ململانێ لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، نەک بەرژەوەندیی تایبەت.!

‌د. یوسف محه‌مه‌د

ئەمڕۆ خەڵكی کوردستان ڕۆژگارێکی سەخت  و پڕ لە قەیران تێدەپەڕێنین: قەیرانی بژێوی، ئابوری، سیاسی و هەروەها کۆمەڵایەتی. ئەوەی بەرپرسی سەرەکییە لە هێنانە ئارای ئەم  قەیرانانە، ئەو پرۆسە سیاسیەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا لە ئارادایە. لە کاتێکدا لە هەموو سیستەمێکی مرۆڤدۆستی دونیادا، ئەوە دەسەڵاتدارانن کە خۆیان لە گەڵ خواست و داواکاریی خەڵكدا دەگونجێنن، لە کوردستان بە پێچەوانەوە، ئەوە خەڵکە سزا دەدرێن هەتا خۆیان لەگەڵ خواستی ناشەرعیی دەسەڵاتداران دا بگونجێنن.

ئەم رۆژگارە، کەڵەکەبووی چەندین ساڵە لە خراپ سیاسەتکردن، خراپ حوکمرانی کردن و خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی. بەردەوامیی ئەم دۆخە بە بێ گۆڕانکاریی، بەبێ لە بەرچاوگرتنی خواست و ئازاری خەڵكی، لە ئەنجامدا سیستەمێکی سیاسیی دژە خەڵك بەرهەم دەهێنێت.

 ئەمڕۆ ئێمە پێویستە کار بۆ هێنانەکایەی دەوڵەتیک بکەین کە دەسەڵاتەکەی لە خزمەتی هاوڵاتیانیدا بێت. دەوڵەتی دژ بە نەتەوە مۆدێلی سیاسیی ئەم ناوچەیە بوە لە چەندین دەیەی ڕابوردودا. لە کوردستانیش ئەوەی دەبینرێت لە بانگەشە بۆ ڕاپرسی و سەربەخۆیی، بەکارهێنانی ئەم ئامانجە نیشتیمانیانەیە تەنها وەک ئامڕازێک بۆ درێژەدان بەم دەسەڵاتە شکستخواردوەی لە هەمو بوارەکاندا قەیرانسازە، نەک چارەسەرکەری قەیران.

 دەبێ بە راشکاویی ئەوە بڵیین لە کاتێکدا چەند کەس و هێزێک بە پێداگریەکی زۆرەوە دەخوازن، بە هەر نرخێکی سیاسی بێت، ریفراندۆم بکەن، کەچی بەو شێوازەی ئەو کەس و لایەنانە دەیکەن، نەک هەر دەخوازن چاوپۆشی لە نایاسایی بوون و نەنگییەکانی ئەو ریفراندۆمە بکەن. ئێمە لێرەدا، لە پێگە و بەرپرسیارێتی خۆمانەوە جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە رێڕەو و راگوزەری ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بە ئیرادەی راستەقینەی خەڵک و شەرعیەتی سیاسی و سەروەریی یاسادا تێپەڕببێت. بە پێچەوانەشەوە، خودی پڕۆژەی سەربەخۆیی دەکەوێتە مەترسیەکی جددیەوە و هەر لێرەشەوە هەموان پێشوەخت لەم مەترسییە ئاگادار دەکەینەوە. ناکرێت ئەوە قەبوڵ بکەین کە دەستبردن بۆ ریفراندۆم و مەسەلەی سەربەخۆیی بە بازدان بەسەر شەرعیەتی سیاسی و یاسایی تەواوببێت.

لە لایەکی ترەوە حوکمرانیی سەرکەوتو، بە هێز و زەبر ناکرێت، بەڵکو ئەوە رەزامەندی و شەرعیەتە کە بنەمای حوکمرانییەکی سەرکەوتو و قبوڵکراوە. لە سەر ئەم بنەمایە، ئەمڕۆ لە کوردستاندا دوو بەرە هەیە: بەرەیەک کە لە گەڵ خواستی خەڵک و شەرعیەتدایە، بەرەیەکی تریش دژ بە خواستی خەڵک و شەرعیەت.! چاوەڕوانکراوە کە ئەم ململانێیە سەخت بێت و  وەرچەرخان بە ئاسانی بەرقەرار نەبێت. بۆ ئێمە شانازییە کە لە بەرەی چارەسەری شەرعی و ریشەیین،  لە بەرەی خواستی دەسەڵاتێکی خەڵکسالار و سەردەمیانە و یاسایی و  دیموکراسین.  

سەربەرزین کە ئەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی بە شێوەیەکی نایاسایی بودجە و موچە و قوتی خەڵکیان بە ناوی پاشەکەوتەوە بڕیوە، ئەوانەی تۆمەتبارن بە هەوڵی کپ کردن و تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنوسان و دەنگە ئازا و ناڕازییەکان،  ئەوانەی دەیانەوێت بە شێوەی ناشەرعی و نایاسایی لە دەسەڵات بەردەوام بن، ڕێگریمان لێدەکەن و ڤیتۆیان لەسەرمان هەیە. سەرفرازین بەوەی کە تەنها تۆمەتێک دەدرێتە پاڵمان ئەوەیە، کە کارمان کردووە بۆ سەروەریی یاسا و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات.

لانی کەم بەندە و بەڕێز سکرتێری پەرلەمان، هەرگیز پۆست و پایەکانمان بەلاوە گرنگ نەبوە، وەگەرنا، هاوشێوەی هەندێ سەرۆکایەتیی خولەکانی پێشوی پەرلەمان، ئەو پڕۆژە یاسایانەی دڵخوازی هەندێ کەس و لایەن نەبون و نین و، بەشێوەی یاسایی پێشکەش کرابون، دەمانسپاردن بە فەرامۆشی. وەک یاسای سندوقی داهاتە نەوتی و گازیەکان، یان پڕۆژە یاساکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

 ئێستاش هەروەک چەندین جاری تریش ڕامانگەیاندوە، ئەگەر چارەسەری بنچینەیی قەیرانە سیاسی و ئابوریەکانی هەرێم، پێویستی بە هەر قوربانیدان و کاریک لە لایەن ئێمەوە هەبێت، ئەوا ئێمە بێ دودڵی ئامادەین. بە پێچەوانەوە، لە پێگەی شەرعی و یاسایی خۆمانەوە، بەردەوام دەبین لە داکۆکی کردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و، فشار کردن بۆ هێنانەکایەی چاکسازیی راستەقینەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان.  

ململانێی نێوان بەرەی بێبەریکراو و بەرەی خاوەن هەموو شتێک لە کوردستان، بێگومان بەردەوامی دەبێت.  هۆکاری کێشەکان و    چارەسەرەکانیش دیار و ئاسانن، بەڵام رێگریی گەورە بەرژەوەندیەکانن، هەرکات توانیمان بەرژەوەندییەکان بکەینە بەرژەوەندی گشتی ئەوا رێگریەکان نامێنێت.

خودای گەورە گەلی کوردستان بپارێزێت



PM:03:33:11/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 3078 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی