پێویستە گۆڕان و كۆمەڵ بچنەوە پەرلەمان!

‌نەبەز گۆران


(هەرهێزێك بەتەمای شۆرشە پێمانبڵێت شۆرشەكەی كەی دەستپێدەكات؟! گەر شۆرش ناكەن و خەباتی مەدەنی دەكەن، شوێنی خەباتی مەدەنی یان شەقامە، یان پەرلەمان.)

ئێستا دوو رێگا لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیدایە، رێگای یەكەم: نەچوونەوە ناو پەرلەمان و كشانەوە لە حوكومەت، رێگای دووهەم چوونەوە ناو پەرلەمان تا هەڵبژرادن. لە رێگای یەكەمدا هەڵوێستێكی كاتی تۆماردەكەن و جگە لەسەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان و حوكومەتیش دەكەونە ژێر پرسیارەوە و هەرسێ‌ دامەزراوەكە دەبنە دامەزراوەی كودەتا بەسەركراو. لەم حاڵەتەدا هەرێم دەكەوێتە بەردەم دۆخێكی نائاسایی، ئەمەیان لەروی جەماوەرییەوە دەبێتە هەڵوێستێكی كاتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی. بەڵام لە دیوە سیاسییەكەدا مەرج نییە ئەم هەڵوێستە كاتییە بەردەوام قورسایی خۆی بمێنێت.

رێگای دووهەم گەڕانەوەیە بۆناو پەرلەمان. بەر لە هەمووشتێك ئەو دەستەی سەرۆكایەتییە، كە بەدەست ئەو دوو هێزەوەیە، دەتوانێت لەم كۆتایی تەمەنەی پەرلەماندا بە پێی توانا ئەركی خۆی جێبەجێبكات. (هەرچەندە بۆچوونێك هەیە دەڵێت: پارتی و یەكێتیی و یەكگرتوو زۆرینەن و هەموو یاساكان بە دڵی ئەوان تێدەپەڕێت.) ئەو پرۆژە حەوت خاڵییەی یەكێتیی نیشتیمانی كە ئیحای پرۆژەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە و دەسكاری زمانەوانی كراوە، دەكرێت ئەم پرۆژەیە لەیەكەم دانیشتنی پەرلەماندا تەسدیق بكرێت بۆ جێبەجێكردن. (پێدەچێت گۆڕان و كۆمەڵك هەست بە ئیحراجی بكەن بگەڕێنەوە، چونكە كێشەیان لەگەڵ ئەو عەقڵەی پارتییە، كە نمونەكەی لەبازگەی پردێ‌ خۆی دەردەخات.)

ناكرێت سەركردایەتی ئەم دوو هێزە لەبریاردان و سیاسەتی پێچەوانە بترسن. دەشبێت چاوەرێی رەخنەبكەن لێیاندەگیرێت، وەلێ‌ ئەوەیان بیرنەچێت، ئەوە ئەوانبوون پاشەكشەیان بەپارتیكرد مەمنونبێت پەرلەمان ئاسایی بكرێتەوە، لەكاتێكدا دووساڵ هاواریكرد،كە هەرگیز ئەو دەستەیە نابێت بگەرێنەوە پەرلەمان! هەر ئەوانیشبوون پاشەكشێیان بەپارتیكرد دەست لە ریفراندۆمی حیزبی هەڵبگرێت و داوابكات ریفراندۆمەكە بچێتە ناو پەرلەمان و ببێت بەیاسا كە پێشوتر ئەمەی بە ئیحراجی دەزانی و رازینەبوو لەسەری. هەر ئەوانبوون پاشەكشێیان بەپارتی و یەكێتیی كرد رازیبن لەسەر پاشەكەوتی موچە بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە. هەرئەوانبوون وایانكرد ئێستا یەكێتیی بە پرۆژە داوای هەموواركردنی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم بكات، كە بناغەی هەموو كێشەكانە. ئەمانە هەموو پاشەكشێبوون لای پارتی و یەكێتیی و ئاسایبوو لەلایان، چونكە سیاسەت دەكەن. كەوایە سیاسەت هەمووجارێك چوونەپێشەوە نییە و هەندێكجار پاشەكشێیە.

گەر گۆڕان و كۆمەڵ لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانبن، لانیكەم دەتوانن رێگریبكەن لە دواخستنی هەڵبژاردن. دەتوانن وابكەن ریفراندۆم بببێتە یاسا و ببێتە پرۆژەیەكی نیشتیمانی و، هەر پەرلەمان خۆشی كاری پێبكات بەبێ‌ ئەوەی بیگەرێنێتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، چونكە ئەو سەرۆكایەتییە نایاساییە. دەشتوانن تەواوی ئەو رەخنە و سەرنجانەی هەیانە لەوێ‌ لەناو هۆڵی پەرلەماندا بەشێوەی سیاسیی دەریخەن. دەشتوانن یەكێتیی و پارتی ئیحراج بكەن بە پرۆژە حەوت خاڵییەكەی یەكێتیی و ناچاریانبكەن ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت و، موچەی فەرمانبەران بچێتە دۆخێكی جیاوازەوە.


AM:11:06:13/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 4986 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی