گرفت بۆ رێککەوتنەکە دروستبووە

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

ھێشتا روون نییە کابینەی نوێی حکومەت چ ئاراستەیەک دەگرێت، ئاراستەیەک بەرەو دروستکردنەوەی متمانە و ھاندانی ھەردوو حزبی سەرەکی (یەکێتی و پارتی) بۆ ھێمنی سیاسی و بەرەو پێشبردنی تێگەیشتنی پێویستی بەیەکەوە کارکردن، یان ئاراستەیەک رێگر بێت لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان یەکێتی و پارتی.

نزیکەی ٤٥ رۆژە حکومەتی نوێی ھەرێم پێکھێنراوە، رێککەوتنێکی نوسراو و کۆنکریتی لەنێوان پارتی و یەکێتی ھەیە. ئەو رێککەوتنە تەنھا بۆ دابەشکردنی جومگەکانی حوکمڕانیی و پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان نییە، بەڵکو لەبنەڕەتدا بۆ گێڕانەوەی ھاوسەنگییە لەسەربنەمای شەراکەت لە دابەشکردنی دەسەڵات و بڕیاردان، ھاوکات چارەسەرکردنی گرفتە ئاڵۆزکاوەکانی نێوان ھەردوولا.

٤٥ رۆژە تێپەڕیوە کەچی ھێشتا رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و پارتی لەجێی خۆیدا نەجوڵاوە، دێڕێک و ماددەیەکی لێ جێبەجێنەکراوە! گەر وابڕوات ئیدی بەمزوانە دەنگی لێ ھەڵدەستێ و بێدەنگییەکە دەشکێت.

بەپێی زانیارییەکان تائێستا ھیچ دەسەڵاتێک بە جێگری سەرۆکی حکومەت نەدراوە، یان تائێستا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتەکانی لەگەڵ جێگری سەرۆک دابەشنەکردووە! لەکاتێکدا ئەسڵی مشتومڕ و نەگەیشتنە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی دابەشکردنی دەسەڵات و شەراکەت بوو لەحوکمڕانیی! ئەگەر دەسەڵاتی پێویست نەدرێتە جێگری سەرۆک وەزیران کە (قوباد تاڵەبانییە) ئەوا گرفتی جددی دروست دەبێت، بەتایبەت دەسەڵاتی خەرجکردنی پارە لەچوارچێوەی پلانی حکومەت. ناکرێت قوباد تاڵەبانی بڕیاری خەرجکردنی پارەبدات بۆ چاککردنی رێگای کۆیە وەزیر یان وەزارەتی دارایی رێگریی بکات!

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن تائێستا پرسی کەرکوک دیارنییە، ئەو رێکارەی ئێستا گیراوەتەبەر بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ کاتی زۆری پێویستە، پێدەچێت ھەوڵبدرێت پرسی دانانی پارێزگارێکی نوێ ببێتە (ھەقایەتی شیردە بۆ داپیردە) لەکاتێکدا وا خەریکە ئەو ٤٥ رۆژە تەواوبێت کە بڕیاربوو لەوماوەیە پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە. بەپێی زانیارییەکان ئامادەنەبوونی چەند ئەندامێکی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کراوەتە بیانوو! لەکاتێکدا ھەموومان دەزانین پارتی حزبێکی مەرکەزیی شمولییە زۆر ئەستەمە چەند ئەندامێکی "لەخۆوە" گیربن و رێگری دروستبکەن؟!

لەوە واوەتر، تائێستا فەرمانی راسپاردنی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغدا کە بڕیارە خالید شوانی بێت، لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە دەرنەکراوە! تائێستا خالید شوانی وەک وەزیر دەستبەکارنەبووە! ئەمە لەکاتێکدا لەگەڵ راگەیاندنی کابینەی نوێ بەفەرمانێکی نوێ دووبارە نوسینگەی نوێنەرایەتی پەیوەندی ھەرێم و بەغدا کرایەوە و کەسێکی بۆ دەستنیشانکرا! ئەمەش ناکۆک و دژە لەگەڵ دانانی ئەو وەزیرەی ھەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا.

سەرباری ئەم کۆک نەبوونە، ھێشتا فەرمانی دەستبەکاربون بۆ سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم (رەوەند مەحمود) لەلایەن سەرۆک وەزیران دەرنەکراوە! 

ئەم دۆخەی ئێستای رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی دڵخۆشکەر نییە! ئەو رێککەوتنەی کراوە یەک بوخچەیە (پاکێج)ەو ناکرێت ئینتیقائی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەگەر تائێستا بێدەنگییەک لەم دۆخە ھەیە، ئەوا ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا لەرۆژانی داھاتوو بێدەنگی دەشکێت، بەتایبەت ئەو رێککەوتنەی نێوان ھەردوولا کاتێکی زۆری برد، ناکرێت بەنیوە ناچڵی بخرێتە واری جێبەجێکردن و بەشێک لە رێککەوتنەکە کاڵبکرێتەوە و تەنھا ئەو دیوە جێبەجێکرێت کە لەبەرژەوەندی لایەنێکی دیارکراودایە! بەتایبەت پرسی پێکھێنانی حکومەت کە ئومێدێکی زۆری لەسەر ھەڵچنرا بۆ باشترکردنی بازاڕ، بەوشێوەیە نەبوو! ئێستا ئەگەر رێککەوتنەکە کێموکاسی تێکەوێت ئەوا بەدڵنیاییەوە دیسان بازاڕ و بەرژەوەندی خەڵک دەشێوێنێت.


PM:03:24:19/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 1912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی