه‌ڵیاندا فرمێسک بڕێژم هیچم نه‌بوو پێیان بڵێم ئه‌و پێشمه‌رگه‌ى ساڵانى هه‌شتاکان بوو، چه‌کى به‌رگرى له‌میلله‌ته‌که‌ى له‌شان کرد، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌زمونه‌ى خه‌ڵکى کورد بێته‌دى کوردستانى سه‌ربه‌خۆ ببینن دکتۆر یاسینه‌کان ئازادبن، به‌سه‌ربه‌ستى بخوێنن و بژین بۆ ئه‌وه‌ى له‌داهاتودا خزمه‌تى تاریقه‌کانى ئه‌م گه‌له‌ بکه‌ن، به‌ڵام مه‌خابن، زۆرن ئه‌وانه‌ى بێوه‌فان به‌رامبه‌ر خه‌باتى نه‌وه‌کانى سه‌ده‌ى رابوورد، تاریق رۆیشت و بووه‌ قوربانى دکتۆر یاسین، لێره‌دا ده‌مه‌وێ پاش خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێزتانه‌وه‌ بپرسم

-ئایا وشه‌ى ئێشکگر (خەفەر) ماناى چیه‌؟ ئه‌کرێت دکتۆرێک ئێشکگربێت له‌ماوه‌ى سێ رۆژدا نه‌خۆشێکى وا مه‌ترسیدارى هه‌بێت و ته‌نها دوو خوله‌ک بێته‌لاى؟ ئه‌ویش دواى دوو رۆژو به‌فشارو ته‌کلیفى ئه‌م و ئه‌و، من ده‌پرسم:

-ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌خۆشە له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى بوایه‌، ئه‌و دکتۆره‌ ئاوا خه‌مسارد ئه‌بوو؟ بێگومان نه‌خێر

نامه‌وێ له‌برى دکتۆره‌کان بڕیار بده‌م، ئه‌وه‌ کارى ئه‌وانه‌و من که‌س تۆمه‌تبارناکه‌م به‌کوشتنى تاریق، ئه‌و مافه‌شم نیه‌ سکاڵا له‌که‌س بکه‌م، ئه‌وه‌ بۆ که‌سوکارى پله‌یه‌کى ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ک هاوڵاتیه‌ک ئه‌و مافه‌م هه‌یه‌ له‌هه‌ر که‌موکورتیه‌کى داموده‌زگاکانى ئه‌م هه‌رێمه‌ بکۆڵمه‌وه‌و به‌رپرسانى لێ ئاگاداربکه‌م، بۆیه‌ ده‌پرسم:

تاریق بۆ مرد؟! ئه‌گه‌ر له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى بوایه‌، هه‌ر ده‌مرد؟

خزمه‌تگوزارى نه‌خۆشخانه‌کان خزمه‌تگوزارى گشتییه‌، حکومه‌ت دابینى کردوه‌، به‌داخه‌وه‌ (هه‌ندێ له‌دکتۆره‌کان) به‌ نه‌خۆشه‌کانى ده‌فرۆشنه‌وه‌و که‌شوفش به‌سه‌ر نه‌خۆشه‌ هه‌ژاره‌کانه‌وه‌ ده‌که‌ن، نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلیه‌کان بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و نه‌خۆشخانه‌ حکومیه‌ بێ خزمه‌تگوزاریه‌کان بۆ هه‌ژارانه‌، ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ هه‌موو دکتۆره‌کان وه‌ک دکتۆر یاسین له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌کانیانا خه‌مساردبن، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ خزمه‌تگوزارى نه‌خۆشخانه‌ حکومیه‌کان، به‌رده‌وام له‌دابه‌زیندا بێت، هه‌ندێ له‌دکتۆره‌کان به‌مه‌به‌ست که‌متر بێنه‌ ئه‌م نه‌خۆشخانانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هانى نه‌خۆش بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلیه‌کان، باشتره‌ ده‌رگاى نه‌خۆشخانه‌کان داخه‌ن و با خه‌ڵک هه‌رچى هه‌یانه‌و نیانه‌ بیفرۆشن و بیکه‌نه‌ قاسه‌ى نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلیه‌کان، هیچ نه‌بێت له‌وێ گرنگى به‌ نه‌خۆشه‌کانیان ده‌درێت و به‌چاوى سووک سه‌یر ناکرێن، به‌حوکمى پاره‌که‌یان گرنگى به‌ نه‌خۆشه‌کانیان ده‌ده‌ن، ئێ ئه‌وه‌ نیه‌ هه‌موو بواره‌کانى ژیان بوه‌ته‌ که‌رتى تایبه‌ت با که‌رتى ته‌ندروستیشى له‌گه‌ڵ بێت، وه‌ک ده‌ڵێن ده‌سخه‌ڕه‌که‌رێک له‌ماڵوێرانکه‌رێک خراپتره‌.

کاتێک تاریق له‌ به‌تانیى ماڵئاواییه‌وه‌ ده‌پێچرا نامه‌یه‌کم بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى (دکتۆر صباح) به‌م شێوه‌یه‌ نوسی (ئه‌وه‌نده‌ وه‌ڵامت نه‌دامه‌وه‌ نه‌خۆشێکمان هه‌بوو له‌به‌ر بێجێگه‌یی له‌نه‌خۆشخانه‌ى شار مرد، ده‌ستتان خۆش بۆ هه‌ستکردنتان به‌به‌رپرسیاریه‌تى).

نامه‌یه‌کیشم بۆ دکتۆر یاسین نووسی (نه‌خۆشه‌که‌ى جه‌نابت تاریق حامید تۆ خۆش).

به‌ئێستاشه‌وه‌ که‌سیان وه‌ڵامیان نه‌بوو، تۆ بڵێی ئه‌م دوانه‌ ویژدانیان ئاسوده‌ بێت؟!).

لێره‌وه‌و دواى مه‌رگى تاریقى خێر له‌خۆو له‌نیشتمان نه‌دیو، داوا له‌ئێوه‌ى ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستانى ئه‌م نیشتمانه‌ ده‌که‌م:

1-پێداچونه‌وه‌ به‌سیستمى ته‌ندروستیدا بکه‌ن، چۆن مافى دکتۆر پارێزراوه‌ با مافى نه‌خۆشیش پارێزراوبێ،‌ با مافى نه‌خۆشیش هه‌بێت (ناکرێت وه‌ک هه‌ندێک دکتۆر هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن، دکتۆر وه‌ک خوداو نه‌خۆش به‌نده‌ بێت).

2-هیچ دکتۆرێک به‌تایبه‌ت دکتۆره‌ پسپۆڕه‌کان که‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ حکومیه‌کاندا ده‌وام ده‌که‌ن مافیان نه‌بێت له‌نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلیه‌کان کاربکه‌ن و پێچه‌وانه‌که‌شى راستبێت

3-ده‌وامى دکتۆر وه‌ک ده‌وامى هه‌ر کارمه‌ندێکى ئاسایی ده‌وڵه‌ت بێت له‌کاژێر 8:30 به‌یانى بۆ 2:30 دواى نیوه‌ڕۆ، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌ندێکیان له‌ 9:0 دێن و له‌ 11:0 پلیدۆسی لێئه‌که‌ن

4-ده‌وامى ئێشکگر (خەفەر) ئیتر دکتۆره‌، په‌رستاره‌، یان هه‌ر پیشه‌یه‌کى هه‌یه‌ بیست و چوار کاژێرى بێت و له‌نه‌خۆشخانه‌ وجودى فیعلى هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو پێداویستیه‌کانى ژیان بۆ دکتۆر په‌رستدارو کارمه‌ند ده‌سته‌به‌ر بکرێت له‌کاتى ئیشکگریدا، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هه‌ندێکیان ناچنه‌ ده‌وام وه‌ڵامى ته‌له‌قۆنیش ناده‌نه‌وه‌ له‌باشترین حاڵه‌تدا له‌گه‌ڵ دکتۆره‌ مقیمه‌کان رێککه‌وتون، به‌ته‌له‌فۆن کارى خۆیان ئه‌که‌ن و چاره‌سه‌ر ده‌نووسن.

5-له‌هه‌موو دونیا وایه‌ که‌نه‌خۆش ده‌برێته‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌که‌سوکاره‌که‌ى وه‌رده‌گیرێت و ستافى خه‌سته‌خانه‌ خزمه‌تى ئه‌و نه‌خۆشه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، تا ئه‌و ساته‌ى به‌چاکبونه‌وه‌ یان به‌مردویی دێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ ئه‌وه‌ى من دیم له‌داخڵبوونى تا مردنى تاریق که‌سوکارى خۆی بوو خزمه‌تیکرد، ئه‌م ژوورو ئه‌و ژووریان پێکرد، به‌تانیان به‌زه‌مانه‌ت بۆ هێنا، ده‌رمانیان بۆ وه‌رگرت، بردیانه‌ ژوورى تیشک و ئیم ئار ئاى و سۆنه‌ر، ئه‌م دیارده‌یه‌ بنبڕبکه‌ن.

عومه‌ر حاجى عینایه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یى

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.