كێ‌ نەمرە

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌



سەرتیپ جەوهەر
ئەحمەد كایا هونەرمەندو گۆرانیبێژی بەناوبانگی كورد لەهەموو تەمەنی گۆرانی بەكوردی نەوتبوو، ساڵێك بەر لەكۆچی دواییەكەی لە شوباتی 1999 لەسەر شانۆ كوردبوونی خۆی دوپاتكردەوە، لەسەر شانۆ هێنایانە خوارێ‌ و دوای ئازارو هەڕەشەی زۆر ناچار رووی لەفەرەنسا كردو لەوێ دوای 11 مانگ كۆچی دواییكرد، لەگۆڕستانی مەزنان (پانتیۆن) ناشتیان، كە گۆڕی ڤۆلتێرو جان جاك رۆسۆو جان مۆلان و ڤیكتۆر هۆگۆو دەیان و سەدان نەمری فەرەنسی و غەیرە فەرەنسی لێ نێژراوە.

كایا لەهەموو ژیانی گۆرانی بەكوردی نەوتبوو، كەچی لەكۆتایی تەمەنیدا خۆی كڕیەوەو ناوی چووە ناو پیاوە هەرە مەزنەكان و لەپاڵ گەورە سیاسەتوان و شاعیرو هونەرمەندانی دونیا نێژرا. لەبەرامبەردا دەبینین شڤان پەروەر كە بەسرودەكانی (كینا ئەم، فەرمانە) دەیان لاوی كورد لەهەموو پارچەكانی كوردستان لەسیدارەدراوەو سەدانیش لەسەر ئەو سرودانەی ئەو دەستگیركراون و ئەشكەنجەدران! كەچی لەكۆتاییدا لەساڵی 2013 بەشداریی لەكەمپینی سەركەوتنی ئەردۆغان لەتوركیادا كردو لەبری سترانی كوردو كوردستان، دەستی ئەردۆغانی گرت و بەرزیكردەوە پشتیوانی لێكرد!! ئەمە وایكرد هەموو رابردووی خۆی هەڕاج بكات، سەرەنجام دوای چەند مانگێك ئەو سترانبێژە بەناوبانگەی كورد لە ئەڵمانیا لەسەر شانۆ بەشەق هێنایانە خوارەوەو گەنجانی كورد وتیان نامانەوێ‌ چیتر گوێمان لەدەنگی تۆ بێت.
بۆیە ئەو دوو نمونەیەم هێنایەوە دەمەوێت بەراوردێك لەنێوان ئەو دوو مێژووەو ژیانی بەشێك لە لێپرسراوانی كوردستان بكەم، بڵێم بەشێك لە لێپرسراوانی ئێستای حزب و لایەنە سیاسییەكان، ساڵانێكی دوورودرێژ لەشاخ بوون، بەشێكیان سیمبولی موقاوەمەت و بەرخۆدان بوون، سەدان كەس لەسەر ئەوانە خۆیاندا بەكوشت و لەو رێگەیەوە چوون، هەندێكیان سرودو سترانیان بەسەردا گوترا، هەندێكیشیان وێنەیان لەماڵ و شوێنە گشتییەكان هەڵواسرا، كەچی لەكۆتایی تەمەنیان خەریكە بارودۆخەكە پێچەوانە ببێتەوە!
دەتوانم بڵێم وێنەیەكی لەیەكچوو هەیە، بەشێك لەوانە كە سیمبولی خۆڕاگریی بوون و بە داستان و قارەمانێتی و قوربانیدانیان دەناسرانەوە، كەچی ئێستا بەپرۆژە ئابورییەكان و كۆشك و تەلاری بەرزو مۆنۆپۆلكردنی بازاڕ دەناسرێنەوە! ئەگەر جاران باسیان لەدیموكراسی و ژیانی مەدەنی و گەیشتن بەقۆناغی رزگاریی نیشتیمانیی دەكرد، ئێستا زنجیرەیەك ئۆتۆمبێل و كۆڵانگرتن و سەدان حیمایە دەناسرێنەوە!
جاران ئەوان پێشەنگی بەدەستهێنانی ماف و بەركەوتەو ئیستحقاقی نیشتیمانیی و داكۆكیكاریی خەڵك بوون، كەچی ئێستا خەڵكەو لەدژی خراپی ئیدارەدانی ئەوان دێنە شەقام و بەدروشمی ناڕەزایی و دژ لەبەرامبەر ئەوانە هاوار دەكەن!

هەموو ئەوانەی لەسەركردایەتی حزبی سیاسی بوون و لەتەمەنێكی هەڵكشاودا بەویستی خۆیان دەستبەرداری سەركردایەتی و لێپرسراوێتی بوون، دواتر بەروویەكی گەش ماونەتەوە، هەندێكیان لەلایەن میدیاكانەوە بەتەشویقەوە باسی رابردوو لەخۆبردوویان كراوە، نەخاسمە هەموو ئەوانە لەشاخ بوون و وێنەیەكی جوانیان لەلای خەڵك هەبوو، كاتێك دەستبەرداری لێپرسراوێتی بوون، توانیان ئەو وێنە جوانە بپارێزن كە لەناو خەڵك هەیانبوو.
مەرج نییە هەموو ئەوانەی بەردەوام بوون و دەستیان بەدەسەڵاتەوە گرتووە ناشرین بووبن، بەڵام زۆربەی ئەوانەی مانەوەو لچكی دەسەڵات و لێپرسراوێتیان بەرنەدا، نەیانتوانی پارێزگاریی لەوێنە جوانەكەی خۆیان بكەن. ناشرین بوونەكەیشیان لەو رۆژەوە دەستی پێكرد كە تەواو پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنانە هەڵسوكەوتیان كرد كە پێشتر لەبەردەم كادرو لایەنگرانی حزب و خەڵكەوە دوپاتیان دەكردەوە، بەڵام هێشتا دەرفەت ماوە سود لەداهاتوو وەرگرن، ئەوانە لەبەردەم دوو مێژوودان، یان وەك ئەحمەد كایا بەنەمری بمێننەوەو رابردوو داهاتووی خۆیان بكڕنەوە، یان ژیانی شڤان پەروەر هەڵبژێرن و لەسەر شانۆ بەزۆر بیانهێننە خوارەوە.


AM:10:46:16/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 2752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی