چیرۆكەكە كۆتایی نەهاتووە

‌نەبەز گۆران


تەماشای رۆژئاوا دەكەین، ئەوەی چاوەڕواندەكرا رووبدات ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. ئەو شەوەی سەرۆكی ئەمریكا باسی پاشەكشێی هێزەكانی كرد و لەگەڵ توركەكان رێككەوت بچنە ناو خاكی رۆژئاواوە، راستەوخۆ بۆ بەیانییەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی:"ئێمە ئامادەین نێواندگیری هێزە كوردییەكان و دەوڵەتی سوریا بكەین." دوو شەو پاش ئەوە، سەركردە (مەزڵووم كۆبانێ‌) هەمان پەیامی گەیاندە ئەمریكا و بەروونی پێیوتن:" گەرناتوانن میللەتەكەم بپارێزن، چۆڵیكەن با هێزی تربهێنم بۆ پاراستنی." سەركردەكە لە پێناو میللەتەكەیدا ئەوەی كرد كە وتی.

هێزەكانی رۆژئاوا بۆ جاری دووهەمیانە جوامێرانە و بەرگریكارانە رووبەرووی شەڕی هێزی فاشیزم ببنەوە، بەبێ‌ ئەوەی ئەو فاشیزمەی رووبەرووی دەبنەوە بیانكات بە فاشیزم. لە پێشتردا هێزە دینییە توندوتیژەكەی _داعش_یان تێك شكاند. ئەمجارەش بە هەمان شێوە لە شەڕێكی نا بەرامبەردا رووبەرووی گەورەترین هێزی ناتۆ بوونەوە و توانیان بەری پێبگرن و كاتی پێبكوژن تا جوڵەی دیكە بكەن.
شەڕەكەی ئەمجارە مەترسیدارتربوو، چونكە لەگەڵ سوپایەكی گەورەی پڕچەكدا رووبەروو بووبوونەوە، كە ئەو سوپایە روبكاتە هەرشوێنێك بە ئاسانی داگیری دەكات، ئەمریكاش وەك مشەخۆرێك لەو نێوانەدا دەیەویست لەرێگەی میدیاوە سەرقاڵی فریودانبێت و جینۆسایدێكی نوێ‌ رووبدات و، پاشان وەك پاڵەوانێكی هۆڵیۆدی خۆی بكات بە مرۆڤ دۆست و خۆی بخزێنێتەوە ناو كارەساتەكانەوە بۆ جوانكردی سیما دزێوەكەی خۆی.

هێزە كوردییەكانی رۆژئاوا بەباشی لەم یارییە تێگەیشتن، ئەوان وەك سەركردە (مەزڵووم كۆبانێ‌) دەڵێت:"دەبوو لەنێوان جینۆساید و سازشكردندا یەكیان هەڵبژێرین، ئێمە میللەتەكەی خۆمان هەڵبژارد." ئەم رێككەوتنە لەم قۆناغەدا ژیرانەبوو. جوڵەیەكی پێچەوانەی باشبوو، لە جوڵەی جوتیارێك دەچێت، كاتێك دەبینێت ئەو داهۆڵەی كەڵكی نەماوەو ناتوانێت دانەوێڵەكەی لە باڵندەكان بپارێزی، دەیگۆڕێت بە داهۆڵێكی دیكە تا دانەوێڵەكەی بپارێزێت.

پرۆژەكەی توركیا گەر شكستی یەكجارەكیشی نەهێنابێت، لانیكەم وەستێنرا. ئیدی ئەو هێزە فاشیستە لەچكبەسەرە ناتوانێت خەونی كۆتایی هێنانی رۆژئاوا ببینێت، ناشتوانێت ئەو غرورە بیگرێت بەرلەوەی رۆژئاوا كۆنترۆڵبكات، راستەوخۆ دەستبكات بە هەڕەشە لە باشووری كوردستان. بێگومان دەیەویست لە قۆناغی دوای رۆژئاوا كێشەی (كەركوك و كەمپی مەخمور و قەندیل) بكاتە كێشەیەكی دیكەو روو لەباشووریش بكات. بەڵام بەم رێككەوتنە ئێستا لە دۆخێكی دیكەدایە. ئیدی لەوە تێدەگات شەڕكردن لەگەڵ سوپای سوریادا، شەڕكردنە لەگەڵ روسیا و ئێران.

كاتی خۆی كە خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی دەستیانپێكرد، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆیشتە لای(بەشارئەسەد) لەو دیدارەدا بەڵێنی پێدا هاوكاری بێت و نەهێڵێت بكەوێت، ئێران بەڵێنەكەی خۆی بردە سەر. تا ئێستا نزیكەی _16_ ملیارد دۆلاری خەرجكردوە بۆ هاوپەیمانەكەی، ئەمە جگە لە كۆمەڵێك چەك و تەقەمەنی و ناردنی سوپا و موشەك. هەرچۆنێك بێت نەیهێشت هاوپەمانەكەی بكەوێت، لەم دوایەدا لە خۆپیشاندانەكانی سەوزەكانی ئێراندا دروشمی،" یارمەتی سوریا مەدەن، یارمەتی میللەتەكەی خۆتان بدەن." بەرزكرابووییەوە.
ئەوكات سەرۆكی سوپا لە وەڵامی ئەو دروشمەدا وتی:" ئێمە ئەگەر لە سوریا شەڕ نەكەین، شەڕەكە دێت بۆ كرماشان و دەبێت لێرە بەرگری بكەین." ستراتیژەكەیان رونبوو لە دەرەوە شەڕدەكەن تا شەڕ نەیەتە ناو ماڵەكەیان.

بێگومان توركیا ئیدی دەترسێت لەم شەڕە، ئەمە شەڕێك نییە تەنها لەگەڵ هێزە كوردییەكان، شەڕێكە لەگەڵ سێ‌ دەوڵەتی گەورە و هێزێكی بەرگریكاری ئازای كورددا. ئەشێت لێرە لە هەرێم كۆمەڵێك (دیدی من) دروستبێت، ئەم (دیدی من)ە تەنها بەو جۆرە وێنای دیمەنەكە دەكات بە ویستی خۆی بێت، گەر بەویستی خۆی نەبوو بە جۆرێك لە تێكشكان یان تەسلیمبوون یان كۆتایی هاتن لێكدانەوەی هەڵەی بۆدەكات.

رێككەوتنەكە بەرگریكردن بوو لە رزگاركردنی میللەتێك نەخشەی جینۆسایدی بۆ كێشرابوو. توركیا پڕۆژەی هەبوو ئەوەی دەیكوژێت بیكوژێت، ئەوەشی دەمێنێتەوە لەشوێنی خۆی دەریبكات و عەرەبی هاوردە بخاتە شوێنی و كۆتایی بەو نەخشەیە بێنێت كوردی تێدا نیشتەجێیە. لێرە هەندێك پێان وایە: كۆتایی هێنانە بە كیانی كوردی لە رۆژئاوا، بەڵام ئەمە كۆتایی هێنان نییە بەو كیانە، ئەو رێككەوتنەی كراوە، یەكەم/ رزگاركردنی كوردە لەو شەڕە نابەرامبەرە كە چاوەڕێی سڕینەوەی لێدەكرا و چاوەڕێدەكرا گەر نەكوژرێت دەربكرێت، دووهەم/ لە رێككەوتنەكەدا هاتووە، هێزە كوردییەكان كرانە فەیلەقێك بۆ پاراستنی ناوچەكەی خۆیان. سێهەم/ گفتوگۆی نێوان ناوەند و كوردەكان دەست پێدەكات و لە پاش شەڕەكەش ئەم گفتوگۆیە ئامانجی خۆی دەبێت. هەرچۆن ئێمە دوای سی ساڵ جارێكی دیكە بەبێ‌ ئەوەی هیچ شەڕێك بووبێت، بەبێ‌ ئەوەی مەترسی جینۆسایدمان لەسەربێت بەهۆی هەڵەیەكەوە گەڕاینەوە ناوەند و ئێستا رۆژانە وەك زەڕنەقوتە دەممانكردوەتەوە تا ناوەند موچەمان بۆ بنێرێت، ئەوانیش وەك كیانێك مافی خۆیانە رێككەوتن بكەن و گفتوگۆش بكەن و ئەنجامێك بەدەست بهێنن بۆ میللەتەكەیان. گەرواقیعت دەوێت جیهان و سیستەمی سەرمایەداری پڕۆژەی نییە نەخشەی رۆژهەڵات بۆ كورد دەسكاری بكات و هەڵیوەشێنێتەوە، كەواتە لەگەڵ ناوەندا گفتوگۆبكە بۆ بەهێزكردنی خۆت لەرووە ئابووریی و سیاسیی و سەربازییەكەوە.

بیریشمان نەچێت پێشوتریش هیچ شەڕێك لەنێوان هێزە كوردییەكان و سوپاكەی سوریا رووینەدابوو. شەڕی هێزە دینیە توندڕەوەكان دۆخێكیان بۆ سوریا دروستكرد، ئێستا بەشێكی زۆری خەڵك خۆشحاڵن بە گەڕانەوەی سوپاكەی سەردەمی پێشوو. هێشتا لەچاو هێزە دینیەكان ئەوان بەباشتر دەبینرێن! ئەمە یانی خراپ لە خراپتر باشترە.

چیرۆكەكە بەمە كۆتایی نەهاتووە، لەوانەیە گەورەتربێت و شەڕەكە گەشە بكات، ئەگەر توركیا زیاتر سەركێشی بكات و زیاتر سووربێت لەسەر پرۆژەكەی خۆی، بێگومان شەڕەكە لەوە گەورەتردەبێت تەنها پەیوەندی بە كوردی رۆژئاواوە بێت. شەڕ لەگەڵ ئێران و روسیا، بۆ توركیا زەحمەتە، ئەو سوپایەش هاتووە هاوپەیمانی ئەو دوو دەوڵەتەیە، لانیكەم ئێرانییەكان ناوەستن لە پاڵپشتی كردنی هاوپەیمانی خۆیان، سروشتی سیاسەتی سەردەمی ئاخوندی ئێرانی، سروشتێكی نەریتییە، یان نابێتە هاوپەیمان، یان كەبوو تا بەكوشدانی خۆی لەگەڵی دەچێت، جیاوازە لە سروشتی ئەمریكا و ئەم سیاسەتە پۆپۆلیستییەی ئێستا.

وا خەریكە ناوچەكە وردە وردە دەبێتە ناوچەی روسیا و هاوپەیمانەكانی، بە پاشەكشێكانی ئەمریكا هێزی دیكە دێتە شوێنی. بۆ كوردانی رۆژئاوا چەند كارێكی ژیرانەبوو ئەم رێككەوتنەیانكرد، هێندەش كارێكی ژیرانەیە لە قۆناغی دوای رێككەوتنەكەوە بتوانن بەباشی مامەڵە لەگەڵ گەورەكردنی ئەم كەیسە بكەن. هێشتا روون نییە (عەفرین) چیبەسەردێت، بەڵام لەبەر ئەوەی سوریا وڵاتێكە چوارچێوەی یاسایی خۆی هەیە، هێزی گەورە پشتیوانین، بێگومان داگیركاری بێگانە قبوڵ ناكات و بیرلە پاككردنەوەی ئەوێش دەكاتەوە.

كوردەكانی رۆژئاوا ماندوون، شەڕ لەدوای شەڕ رووبەروویان دەبێتەوە. سەركردایەتیەكەیان هەم ئازان، هەم راستگۆ، هەم پاكن. سەركردایەتییەكیان هەیە لەیەك ساتدا جنگاوەرە و سیاسیشە. ئەوەی بەلایانەوە گرنگە میللەتەكەیانە، شەڕ و ئاشتی، رێككەوتن و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتن لە پێناو میللەتەكەیان دەكەن. لە شەڕی پێشودا كوردیان خستە ناو چیرۆكە جیهانییەكانەوە، لەم شەڕەیاندا لەگەڵ توركیا هێندەی دیكە چیرۆكی كوردیان گەورەكرد، لەدونیادا كورد بووەتە باسێكی گرنگ، لەم شەڕەدا لەگەڵ هاوپەیمانە نوێیەكانیان سەربكەون بەسەر توركەكاندا، دەچنە قۆناغێكی دیكەوە. سوپای سوریا و سەركردایەتییەكەشی كە _بەعسی عەلەوی_ییە. نایانەوێت شەڕ لەگەڵ كوردەكانی رۆژئاوا بكەن، بێگومان ئێرانییەكان و روسەكانیش نایانەوێت ئەوە رووبدات، بۆیە لە هەموو حاڵەتێكدا بە گۆڕینی چیرۆكەكە لە رێگەی رێككەوتنێكەوە چاوەڕواندەكرێت كوردەكانی رۆژئاوا باشتر پایەی خۆیان بەهێز بكەن و دەبێت سوپاسی ئەو سەركردایەتییە جوامێر و پاكەیان بكەین، سوپاسی شەڕفانەكانیان بكەین، كە لەپێناو میللەتەكەیان هەموو شتێكیان كردووە.


PM:04:44:14/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 4348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی