گۆڕان گەر پارێزگاری سلێمانی وەرنەگرێت

‌نەبەز گۆران

ئەو گفتوگۆیەی ئێستا لەنێوان گۆڕانەكان و یەكێتییەكاندا دەكرێت، لەسەر ئاڵوگۆری پۆستی پارێزگای سلێمانی، گفتوگۆكان زیاتر تێروانینێكی حیزبین بۆ دەسەڵات و، بۆ دیموكراسی و، مافی دەنگدان.

ئەم دوو هێزە لە ئێستادا رێككەوتنێك لەنێوانیاندا هەیە.(ئەگەرچی هیچ رێككەوتنێكی حیزبی جێگای ئومێد نیەو، چاوەروانی شتی گەورەی لێناكرێت.) 

لە چوارچێوەی ئەو دوو دیدە حیزبیە دێنە دەرەوە و، لە رەهەندی دیموكراسی و مافی دەنگدانەوە، سەیری ئاڵوگۆری پۆستەكان دەكەین. یەكێك لە بنەماكانی دیموكراسییەت دەستاو دەستكردنی دەسەڵاتە. هەڵەیەكی گەورەیە گۆڕان پێی وابێت: لەبەر رێككەوتنە حیزبییەكەی، مافی دەنگدان و دیموكراسی بخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە ناكرێت دەنگدەرانی بخاتە ژێر فشاری نائومێدیێكی گەورەوە و، لە پێناو رێككەوتنێكی نادیار، دەست لە بنەمایەكی گەورەی گوتارەكانی خۆی هەڵگرێت، كە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە.

بۆ منی هاوڵاتی كێشە نیە، ئەو بكەرەی گۆڕان چەند ئیدارییە و، چەند دەسەڵاتی دەبێت تا كاری گەورە بۆ شارەكە بكات، ئەوە بۆمن ئەو بكەرە خەڵك دەنگی پێداوە و هەڵبژێدراوی خەڵكە و،گرنگە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بكرێتە بنەمایەك بۆ ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی كە(23)ساڵە كۆی جومگەكانیان داگیركردوە. پێویستە رابهێنرێن دەنگدەران دەتوانن ئاڵوگۆر دروستبكەن. گەر ئەو تێگەیشتنە پڕترسە كە هەمیشە بەكار دەهێنرێت گوایە (بۆ ئارامی ناوچەكە خراپە) كەواش نیە. بكرێتە بیانوی دەستهڵگرتن لەو بنەمای ئاڵوگۆرە، ئەوكات هەمان تێگەیشتنە خێڵەكییەكەی پارتی لەم ناوچەیەش بە ناوێكی ترەوە دووبارە دەكرێتەوە.

هەموو ئەوانەی لەم هەرێمەن و كەمێك بیردەكەنەوە، تێدەگەن، یاسا و، دەسەڵات و، دامەزراوەكانی حوكومەت، توشی تێكشكانێكی گەورەبوون بەدەست تێگەیشتنە خێڵەكیەكەی پارتییەوە. جەوهەری كێشەكەش ئەوەیە، حیزبی پارتی نە دەتوانێت دیموكراسییەت قبوڵ بكات، نە دەشتوانێت ئاڵوگۆڕی دەسەڵات قبوڵ بكات. بۆیە تا سەردەمێك ئەم ڕوانینەی بۆ دەچێتە سەر و، سەردەمێك دێت (سەردەمەكە زۆر دورنیە.) ئەو روانینە كۆتایی دێت و، پێویستە لەگەڵ دونیای نوێ خۆی بگونجێنێت.


ئەوە بابەتێكی ترە پارتی چۆن لە ئاڵوگۆڕ و دیموكراسی دەروانێت. بەڵام یەكێتیی هەمیشە قسە لەسەر بوونی ئازادی، دیموكراسی، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەكات. لە ئێستادا دەردەكەوێت ئەم گوتارەی هەڵیگرتووە، بۆ فریودانە یان باوەڕی تەواوی پێی هەیە. ئاڵوگۆڕی پارێزگایەك بكات بە كێشە، بێگومان هەمان وێنەی حیزبی پارتی لەم ناوچەیە دووبارە دەكاتەوە.

نازانم زۆرێك لە گۆڕانەكان چۆن بیردەكەنەوە و، بۆشم گرنگ نیە چۆن بیردەكەنەوە. ئەوەی گرنگە ئەو گوتارەی گۆڕان هەڵیگرتبوو (دیموكراسی و مافی دەنگ دەر و، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات.) لە ئێستادا ئەو گوتارە لەبەردەمیدایە بەرامبەر بە حیزبێكی هاوپەیمانی. ناشكرێت گۆڕان وەك هێزێكی جەماوەری، بكەوێتە ژێر هەیمەنەی ئەو پاڕانەوە و، هاواكاریكردنەی، كۆمەڵێك بكەری حیزبی دەیكەن بۆ ئەوەی كەسی خاوەن ماف، بگۆرێت بۆ كەسی بێ‌ ماف. ئەوەی مافی هەیە لەم ئاڵوگۆڕەدا ئەو بكەرەیە دەنگدەران دەنگیان پێداوە. (ئەوە جیاوازە بۆچوونی تاكەكەسی لەسەر بكەرەكە چییە) ئەوەی گرنگە، یا ناكرێت باس لە دیموكراسییەت بكرێت، یا كە قسە لەسەر دیموكراسییەتكرا پێویستە لە شوێنی خۆیدا ئەو دیموكراسییەتە تەحقیق بكرێت.

یا ناكرێت جارێكی دیكە دەنگدان بكرێت، یا كە دەنگدانكراوە و بریارە رێزی دەنگدەر بگیرێت، دەبێت رێزێك بگەرێنرێتەوە بۆ ئەو دەنگدەرە. خۆشبوون لە مافی دەنگدەر، رێزگرتنی ستەمێكە لە ژێر ناونیشانێكی بێمانادا. مەبەستەكەی من روونە. دەمەوێت بڵێم: نە دەنگدەرانی گۆڕان حەقە لە مافی دەنگدانی خۆیان دەست هەڵگرن، نە ئەو دەستەیەی (بەقەولی خۆیان نەخشەی سیاسەتی گۆڕان دادەنێت) مافی ئەوەیان هەیە، مامەڵە بە دەنگدەرانەوە بكەن، لەبەر خاتری رێككەوتنێكی هیچ دیارنەبوو. 

لە قۆناغێكدا لەبەر دۆخی گشتی گۆڕان لە زۆر مافی خۆی خۆشبوو. ئەم قۆناغە ئیدی قۆناغێكی هێندە مەترسیدار نیە، دەست لە مافی دەنگدەران هەڵگرێت و، گاڵتە بە دەنگدەر و دیموكراسییەت بكرێت. ئاڵوگۆڕی پۆستێكی پارێزگایەك، پێویستی بەو یارییە بێمانایانە نیە لە پشتەوە كۆمەڵێك كارەكتەری جەهەنەمی دەیكەن. بریارێكە لەسەر بروا بوون بە دیموكراسیەت. ئەم دوو هێزەی ئێستا لە رێككەوتندان، گەر بروایان بە دیموكراسییەت هەیە بابەروونی بە دەنگدەران بڵێن. گەر برواشیان پێی نیە با بەروونی پێی بڵێن. ئەگەر لەم قۆناغەدا كە دیموكراسیەت و مافی دەنگدەر لەلایەن دەستەیەك لە بكەری حیزبی بەرژەوەندیی خوازەوە یاری پێدەكرێت، لەم ئاڵوگۆڕی پارێزگایەشدا یاری پێبكرێت، بێگومان هەموو دەنگدەران مافی خۆیانە، قسەی دیكەیان هەبێت.

هیچ كەس لەوانەی (بەقەولی خۆیان نەخشەی سیاسی گۆڕان بەرێوە دەبەن) مافی ئەوەیان نیە، لەبری دەنگدان و لەبری هەڵبژاردن بریار بدەن. خەڵك بۆیە دەنگیداوە ئاڵوگۆڕ دروست بێت. ئەگەر گۆڕان لەم چركەساتەدا دەیەوێت لەبەر رێككەوتنە حیزبییە دیارنەبووەكە، لە مافی دەنگدەرانی خۆی خۆشبێت، باچاوەروانیش بكات دوای ئەو لێخۆشبوونە، دەنگدەران قسەی خۆیان دەبێت. 



PM:01:55:07/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 4024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی