ئیدی بۆ گومان نه‌كه‌ین
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستانی نوێ له 2009 ، ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێم وتی، ئێمه له 2010 هه‌نارده‌ی نه‌وت ده‌گه‌یه‌نینه 450 هه‌زار به‌رمیل و له دوای چوار ساڵ ده‌یگه‌یه‌نینه یه‌ك ملیۆن به‌رمیل! هه‌روه‌ك چۆن جه‌نگیز چاندار رۆژنامه‌نووسی تورك له گه‌شته مێژووییه‌كه‌ی خۆیدا به‌ناوی (شه‌مه‌ندۆفێری میزۆپۆتامیا) ده‌ڵێت له 2007 له ئه‌ستانبۆل له‌كۆنفرانسێكی ئابوورییدا كه له‌لایه‌ن ناوه‌ندێكی بیركردنه‌وه‌و توێژینه‌وه به‌ناوی ئه‌تلانتیك كۆنسیل رێكخرابوو، به ئاشتی هه‌ورامیم وت، بۆ وتارێكم له كۆنفرانسه‌كه له پارچه كاغه‌زێك رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان‌م بۆ بنوسه، به‌كورتی وتی له 2013 ده‌یگه‌یه‌نینه یه‌ك ملیۆن به‌رمیل له رۆژێكدا.
ئه‌م ژمارانه‌ی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان خه‌ونی گه‌وره‌ی له سه‌ر بنیاتنرا، نه‌ك خه‌ون به‌ڵكو موزایه‌ده‌ی گه‌وره‌ی پێكرا، له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2013 دا له ریكلامێكی گرانبه‌ها له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی پێ تهریقدهكرایهوه، یه‌كێك ده‌یوت ده‌یكه‌ین به پیتاك و سه‌ره‌مانگ به‌ركه‌وته‌ی فرۆشی نه‌وت ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌ژماری بانكی هاووڵاتیان، یه‌كێكی دیكه وه‌ك شاباش به ناوی موچه‌ی بێكاران ده‌یبه‌خشییه‌وه!
هه‌ر ئه‌م ژمارانه وایكرد سیاسه‌تێكی بێ پشت و په‌ناو نادیار به‌رامبه‌ر به‌غدا بگیرێته‌به‌ر، له لایه‌ك به‌غدا ته‌وه‌لا بكریت و له لایه‌كی دیكه‌وە نه‌وت ته‌سلیم به قه‌ده‌رێكی نادیار‌و ناشه‌فاف و ناڕۆشن بكرێت، سه‌ره‌نجام ئه‌م ژمارانه‌و ئه‌و سیاسه‌ته ئایندهی ئه‌م وڵاته ته‌مومژاویی كرد‌و به‌دوعای خێریش نه‌گه‌ڕایه‌وه.
ئێستاش دوای تێپه‌ڕبونی نزیكه‌ی حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌دا، له یه‌كێك له كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌ت تایبه‌ت به قسه‌كردن له سه‌ر قه‌یرانی دارایی و پاشه‌كه‌وتكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وتبوی، ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت بگاته 26 دۆلاریش ده‌توانین مانگانه 500 ملیار دینار بخه‌ینه سه‌ر حسابی وه‌زاره‌تی دارایی و هه‌ر 30 رۆژ جارێك مووچه دابه‌شبكه‌ین! كه‌چی ئێستا سه‌رباری به‌رزی نرخی نه‌وت چاره‌كه موچه‌كه‌ش ناده‌ن.
ئه‌و ژماره به‌رزانه‌ی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان گومانه‌كانی زۆر زیاتر كردووه! ناكرێت له چه‌ندین لێدوانی رۆژنامه‌وانییدا بوترێت نه‌وت ده‌گه‌یه‌نینه یه‌ك ملیۆن به‌رمیل كه‌چی ئێستا به‌و 100 هه‌زاره‌ی كه‌ركوكیشه‌وه كه (هێزی بۆ ره‌وانه ده‌كرا له رۆژانی رابردوو) ده‌ڵێن نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێت!
خۆ ئه‌گه‌ر باسی لێدوانی په‌رله‌مانتارانی په‌یوه‌ندیدار به عه‌دادی فرۆشتنی نه‌وت بكه‌ین ئه‌وا گومانه‌كان زۆر زیاتر ده‌بێت، كه‌وایه كێ ده‌ڵێت ئێستا رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له ملیۆنێك تێپه‌ڕی نه‌كردووه؟ كه‌س هه‌یه ره‌تیبكاته‌وه؟ خۆ جگه له چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو كه‌سی دیكه له عه‌ده‌د و عه‌دادی نه‌وت ئاگادار نییه؟! كه‌وایه بۆ گومان نه‌كه‌ین؟ ئه‌ی یه‌ك رۆژ دوای بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی نامه‌كه‌ی هەڤاڵ هێرۆ خان بۆ عه‌بادی هه‌واڵێك له میدیاكانی پارتی بڵاوبویه‌وه كه هه‌رێم رێژه‌ی هه‌نارده‌ی له 450 هه‌زار به‌رمیل بۆ 650 هه‌زار به‌رمیل به‌رزكردۆته‌وه؟ كه‌وایه بۆ
گومان نه‌كه‌ین؟!
PM:07:52:18/09/2016
ئه‌م بابه‌ته 4375
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی